شەپۆلی لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاستی هەناردەی نەوت و داتەپینی خەزێنەی گشتیی نەماوەتەوە و راستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر بژێویی و گیرفانی تاک بە تاکی هاووڵاتییانی ئەم دەوڵەت فیدراڵییە، ئەویش بەهۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، چاپکردن و خستنەڕووی نەختینەی نوێ لە لایەن حکومەتەوە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکان، نرخی بەشێکی بەرچاوی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان دووبەرامبەر بووەتەوە. ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، رێژەی هەڵئاوسانی گشتی 3.4٪ی تێپەڕاندووە و ماددە خۆراکییەکان زیاتر لە 5.2٪ی بڕیوە.
ئەگەر ئەم رۆژانە بۆ هەر پێداویستییەک روو لە بازاڕ و مارکێتەکان بکەیت، نرخەکان هێندە بەرزن، ئەو بڕە پارەیەی چەند مانگێک پێش ئێستا پێداویستی هەفتەیەکی دابین دەکرد، ئێستا چەند رۆژێک دابین ناکات؛ بگرە دەبێت بژارده بکەیت لەنێوان بڕ و ئەو کاڵایانەی دەیکڕیت.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار و سیستمەکانی زانیاریی جوگرافیی عێراق، کە هەفتانە نیشاندەرەکانی 38 نرخی ماددەی خۆراکی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بڵاودەکاتەوە، ئاراستەی نرخەکان روو لە زیادبوونە؛ بەتایبەتیش لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2025.
بۆ نموونە، بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار لە ئاراستەی درێژخایەندا (2018–2026)، لەناو ماددە خۆراکییەکاندا بەتێکڕا لەسەرتاسەری عێراق، گۆشتی سوور بە هەردوو جۆری گۆشتی گای بێ ئێسک و گۆشتی بەرخ رووی لە زیادبوون کردووە. بە شێوەیەک گۆشتی گای بێ ئێسک بەرێژەی 108% زیادیکردووە و گۆشتی بەرخ بە رێژەی 49% زیادیکردووە، واتە لە 13,600 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 20,330 دینار.
لێرەدا بە خستنەڕووی داتاکانی گۆڕانکاریی رێژەی هەڵئاوسان بۆ کۆمەڵەی بەرهەمە جیاوازەکان و ئاراستەی نرخی بەرهەمە ماددە سەرەکییەکانی رۆژانە، هەڵوەستەیەک لەسەر هۆکارەکانی گرانی و رێژەی هەڵئاوسان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین.
بەرزترین و نزمترین نرخی مانگانە لەنێوان پارێزگاکان لە ساڵی 2026دا
بەپێی ئیندێکسی 2018–2022، نرخی هەفتانەی ماددە سەرەکییەکانی دەستەی ئاماری عێراق دەریدەخات کە تێکڕای نرخی هەموو کاڵاکان لەو ماوەیەدا لە پارێزگای هەولێر گرانترین و لە نەینەوا هەرزانترین بووە. بەڵام لە نیوەی یەکەمی 2026دا گۆڕانکاریی گەورە بەسەر گرانترین و هەرزانترین پارێزگاکاندا بۆ ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان دێت؛ بە شێوەیەک نەینەوا دەبێتە گرانترین و قادسیە دەبێتە هەرزانترین پارێزگا.
لەراستیدا، هۆکارەکانی وەک تێچووی خزمەتگوزاری و حەقدەستی کار، ژمارەی دانیشتووان و سنووری جوگرافی، جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری، بەهای زەوی و خانوو، هەبوونی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ئاسایش، و هاوردەکردنی کاڵا و هەناردەکردنی بەرهەم، کاریگەریی گەورەیان لەسەر نرخەکان دەبێت، ئەو جیاوازییەشی لەرووی نرخی کاڵایەک لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە دەهینێتە ئاراوە.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، بۆ نموونە گرانترین نرخی کیلۆیەک تەماتە لە کەرکووک و لە نیسانی 2026دا بووە بە 2,125 دینار، و بەسرە هەرزانترین تەماتەی لە شوباتدا تۆمارکردووە کە کیلۆی بە 500 دینار بووە. دەشکرێت ئەم نرخە بۆ رۆژێک و لە ناوچەیەکی دیکە زۆر زیاتر بووبێت یان بەپێچەوانەوە، بەڵام لێرەدا تێکڕای نرخی هەفتانە و مانگانە وەرگیراوە.
راستییەکی دیکەش ئەوەیە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نرخی کاڵایەکدا لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەردەکەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لەو هۆکارانەی سەرەوە. بۆ نموونە داتاکانی دەستەی ئامار نیشانی دەدەن جیاوازیی نزیکەی 5,500 دینار بۆ کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا هەیە. بە شێوەیەک بەرزترین نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخی تازە بە 23,375 دینار لە بەسرە بووە، لە بەرامبەردا هەرزانترین نرخی لە میسان بووە لە کانوونی دووەمی 2026دا کە کیلۆی بە 17,000 دینار بووە. ئەگەر تەماشا بکەین، کۆی دانیشتووانی بەسرە 3.66 ملیۆن کەسە، بەڵام میسان 1.2 ملیۆن کەسە (واتە یەک لەسەر سێی بەسرەیە). چڕیی دانیشتووان یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە. هەروەها رێژەی بێکاری لە بەسرە 20.4% و لە میسان 25.3%ـە، و هێزی کار لە بەسرە 40.3% و لە میسان 31.4%ـە، ئەمەش وادەکات نرخەکان لە بەسرە بەرزتربن تاوەکو میسان و ئەو جیاوازییەی بۆ کیلۆیەک گوشت هاتووە لە کاڵا و ماددە خۆراکییەکان و خزمەتگوزارییەکانیش رەنگبداتەوە.

رێژەی پێوانەییی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) لە عێراق
ئاراستەی گشتیی هەڵئاوسان لە عێراق بەپێی بانکی ناوەندی (CBI) دەریدەخات کە روو لە زیادبوونە. ژمارەی پێوانەییی گشتی لە نیسانی 2026دا گەیشتە بەرزترین ئاست بە 112.5 (+1.7% مانگانە)، کە زیاتر بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و نیشتەجێبوونەوە بوو. لە ئایاری 2026دا، ژمارەی پێوانەیی پاشەکشەی بە رێژەی -1.2% بەخۆیەوە بینی، کە ژمارەی پێوانەییی گشتیی هێنایەوە بۆ 111.2، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو کۆتایی ئایار رێژەی هەڵئاوسانی گشتی 3.4% بووە.
ئەگەر تەماشایەکی رێژەکانی گۆڕانکاری لە هەڵئاوساندا بکەین، بەڕوونی کاریگەرییەکانی جەنگ دەردەکەوێت لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی روویان داوە. عێراق وڵاتێکی هاوردەکارە ساڵانە بە بەهای 60 بۆ 80 ملیار دۆلار کاڵاو خزمەتگوزاری هاوردە دەکات و بەندەری بەسرە لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە تەنیا دەرچەی هەناردەکردنی نەوت نەبوو، بەڵکو دەرچەیەکی گەورەی هاوردەکردنی کاڵاکانیشی بوو، بەتایبەتیش لەدوای ناساندنی سیستمی ئەسیکۆدا و گۆڕانکاری لە سیاسەتی گومرگی لە سەر سنوورەکان و زیادکردنی وەرگرتنی باج.
بۆ نموونە، بەهۆی جەنگ و دۆخی تەنگەی هورمز، زنجیرەی دابینکردن پچڕانی تێکەوتووە؛ ئەو گواستنەوەی کاڵایانەی بۆ عێراق پێشتر دەهاتنە بەندەری بەسرە، ئێستا دەچنە تورکیا و دواتر بە رێگەی وشکانی دێن بۆ عێراق کە ئەمەش بارگرانی دەخاتە سەر بازرگانان، تێچووی سەرەتایی کاڵاکان زیاتر دەکات.. هەربۆیەش لە خۆراک و خواردمەنییە ناكحولییەکاندا (وەک قورسترین کەرتی ناو سەلەی بەکاربەر)، بەرزبوونەوەی بەرچاو لە نرخەکاندا لە مانگی ئادار (+3.5%) و نیسان (+3.3%) روویدا و گەیشتە بەرزترین ئاست لە 116.0. لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە و رێگەدان بە هاتووچۆی سنوورداری کەشتییەکان، داتاکان دەریدەخەن کە لە مانگی ئایاردا بە رێژەی -3.1% دابەزیوە بۆ 112.4.
هەروەها، عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە سەروو یەک ملیار دۆلار تووتن و بەرهەمە جیاوازەکانی هاوردە دەکەن. ئەمەش وایکردووە کە کاڵا هاوردەکراوەکان زۆر گران بن؛ وەک لە ئیندێکسی بانکی ناوەندیشدا دیارە، بەرزترین رێژەی هەڵکشان لە یەک مانگدا لەنێو هەموو بەرهەمەکاندا بەر تووتن کەوتووە، کە لە ئاداری 2026دا بە رێژەی +5.8% هەڵکشا (ژمارەی پێوانەیی گەیشتە 114.3).
لە کاتێکدا بەرهەمەکانی تووتن و ماددە خۆراکییەکان بەهۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و تێچووی هاوردەکردنیانەوە زۆر گران بوون، ئەو کارگانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن زۆربەیان بۆ ماددەی خاو پشت بە دەرەوە دەبەستن، کاتێک ماددەی خاویان بە گرانی دەست دەکەوێت و ناچار دەبن بەرهەمەکانیان بە گرانی بفرۆشن.
بەدیوەکەی دیکەدا، ئەگەر تەماشایەکی خشتەکە بکەین، دەبینین گۆڕانکارییەکی زۆر کەم یان سفر بووە بۆ ئەو کەرتانەی پەیوەندییەکی زۆریان بە هاوردەکردنی کاڵا، جووڵەی بازرگانی و ماددەی خاوەوە نییە؛ وەک پەروەردە و پەیوەندییەکان کە جێگیرترین کەرتەکانن. بەپێی بانکی ناوەندی، پەروەردە و فێرکردن لە کانوونی دووەم تا ئایاری 2026 بە تەواوی لە 106.3دا جێگیر بوو (0.0% گۆڕانی مانگانە). هەروەها پەیوەندییەکانیش کەمترین گۆڕانکاریی بەسەردا هات و لەنێوان 98.4 بۆ 98.7دا مایەوە.

ئاراستەی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، زۆربەی ماددە خۆراکییەکان (جگە لە خەیار و ماسیی کارپ)، ئاراستەی نرخەکانیان رووی لە بەرزبوونەوە بووە؛ بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی لەکاتی بەرهەمهێنان پێویستیان بە وزە، ماددەی خاو و هاوردەکردنی کاڵا هەیە. بۆ نموونە، کیلۆیەک تەماتە بە تێکڕا لە چارەکی دووەمی 2026دا بە بەراورد بە چارەکی یەکەمی 2026، نرخەکەی لە 792 دینارەوە گەیشتووەتە 883 دینار (زیادبوون بە رێژەی 11.35%).
هەروەها بۆ مریشکی زیندوو: نرخی کیلۆیەک لە چارەکی دووەمی 2026دا بە بەراورد بە چارەکی یەکەم، لە 2,625 دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 2,896 دینار (واتە زیادبوون بە رێژەی 10%). ئەمەش پەیوەندیی بە گرانبوونی ئەو ماددانەوە هەیە کە لە دەواجندا بۆ گەورەکردنی مریشک بەکاردێن، وەک عەلەف، نەوت و گاز، بەڵام گرانی نرخی گۆشتی بەرخ و گۆشتی گای بێ ئێسک، هۆکارەکەی کەمبوونەوەی هاوردەکردنی ئاژەڵی بچووک و گەورەیە لە وڵاتانی دراوسێوە.
لە بەرامبەردا، لە چارەکی دووەمی 2026دا بە بەراورد بە چارەکی یەکەم، نرخی کیلۆیەک خەیار لە 1,070 دینارەوە دابەزیوە بۆ 1,047 دینار. نرخی کیلۆیەک ماسیی کارپ لە 6,236 دینارەوە دابەزیوە بۆ 6,125 دینار. دابەزینی نرخی ئەم دوو بەرهەمە سەرەکییە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خستەڕوو، چونکە ئێستا ژمارەی خانەی پلاستیکی گەیشتووەتە سەرووی 30 هەزار خانە و ژمارەی حەوزی ماسی یاسایی و نایاسایی زۆر زیادیکردووە لە هەرێمی کوردستان؛ بەجۆرێک لە ماوەی یەک دەیەدا (2014 بۆ 2024) نزیکەی 80 پروژەی حەوزی ماسی زیادیکردووە و لە 340 پروژەوە گەیشتووەتە 420 پروژە، سەرباری بەردەوامی زیادبوونی حەوزی ماسیی بێ موڵەت.

کۆتایی
هۆکارەکانی وەکو پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، تێچووی بەرهەمهێنان، بەردەوامیی خواست و کەمبوونەوەی دابینکردن، لەگەڵ زیادبوونی تێچووی گواستنەوە و دەستکەوتنی ماددەی خاو، بەشێکی چیرۆکی بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان و زیادبوونی رێژەی هەڵئاوسانن لە عێراق و هەرێمی کوردستان. بەشە گەورەکە و سەرەکیترینیان چاپکردن و خستنەڕووی پارەیە بەبێ پاڵپشتیی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP)، کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 13 تریلیۆن دینار بووە.
ئەم ئاراستەیەی خستنەڕووی پارە بەبێ داهات و بەرهەم، سەرباری ئەوەی بووەتە هۆی هەڵکشانی نرخەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان، گەشەی بەرهەمی ناوخۆییش لاواز دەکات. هەر بۆیە گرووپی بانکی جیهانی لە راپۆرتی حوزەیرانی 2026دا سەبارەت بە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتان، پێشبینیی گەشەی ئابووریی عێراقی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو لەژێر سفر (نەرێنی) داناوە.
کاتێک رێژەی هەڵئاوسان زیاد دەکات، بانکە ناوەندییەکان رێژەی سوودی بانکی زیاد دەکەن بە ئامانجی کەمکردنەوەی خستنەڕووی پارە لە بازاڕەکاندا و گەڕانەوەی تەرازووی هاوسەنگیی نرخی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان. بۆ نموونە لە سەردەمی کۆرۆنادا، بەهۆی ئەو خستنەڕووە زۆرەی پارەی پاڵپشتیکراو، نزیکەی چوار ساڵی خایاند تاوەکو وڵاتانی جیهان و دامەزراوە گەورەکانی وەکو سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و گرووپی بانکی جیهانی توانیان رێژەی هەڵئاوسان کەم بکرێتەوە.
گرانی و دوو هێندەبوونی نرخەکان لە مەودای کورتخایەندا لەوانەیە بۆ بازرگانان و سەرمایەداران قازانج بێت، بەڵام توانای کەسەکان بۆ دابینکردنی خەرجییەکان کەمدەکاتەوە، گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی و ئابووریی وڵات لاواز دەکات، و جووڵەی بازرگانی کەمدەکاتەوە.
بەردەوامیی ئەم ئاراستەیە رێژەی هەڵئاوسان بەرەو ژمارەی دوو رەقەمی دەبات. بەم دۆخەی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان کە داهاتی زۆربەی دانیشتووانەکەی پەیوەستە بە مووچەوە و توانای زیادکردنی نییە، لە داهاتوودا رێژەی بێکاری، هەژاری، و ژمارەی ئەو کەسانەی دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە زیاتر دەبێت، سەرەڕای لێکەوتە گەورە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی.
لە کۆتاییدا، بەپێی ژمارەکانی نیوەی ئەمساڵ بۆ ئەو 28 بەرهەم و ماددە خۆراکییەی کە نرخی تێکڕای هەفتانەیان وەرگیراوە ئاماژەیەکی ئەرێنیش دەبینرێت؛ ئەویش ئەوەیە کە نرخی هەندێک لە ماددە خۆراکییە هاوردەکراوەکان کەمی کردووە، وەک نیسکی تورکی بە رێژەی -25%، شەکری سعودی بە رێژەی -15.6% و برنجی باسمەتیی هیندی بە رێژەی -5.5%. لە بەرامبەردا، زیادبوونی نرخی برنجی عەنبەری ناوخۆ بە رێژەی 7.3%، کە ئەمەش نیشانەی زیادبوونی بەکارهێنانی بەرهەمی ناوخۆییە و ئاڕاستەیەکی دروستە.
.jpeg&w=3840&q=75)


