رێک 178 رۆژ دوای یەکەم هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، واشنتن رۆژی 24ی ئاب ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئابووریی لە دژی ئێران راگەیاند بۆ ئەوەی زیاتر گۆشەگیری بکات؛ تا بە قسەی ترەمپ یان بەرەو سازشی بەرێت، یان ناچاری بکات کە ئاڵای سپی بەرزبکاتەوە. بەر لەوەی قسە لەسەر کاریگەریی گەمارۆکە بکرێت، بەکارهێنانی دەستەواژەی "دی دەی" لە قسەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کە لە مێژوودا بۆ دابەزینی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان لە کەناراوەکانی نۆرماندی لە فەرەنسا و لە ئەدەبیاتی سەربازیشدا زیاتر بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەکاردێت. لەگەڵ قسەکانی وەزیری بەرگریی ئەمریکا کە گوتبووی ئەم گوشارە ئابوورییە بە واتای لادانی بژاردەی سەربازی نییە، زیاتر ئەوە دەردەخەن چۆن ئەم گوشارانە بەشێکن لەو هێرشەی لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد. ئەمە لای ئێرانییەکانیش وایە، موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پێشوەختە هەڕەشەی لە هەر وڵاتێک کردووە بەتەما بێت بەشداری لە گەمارۆکەدا بکات. ئەمەش دەریدەخات کە تارانیش ئەم دۆخە وەک بەشێک لە شەڕێکی گشتگیر تەماشا دەکات. کەواتە پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەم گوشارانە چ جۆرە کاریگەرییەک لەسەر ئاراستەی شەڕی 2026ی ئێران دادەنێن؟
لە رۆژئاوا، نموونەی ئەڵمانیا هەیە کە لە ماوەی شەڕی جیهانیی یەکەمدا تاوەکو ساڵی 1919 لەژێر ئابڵووقەدا بوو. گوشارەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابوورییەکەی دانا، بۆیە وەک یەکێک لە هۆکارەکان دواجار رێی خۆشکرد بۆ ئەوەی لە 1919دا مەرجەکانی ئاشتیی قبووڵ بکات. لە ئاسیا، ژاپۆن لە ماوەی شەڕی جیهانیی دووەمدا نموونەیەکی جیاوازتری نیشان دا؛ دوای گەمارۆکانی ئەمریکا، ژاپۆن لە 7ی دیسەمبەری 1941دا هێرشی کردە سەر پیرڵ هاربەر و رۆژی دواتریش ئەمریکا شەڕی دژی تۆکیۆ راگەیاند.
ئەم دوو نموونەیە دەریدەخەن کە دەشێ گەمارۆ لە ماوەی شەڕدا رێگە بۆ سازان یان بۆ شەڕ بکاتەوە، بەڵام نموونەیەکی دیکەش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؛ لەبەر ئەوەی زۆربەی سیستمە سیاسییەکانی ئێرە لە جیاتی گەشەپێدانی ئابووری و ژیانی رۆژانەی خەڵک، زیاتر بۆ پاراستنی نوخبە و دەسەڵات داڕێژراون، گەمارۆی دوای شەڕ کەمتر رێگەی بۆ سازان خۆش کردووە، بەڵکو دواجار دەرگای بۆ شەڕێکی دیکە کردووەتەوە. دوای شەڕی کوەیت، رژێمەکەی سەدام لە عێراق 12 ساڵ بەرگەی گرت و لە 2003دا بە شەڕێکی دیکە لەناوچوو. گەمارۆی ئەفغانستان لە 1999 تا 2001 رێگەی بۆ سازان و رادەستکردنی بن لادن نەکردەوە، بەڵکو دەرگای شەڕی واڵا کرد. دەسەڵاتی ئەسەدیش لە ماوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا، 13 ساڵ بەرگەی گەمارۆی گرت، بەڵام لە 2024دا بە شەڕێکی گەورەتری ناوخۆیی لەناوچوو. هۆکارێکی زۆر سادەی ئەمەش ئەوەیە کە هەم ئایدیۆلۆژیا و خەڵکێکیان هەبوو شەڕیان بۆ بکات، تەنانەت ئەگەر کەمینەش بووبن، هەم چەکی پێویستیان هەبوو بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی ناوخۆ؛ بۆیە دۆخی هەموویان نەک بە سازان بەڵکو بە شەڕێکی دیکە یەکلابووەوە.
هەڵبەت ناکرێ نموونەی مێژوو بە تەنیا هەموو شتێکمان لەبارەی داهاتوو یان وڵاتێکی دیکە پێ بڵێت، بۆیە دەشێ دۆخی ئێران لە چوارچێوەی خۆی و هەلومەرجە تایبەتەکەیدا سەیر بکرێت. واشنتن و تاران ئێستا لە بازنەیەکی داخراوی نێوان هەڕەشەی سەربازی و گوشاری ئابووریدا دەسووڕێنەوە. لە راستییدا، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لانیکەم ئێستا و بەم هەلومەرجەوە دوورە. دیپلۆماسی گەیشتووەتە بنبەست، هەردوولا ئامادەکاریی سەربازییان زیاتر کردووە و ئەم قۆناخە نوێیەی گەمارۆ ئابوورییەکانیش، زیاتر لەوەی بەرەو سازان و رێککەوتنیان ببات، ئەگەری خولێکی دیکەی گرژی بەهێز دەکات کە رەنگە شەڕ یەکێک لە ئەنجامەکانی بێت. دیارە ئەمە تەنیا کاتێک دروستە کە ترەمپ بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو نەدات و گوشارە ئابورییەکەی وەک ئێستا بەردەوام بێت.
گەمارۆکان چین؟
ئەو گەمارۆیەی کە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، لانیکەم 48 کۆمپانیا، 24 کەس و 6 کەشتیی کردووەتە ئامانج؛ کە بە 24 کۆمپانیای سزادراوەوە پشکی شێر بەر چین کەوتووە. دوابەدوای ئەویش ئیمارات، هیندستان، تورکیا و سەنگاپوورە دێن.
ئیدارەی ترەمپ هەر لە سەرەتاوە گەمارۆکانی لەسەر ئێران تووندتر کردبووەوە؛ لە نیسانی ئەمساڵیشدا و دوای ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی ئەفسانەیی، گەمارۆی نوێی بەناوی تووڕەیی ئەفسانەیی ئابووری لەدژی ئێران دەستپێکرد کە هەتا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هەردوولا لە 17ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام بوو، بەڵام نەیتوانی کێشەکانی تاران و واشنتن چارەسەر بکات. ئێستاش لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆی دەریایی و ئەم گەمارۆ نوێیانە، وا دەردەکەوێت کە واشنتن بەتەمایە گوشارێکی فرەلایەن و بەرفراوانتر بخاتە سەر ئێران.
جیاوازیی ئەمجارەش لەوەدایە کە ئەمریکا تەنیا گوشار لە تاران ناکات، بەڵکو هۆشداری دەداتە سەرجەم ئەو دەوڵەت، بانک و کۆمپانیایانەی کە درێژە بە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەدەن. بە قسەی بەرپرسانی واشنتن، ئەوان وادەیەکیان بۆ وڵاتان داناوە تا کۆتایی بە مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران بهێنن؛ لەوەشدا تەنیا هەڕەشە ناکات، بەڵکو دەڵێت دەتوانن دەستکەوتی دیکەیان هەبێت لە پای ئەوەی کە لەگەڵ تاران بازرگانی نەکەن.
لە راستییدا خودی گەمارۆکانی ئەمجارە دەریدەخەن کە لە ماوەی رابردوودا حکومەتی ئێران توانیویەتی سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا، بە هەر جۆرێک بێت خۆی قورتار بکات، هەرچەندە کاریگەریی گەمارۆکان شتێکە کە بە ئاسانی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک دەبینرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئێران، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە 66.7٪ و هەڵاسانی وەرزانەی خاڵ بە خاڵیش لە 100٪ نزیک بووتەوە، هەرچەند دۆناڵد ترەمپ چەند جارێکە ئەو ژمارەیە بە 300٪ ناودەبات. تمەن زیاتر دابەزیوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەش بەردەوام باسی گرفتە ئابووری و داراییەکان دەکات. بەڵام لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا لانیکەم بۆ ئێستا، کاریگەریی راستەقینەی گەمارۆکانی ئەمریکا، کە پێیوایە لە مێژوودا نموونەی نەبووە، نەک تەنیا بە خودی ئێران، بەڵکو بە رادەی کاریگەرییەکەی لەسەر ئەو وڵاتانەش دەپێورێت کە لەگەڵ تاران مامەڵە دەکەن. واتە ئێستا گرەوی سەرەکی ئەوەیە کە واشنتن تا چەند دەتوانێت بە زۆر بێت یان بەقسەی خۆش، وڵاتانی دیکە رازی بکات دەست لە بازرگانی لەگەڵ ئێران هەڵبگرن.
لە تەوقی دەریاییەوە بۆ گەمارۆی وشکانی؟
ئەگەر ئەمریکا بەتەما بێت شادەماری ئابووریی ئێران بکاتە ئامانج، لەوانەیە قۆناخێکی چارەنووسساز و تەواو جیاواز لە گەمارۆدان دەست پێبکات، بە جۆرێک کە گەمارۆکە بە کردەوە لە سنوورە دەریاییەکانەوە تەشەنە بکات بۆ ئابڵووقەیەکی وشکانی و ئاسمانی. واشنتن دەتوانێت لە رێگەی هێزی دەریاییەوە بازرگانیی چین لەگەڵ ئێران بکاتە ئامانج، هەرچەندە هەموو شتێک بەمە سنووردار ناکرێت، بۆیە لەوانەیە بیەوێت لە رێگەی دانوستاندنیشەوە پەکین رازی بکات. هاوکات لەگەڵ هەڵوێستی نوێی ئیمارات وەک دووەم هاوبەشی بازرگانی کە مامەڵەکانی لەگەڵ ئێران راگرتووە، ئەم گەمارۆیە بایەخێکی زیاتری بۆ وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی ئەو حەوت دراوسێ وشکانییەی ئێران هەیە. زەحمەت نییە پێشبینی بکەین کە قورساییە سەرەکییەکەی ئەمەش لەسەر عێراق چڕ دەبێتەوە.
عێراق 1599کیلۆمەتر سنووری وشکانیی لەگەڵ ئێران هەیە. ئەگەر ئەمریکا گەمارۆیەکی بەرفراوان بخاتە سەر تاران، ئەم سنوورە فراوانە دەتوانێت دەرفەتێکی گەورە بۆ قاچاخ و گەشەکردنی ئابووریی نافەرمی دروست بکات؛ ئابوورییەک کە بۆ هەر دەوڵەت یان هێزێکی سەربازی کە لەژێر گەمارۆدا بێت، بایەخێکی گەورەی هەیە. بەڵام واشنتن دەتوانێت گوشاری گەورە لەسەرعێراق دابنێت.عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، دوای گەڕانەوەی لە بەغدا لە تەلەفزیۆنی وڵاتەکەیەوە بە بێ ئەوەی ناوی کەس ببات گوتی هەندێک لە هاوتاکانمان ناوێرن وێنەشمان لەگەڵ بگرن. دواتر باسی عێراقی کرد و گوتی ئێمە 4 ملیار پارەی نەوت و گاز و 8 ملیاریش پارەی کەرتی تایبەتمان لای عێراقە کە بەهۆی گەمارۆی ئەمریکاوە نەمانتوانیوە وەریبگرینەوە. هەڵبەت گرفتی عێراق تەنیا ئەوەیە کە ئەمریکا دەتوانێ گوشار لێ بکات، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێرانیش دەتوانێت بە هەمان ئەندازە، گوشاری سیاسی، ئابووری و ئەمنیی بخاتە سەر بۆیە لەنێوان تاران و واشنتندا گیری کردووە و ئەم شەپۆلەی گەمارۆکانیش دۆخەکەی زیاتر بۆ ئاڵۆز دەکات.
ئەگەر ئەمریکا سوور بێت لەسەر ئەم سیاسەتەی خۆی، دەتوانێت گوشار لەسەر تورکیا، پاکستان، تورکمانستان و ئازەربایجانیش دابنێت تا مامەڵەکانیان لەگەڵ ئێران سنووردار بکەن.
لە 29ی تەمووزی ئەمساڵدا رێککەوتنێکی 25 ساڵەی تورکیا و ئێران بۆ کرێنی گازی ئێران بەسەرچوو کە بەپێی ئەوە نزیکەی 10 ملیار مەتری سێ جا گاز هەناردەی تورکیا دەکرا. دیار نییە کە ئایا بەهۆی گەمارۆکانەوە ئەنقەرە و تاران ئەمە نوێ دەکەنەوە یان نا بەڵام بە ئەگەری زۆر تورکیا حەز ناکات نموونەی رووداوەکانی وەک هاڵک بانک دووبارە ببنەوە کە بە دەوردانی گەمارۆکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە تومەتبارکراوبوو. ئەمە بێجگە لەوەی کە تورکیا ئێستا وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکی بەلای ناتۆ و ئەمریکا و ئەورووپادا کردۆتەوە. زیاتر لە دوو دەیە پێش ئێستا ئەنقەرە لە دۆسییەی عێراق، سووریا بابەتەکانی دیکەدا لەگەڵ ئەمریکا تەبا نەبوو، بەڵام ئێستا هەم لە ناتۆ هەم لە سووریا و هەمیش لە عێراق و کەنداو بە شێوەیەکی نزیک و هاتەریب دەجوڵینەوە. رەنگە تارانیش بۆ خۆی درک بەم دۆخە بکات بۆیە سەرنجێکی زۆری لەسەر پاکستان و عێراقە. عێراق هەڵەوگیری دۆخەکە بووە و گومان هەیە کە پاکستانیش بتوانێت بەرگەی گوشارێکی گەورەی ئەمریکا بگرێت. بۆیە ئەگەر ئەمریکا بۆ سەرخستنی گەمارۆکەی گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی سنووری وشکانییان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەوا تەوقێکی خنکێنەر لەنێوان باشوورێکی دەریایی و باکوور و رۆژئاوایەکی وشکانیدا دروست دەکات.
لە راستییشدا توانای واشنتن بۆ سەپاندنی ئەم گوشارە بەسەر دراوسێکانی دیکەی وەک تورکیا، عێراق، ئەفغانستان و پاکستاندا، دەبێتە سەنگی مەحەکی سەرەکی لەم گەڕەی گوشارەکانی ئەمریکادا.
ئێران چی دەکات؟
لە کاتێکدا ئێران بەدەست قەیرانی هەڵئاوسان، کەمیی بەنزین، کێشەی کارەبا و دابەزینی داهاتی نەوتەوە دەناڵێنێت، بێگومان بەرگەگرتنی تەوقێکی لەم شێوەیە ئاسان نابێت؛ هەرچەندە مێژوو سەلماندوویەتی کە مەرج نییە گوشاری ئابووری لای دەسەڵاتی تاران ببێتە هۆی پاشەکشە. مەسعوود پزیشکیان دانی بە سەختیی گوشارەکاندا ناوە و محەمەدباقر قالیباف باسی لە پێویستیی فراوانکردنی بازرگانیی هەرێمی کردووە، ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی ئەو وڵاتە باسی پێویستی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو یاداشننامەی لێکتێگەیشنە دەکەن کە لە 17 ی حوزەیران مۆرکرا، بەڵام دەستەیەکی دیکەش پێداگری لەسەر هەڵوێستی ئێستا دەکەن کە خوازیاری کۆنترۆڵی هورمز و رەتکردنەوەی دانوستاندنە لەگەڵ واشنتن. لەم روانگەیەوە، دەستپێکردنەوەی هێرشی ناوبەناو لە تەنگەی هورمز یان بۆ سەر هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو ئەگەر گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا زیاتر ببن.
لە لایەکی دیکەوە، سنووری وشکانیی فراوانی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی کە زیاتر لە 5.869 کیلۆمەترە، رێگە بۆ بووژانەوەی ئابوورییەکی نافەرمی خۆش دەکات. ئەم میکانیزمە نافەرمییە هەرچەندە باری سەر شانی خەڵک قورستر دەکات، بەڵام دەرفەت دەداتە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان تا لە رێگەی ئابووریی سێبەرەوە سەرچاوەی مانەوە و بەردەوامیی شەڕ مسۆگەر بکەن. دیارە ئەم دۆخەش لە درێژخایەندا چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لە دەرەوە بەردەوام نابێت.
بۆ نموونە، بەم دواییانە پاشەکشەیەک لە هەڵوێستی ئێران لە هورمز بەدی دەکرێت، ئەویش بە رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق. راستە تاران باسی لەوە کردووە ئەم هەنگاوە لەسەر داوای بەغدا بووە، بەڵام رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم نەرمی نواندنە ئەوە بێت کە عێراق لە هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی کۆریدۆرە جێگرەوەکانی گواستنەوەی وزە پاشگەز بکات، چونکە ئەو کۆریدۆرانە لە درێژخایەندا دەتوانن پێگەی هورمز لاواز بکەن.
سەرنەکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی 178 رۆژی رابردوو دەریدەخات کە ناکۆکیی 47 ساڵەی نێوان واشنتن و تاران بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت. ئێران پەلەیەتی بۆ ئەوەی کە ئەم دۆخی نە شەڕ نە ئاشتییە زووتر لەگەڵ ئەمریکا یەکلا بکاتەوە، لە کاتێکدا وا دەردەکەوێت کە ترەمپ بەم گەمارۆ ئابوورییە وە دوو شهشی بۆ هاتبێت و پەلەی نەبێت. بەڵام دواجار ئەم دۆخی نەشەڕ نە ئاشتییە هەر کۆتایی دێت و بەرەو خاڵێکی وەرچەرخان دەڕوات؛ ئەویش یان هەڵگیرسانەوەی شەڕ، یان پاشەکشەیەکی ستراتیژیی گەورەی یەکێک لە لایەنەکانە کە درەنگ یان زوو هەر روودەدات ئەگەر پێکدادانی سەربازی دەرنەکەوێتەوە!



