لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیدا، کەم سەرکردە هەن وەک ئۆڵف پاڵمێ لە لایەک خۆشەویست و لە لاکەی دیکەشەوە ناحەز بۆ کۆمەڵگەی سوید بە تایبەت و بۆ جیهانیش بە گشتی.
پاڵمێ تەنیا نەبوو بە ناوێک لەسەر ئاستی وڵاتەکەی، بەڵکو توانی بە کردار سنوورەکانی سکاندیناڤیا ببڕێت و ببێتە دەنگێکی دادپەروەر لەسەر ئاستی جیهان و کاریگەر لەسەر کپکردنی جەنگی سارد.
ئۆڵف پاڵمێ لە 30ـی کانوونی دووەمی ساڵی 1927 لە ئۆستەرمالم لە ستۆکهۆڵم لە دایکێکی لاتیڤی و باوکێکی ئەڵمانیی سەرمایەدار لەدایک بوو. بەهۆی پێگەی خێزانەکەیەوە، لە خوێندن و پەروەردەدا سەختی نەهاتنە بەردەمی.
دوای تەواوکردنی ئامادەیی، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە ساڵی 1947 روو دەکاتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە کۆلێژی کێنیۆ لە ویلایەتی ئۆهایۆ، بڕوانامەی بەشی زانستە سیاسییەکان و ئابووری بە ماوەی یەک ساڵ بەدەست دەهێنێت.
پاڵمێ نەک تەنیا لە رووی ئەکادیمییەوە، بەڵکو لە رووی فیکریشەوە بەتەواوەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، کاتێک زۆر بە زەقی دیاردەی سەرمایەداری و هەژارییەکی بێوێنە دەبینێت، بێجگە لەوەی کە جیاوازیی رەگەز و رەنگ وای کرد، فیکری سۆسیالیست لە ناخیدا چەکەرە بکات و بەرەی چینی کرێکاران و هەژاران بگرێت.
دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، بڕیاری دا بە ئۆتۆمبێل گەشتێکی دوورودرێژ بکات، کە سەرکێشییەکی گەورە بوو لەوکاتەدا؛ توانی 30 ویلایەتی جیاوازی ئەمریکا ببینێت و لە نزیکەوە ژیانی کرێکاران و رەشپێستەکان ببینێت. بۆیە پاڵمێ خۆی دەڵێت: "ئەو گەشتە منی فێری ژیان کرد، نەک پۆلەکانی خوێندن!"
کاتێک پاڵمێ لە نزیکەوە دەبینێت سیاسەتی ئەمریکی چۆن جیاوازی لە نێوان رەشپێست و سپیپێستەکان دەکات، ئەمە وای کرد رقێکی زۆری بۆ رەگەزپەرستی و چەوسانەوە هەبێت. هەر ئەمەش وای کرد دواتر ببێتە سەرسەختترین دوژمنی رێژیمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور.
کەسایەتیی زۆر کاریگەرییان لەسەر پاڵمێ هەبووە، بۆ نموونە "جۆن مەینارد کەینز" کە ئابووریناسێکی ناوداری بەریتانییە، وایکرد تێبگات کە نە سەرمایەداری رێگەیەکی راستە، نە کۆمۆنیزمی سۆڤێتی سیستەمێکی تەواو گونجاوە. ئەم هەڵسەنگاندنانەی وایکرد، کاتێک گەڕایەوە بۆ سوید، ویستی ئابووریی سەرمایەداری و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکات، دواتر بووە رێگای سێهەم.
کەواتە لە دەرگای کۆلێژی کێنیۆ چووە ژوورێ وەک کوڕێکی ئەرستۆکرات، پاشان وەک کەسێکی شۆڕشگێڕی فیکری بۆ گۆڕانی جیهان هاتە دەرەوە.
ئەم فیکرانەی رێگر بوون بۆ بەردەوامیی خوێندن لە هارڤارد، ناچار لە ساڵی 1948 گەڕایەوە وڵاتی سوید، بۆ پەرەپێدان بە خوێندنەکەی.
ئەم گەڕانەوەیەی وایکرد زیاتر سوور بێت لەسەر فیکری سۆسیالیستی. پاڵمێ پێی وابوو زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان، تەنیا بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین، نەک بۆ پێگەیاندنی مرۆڤی ئازاد و بەتوانا.
دەستپێکردنی پێگەی سیاسیی پاڵمێ بۆ ساڵی 1949 دەگەڕێتەوە، کە پەیوەندی بە حیزبی سۆسیال دیموکراتەوە SFS کرد و دواتر بەهۆی تواناکانییەوە کرا بە سەرۆکی یەکێتیی یەکگرتووی قوتابیانی سوید، ئەمەش وایکرد بەشداری لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.
جگە لە زمانی سویدی، زمانەکانی: ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئیسپانی زۆر بەڕەوانی دەزانی، ئەمە هاوکار بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە خێرایی گەشە بکات و سەرنجی سەرکردەکانی سوید بۆ خۆی رابکێشێت.
ساڵی 1953 پاڵمێ بووە سکرتێری تایبەتی تاگێ ئێرلاندەر، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی سوید، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە نێوانیاندا دروست بووبوو. لە ساڵی 1958 لەسەر لیستی سۆسیالدیموکراتەکان، پاڵمێ بوو بە ئەندامی پەرلەمانی سوید. دواتریش چەند پۆستێکی دیکەی گرنگی وەرگرت، لەوانە: لە ساڵی 1965 بووە وەزیری پەیوەندییەکان، هەروەها لە ساڵی 1967 بووە وەزیری پەروەردە.
هەر لەو ساڵەدا بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سویددا تێکچوو، چونکە پاڵمێ کەسایەتییەک بوو دژی جەنگی خوێناویی ئەمریکا لە ڤێتنام خەڵکی دەجووڵاند و دەیهێنانە سەر شەقامەکان، بەم هۆیەوەش ئەمریکا باڵیۆزی خۆی لە ستۆکهۆڵم کشاندەوە.
ئەم هەڵسوکەوتانەی پاڵمێ وایکرد زۆر لە گەنجەکان وەک سیاسەتمەدارێکی نوێ و نوێگەر سەیری بکەن، بە هۆکاری ئەوەی هەڵوێستی لەسەر پرسە سەختەکان وەردەگرت و تەنانەت زۆربەی کات بووە هۆی تووڕەکردنی زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتیش.
هەندێکی دیکە پێیان وابوو پاڵمێ لە چاوپێکەوتن و پەیامەکانیدا زۆر لەخۆبایی و تووندوتیژە، بەڵام لایەنگران و نەیارانیشی لەسەر ئەوە کۆک بوون پاڵمێ گوتەبێژێکی بە توانا و لێهاتوو بووە.
لە ساڵی 1969دا تاگێ ئێرلاندەر دەستی لە پۆستی سەرۆکی حکومەت کێشایەوە و ئۆڵف پاڵمێ کە ئەوکات تەمەنی 42 ساڵ بوو، بووە سەرۆکوەزیرانی سوید، لە هەمان کاتدا رابەری سۆسیالدیموکراتەکانیش بوو.
پاڵمێ لە سەردەمی دەسەڵاتەکەیدا، دەستی بە جێبەجێکردنی چاکسازیی رادیکاڵ بۆ بەرژەوەندیی کرێکاران و چینی ناوەڕاست کرد. بیمەی تەندروستیی گشتی کرد بە یاسا، هەروەها یەکێک لەو بڕیارانەی کە خستییە بواری جێبەجێکردنەوە، خوێندنی بێ بەرامبەر بوو لە زانکۆکاندا، چونکە خۆی ئەو نادادییەی بینیبوو، دەیویست گەنجی هەموو چینەکان بچنە زانکۆ بخوێنن. هەروەها گرنگیی زیاتری بە مافەکانی ژنان دا.
ئەم سەرکەوتنەی پاڵمێ زۆری نەخایاند، ئەوە بوو لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1976 لە دوای 44 ساڵی بەردەوام لە دەسەڵات بەرامبەر بە هاوپەیمانیی پارتی مۆدێرات و سەنتەرپارتی و لیبڕاڵەکان شکستیان هێنا و پاڵمێ تووشی شۆکێکی گەورە بوو، بەڵام دواتر بوون بە ئۆپۆزیسیۆنێکی زۆر تووند بەسەر دەوڵەتەوە.
سەردەمی پاڵمێ بە یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی مێژووی سوید و جیهان دادەنرێت، چونکە بە تەنیا سەرکردەیەک نەبوو لە ناوخۆی سویددا، بەڵکو دەنگێکی زۆر بەرز و کاریگەریش بوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
گرنگترین ئەو رووداوانەی لەسەردەمی پاڵمێ روویان دا، کاریگەریی هەبوو لەسەر راگرتنی جەنگی نێوان ڤێتنام و ئەمریکا. پاڵمێ گوتارێکی مێژوویی بڵاوکردەوە، کە کۆمەڵکوژییەکانی هانۆی بە هەمان کۆمەڵکوژیی نازییەکان چواند؛ ئەوە بوو نیکسن ئەوکاتە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ سویددا بچڕاند.
پشتگیریکردنی لە نیلسۆن ماندێلا و دژایەتیی حکومەتی ئاپارتایدی وایکرد دەزگای سیخوڕیی ئەفریقای باشوور، کە بە Boss ناسرابوو، پاڵمێیان بە دوژمنی خۆیان ناوزەد کرد، بۆیە وەک وەفایەک یەکەم گەشتی ماندێلا دوای زیندان، بۆ سوید بوو.
پشتگیرییەکی تەواوی لە دۆزی گەلان دەکرد، وەک فیدڵ کاسترۆ لە کوبا، ساندینستییەکان لە نیکاراگوا، فەلەستینییەکان و رابەرانی کورد وەک د. قاسملوو و د. عومەر شێخموس، دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەوە بوو لە ساڵی 1978 کوردانی سوید مانگرتنیان ساز کردبوو، پاڵمێ بۆ خۆی لە نزیکەوە چووە ناو چادری مانگرتووان، داوایکرد حکومەتی سوید هەڵوێست بەرامبەر ئەو هەڵمەتی لەسێدارەدانانەی کوردان وەرگرێت. ئەمە جگە لە رووی سیاسی، لە بواری فەرهەنگی و میدیاییشەوە یارمەتیی کوردانیان دا.
دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان وایانکرد کە سۆسیالدیموکراتەکان لە سوید ببنە ناوەندێکی بەهێز بۆ داکۆکیکردن لەو جینۆسایدەی بەرامبەر کورد دەکرێت.
پاڵمێ دژی چەکی ئەتۆمیی هەردوو زلهێزەکانی ئەمریکا و سۆڤێت وەستایەوەو دەیویست جیهان لە چەکی ئەتۆمی پاک بکاتەوە.
جگە لەم رووداوە جیهانییانە، کاریگەریی زۆری لە ناوخۆی سویددا هەبوو. لەساڵی 1974 دەستوورێکی نوێی پەسەند کرد کە تێیدا دەسەڵاتی پاشایەتی کەم کردەوەو تەنیا وەک هێمایەک هێشتیەوە و دەسەڵاتی دایە دەست پەرلەمان و حکومەت.
لە ساڵی 1973 رووداوێکی دزینی بانک لە ستۆکهۆڵم روویدا، ئەم رووداوە بووە چەمکێک لە دەروونناسیدا کە پێی دەڵێن سیندرۆمی ستۆکهۆڵم، کە بۆ ماوەی شەش رۆژ ئەندامانی بانکەکە لەلایەن کەسێکەوە بە بارمتە مانەوە. پاڵمێ خۆی هاتە ناو رووداوەکە و گفتوگۆی لەگەڵ رفێنەرەکە کرد.
لە 3ـی ئەیلوولی 1963 ئەوکات پاڵمێ وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەکان بوو، سەرپەرشتیی پرۆژەی گۆڕینی سیستەمی هاتووچۆی کرد لەلای چەپەوە بۆ لای راست، کە دەستکەوتێکی دیکەی ئەم سەرکردەیە بوو.
ئەمە جگە لەوەی یەکسانکردنی مافەکانی ژن و پیاو لە پەروەردەکردنی منداڵ و مۆڵەتی دایکایەتی و باوکایەتی بە مووچەوە چەسپاند.
لەو ماوەیەی وەک ئۆپۆزیسیۆن کاریان دەکرد، توانی سوود لەو ماوەیە ببینێت بۆ چاکسازیی ناوخۆیی لەناو پارتەکەیاندا. کەوتە دیبەیتی تووند و رەخنەگرتن لە پارتە راستڕەوەکان. ئەم سیاسەتی گوتاردانەی کاریگەری کردە سەر خەڵک و توانی ناکۆکیی ناو حیزبەکانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی ئامانجەکانی بقۆزێتەوە. ئەوە بوو لە ساڵی 1982 بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆکوەزیران و توانییان زیاد لە 45%ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن و جارێکی دیکە ئارامی بۆ کرێکاران و چینە هەژارەکان بگەڕێننەوە.
دەتوانین بڵێین ئەوە پاڵمێ بوو توانی سوید لە وڵاتێکی دوور و گۆشەگیرەوە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی گرنگ و بڕیاردەر لە ئاستی جیهاندا، ئەمەش تا ئەمڕۆ رەنگدانەوەکەی دیارە.
ئەگەرچی کۆمەڵگەی سوید وەک باسمان کرد، بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان رقێکی زۆریان لێ بوو، بە مێرووی قێزەوەن وەسفیان دەکرد و هەندێکیش بە کەسێکی دیموکراتخواز و مرۆڤدۆست، ئەمەش وایکرد حکومەتی ئەوکاتی رێگان بە سەریەشە بۆ کاروبارەکانی ئەمریکا لەقەڵەمی بدەن، بەڵام لەلایەن گۆرباچۆڤ بە کەسێکی بێلایەن و ئازا و بوێر لە قەڵەم درا. دەیزانی رووبەڕووبوونەوە و رەخنەکانی لە ئەمریکا و سۆڤێت، لە پێناوی ئاشتی بوو بۆ جیهان.
جارێکیان پاڵمێ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا کە لەگەڵ دەیڤد فرۆستی، بێژەری بەناوبانگی بەریتانیدا سازی کرد، بووە هۆی ناساندنی فیکری سۆسیالدیموکراسیی سویدی لەسەر ئاستی جیهان. دەیڤد لێی پرسی: ئایا تۆ دەتەوێت فیکری سۆسیالیستی بڵاو بکەیتەوەو هەموو موڵکێک بکەیتە هی دەوڵەت؟ لە وەڵامدا پاڵمێ بە هێمنییەوە گوتی: نەخێر، من کێشەم لەگەڵ سەرمایەداری و بازاڕی ئازاددا نییە، بەڵکو دەمەوێت نایەکسانی نەهێڵم، هەلی خوێندن بۆ هەمووان بێت، تەندروستیی خۆڕایی و کەمکردنەوەی هەژاری بهێنمە ئاراوە، بەبێ ئەوەی کەرتی تایبەت پەک بخەم.
بەداخەوە ئەم گەشتەی پاڵمێ زوو راگیرا و لە شەوێکی ساردی مانگی شوباتدا بۆ تاهەتایە بێدەنگ کرا و مێژوو بەلایەکی دیکەدا چەرخی دا.
28ـی شوباتی ساڵی 1986 لەگەڵ هاوژینەکەی لە کاتی هاتنەدەرەوەیان لە هۆڵی سینەمادا کاتژمێر 11:21 بە دوو فیشەک لە شەقامی سڤێڤێگن کۆتایی بە ژیانی هات. لە دوای 40 ساڵ، هێشتا ئەم کوشتنە تەمومژاوییە بە یاسایی ساخ نەبووەتەوە، کە کێ لە پشتی بوو. رەنگە سەدەیەکی بوێت تا راستییەکان بە تەواوەتی دانی پێدا دەنرێت، بەڵام بەڵگە نافەرمییەکان پێمان دەڵێن کە باڵە راستڕەوەکانی سەر بە ناتۆ و رۆژئاوا بێخەبەر نەبوون لەم کوشتنە، هەروەها ئیدارەی رۆناڵد رێگان، کۆمپانیای بۆفۆرسی سویدی بۆ بەرهەمهێنانی چەک و دەزگای هەواڵگریی ئەفریقای باشوور بێبەری نەبوون لەم تاوانە و پۆلیسی سویدیش چاویان نوقاند و بێدەنگیی خۆیان لە ئاستی ئەم تاوانە پێشان دا!
پاڵمێ دەیویست سیاسەتێک بهێنێتە ناو جیهان، کە بەبێ پاسەوان و بە گەشتکردن بە میترۆ یەکێک بوو لە ئامانجەکانی تاوەکو بتوانن لەناو خەڵکدا بژین و لە ئازار و گلەییەکانی خەڵک تێ بگەن، بەڵام بەداخەوە ئەم سادەییە بووە هەلێکی باش بۆ دوژمنانی تاوەکو بەبێ بەربەست تیرۆری بکەن.
پاڵمێ بە مەرگی خۆی، کۆتایی بە سەردەمی پرشنگداری سوید و ئاشتی جیهان هێنا. ئایا ئەگەر ئەمڕۆ پاڵمێ بمابووایە، ئێمەی کورد لە دوای هەڵەبجە و ئەنفالەوە لە کوێی هاوکێشەی سیاسیی دەبووین؟ هەر وا بێ پشت دەماینەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە رەنگە زۆربەمان لامان گەڵاڵە بووبێت و بەشێوازێک وەڵامەکەی بدەینەوە، کە دەکرا مانەوەی پاڵمێ لە ژیاندا بە جۆرێکی دیکە رێڕەوی مێژووی بگۆڕیبووایە.


