لە دوای راپەڕینی 1991، سەرکردە و بەرپرسەکان زیاتر پەرۆش بوون رووی دیموکراسییانەیان پیشان بدەن، لەبەرئەوە هەر زوو داوای هەڵبژاردنیان کرد، هەڵبژاردنەکە کرا، بەڵام ئەنجامەکەی ناکۆکییەکانی تۆخترکردەوە. پاش رێککەوتن، حکومەتی نیوە بەنیوەی سست دروست بوو. ئەم حکومەتە، بیانووی گەورەی ئەوە بوو کە ساوایە و ناتوانێت بە گوێرەی داخوازیی خەڵک خزمەت بکات. ئەمەش بووە هۆی ناڕازیبوونی کۆمەڵێک لەوانەی خواستی زیاتریان لە حکومەتی کوردستان هەبوو. هێشتا بۆنی بارووت لە کۆڵان و گەڕەکەکانی هەرێمی کوردستان دەهات، دەستیان کرد بە خۆپیشاندان.
کاتێک شەڕی نێوخۆ دروست بوو، دوو لەتەکەی حکومەت پاساوەکانیان زیاد کردن. سەرەڕای ئەوەی هەریەکەیان بیانووی جیای هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا رێگە نەدرا بە خەڵک داواکانی بخاتە بەردەم ئەم دوو حکومەتە، چونکە ئاسانترین تۆمەت ئەوەبوو کە لە دیوێکی دێگەڵەوە بە لایەنگریی دیوەکەی دیکە تۆمەتبار بکرێیت.
دۆخەکە گەیشتە قۆناخی نەشەڕ نە ئاشتی. سەرەڕای بیانووە کەڵەکەبووەکان، بیانووی دیکەش زیادیان کردبوو. لەبەر ناسکیی دۆخەکە و لە ترسی ئەوەی نەوەک شەڕ دەستپێبکاتەوە، بیانوویەکی باش بوو کە حکومەت بە تەواوی بەدەم داواکانی خەڵکەوە نەچێت. ئەم دۆخە تاوەکو یەکگرتنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئیدارەکان (بەشێکیان) لە ساڵی 2004 بەردەوام بوو. دواتر بیانووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەبوو، تازە تێکەڵ بوونەتەوە و یەکیان گرتووەتەوە و ئێستا سەرقاڵی لکاندنەوەن، ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت بیکەن، بۆیە قسە مەکەن و دۆخەکە هێشتا لەبار نییە.
دواتر و لەوکاتەدا کە ئیدی کار دەکرا بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2009، دۆخەکە هەندێک لەباربوو. ئۆپۆزیسیۆن زیاتر لە چارێکی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، گۆڕان هەژموونێکی گەورەی دروست کرد، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شوباتی 2011، دیسان بیانوو بۆ حکومەت دروست بوو کە گوایە لە دەوروبەر بەهاری عەرەبی روودەدات و دەستێک هەیە دەیەوێت ئەم ئەزموونە لەنێو بەرێت.
ئەم دۆخە زۆری نەبرد، بڕینی بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە سەریهەڵدا و بەدوای ئەوەشدا داعش پەیدابوو. ئیدی بیانووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بەردەوام بوون. سەرەڕای بیانووە کەڵەکەبووەکانی پێشوو، ئەو دوو بیانووەش هاتنە سەر ئەوانی دیکە و، دۆخی شەڕ حکومەتی لە ئاوەدانکردنەوە وەستاند.
دواتر کاتێک کابینەی نوێ دروست بوو، کۆرۆنا هات. ئیدی حکومەت گوتی هەموو شتێک وەستاوە و ناتوانن بەگوێرەی ئەوەی پێویستە کار بکەن. دوای کۆرۆنا، دیسان باسی قەیران کرا، تاوەکو ئێستا کە شەش ساڵ بەسەر کۆرۆنادا تێپەڕیوە، هێشتا هەر قەیرانە، تاوەکو دەگاتە دوایین لێدوان کە وەزیری خوێندنی باڵا لە رۆژی یەکشەممە 4/10/2026 کە گوتی، "ئەم حکومەتە بە قەیراندا تێپەڕیوە".
قسەکەی وەزیری خوێندنی باڵا، هەمان قسەی هەموو وەزیرەکان و حکومەتەکانی پێشووە، هەمان بیانووە، بەڵام بە شێوازی جیا و بە رەنگی جیا. ئەمە تەنیا هەر ئەو نییە، بەڵکو هەموو وەزیرەکان و تیمی حکومەت و ئەوانەش کە لە حکومەت دا کار دەکەن، هەمان قسە دەکەن.
هەرچەندە دەبێت هەندێک دۆخ لەبەرچاو بگیرێن، بۆ نموونە کوردستان خاوەنی دەوڵەت نییە، دووژمنەکانی دەوروبەری هەمیشە بێدارن و لە بۆسەدان بۆ کوردستان، دەستیان خستووەتە هەموو کاروبارییەوە و بە هەر هۆکارێک بێت، دەیانەوێت ئەم ئەزموونە لەنێوببەن، بەڵام کوردستان دەتوانێت ئیدارەی ئەم ئەزموونەی خۆی باشتر بدات، دەتوانێت ببێتە حکومەتێکی تۆکمە و هەر بەو کەرەستانەی لەبەردەستیدایە، لە هەر حکومەتێکی دیکە باشتربێت.



