خەیاڵ بکە ماڵەکەت لەنێو شارێکدایە کە بێسنوور خانووی تێدایە. بە خۆت دەڵێی دەبێ ملیاران کەس لەم شارەدا بژین. خانووەکان رەنگینن، دەرگا و پەنجەرەی جوانیان هەیە. شەقام و درەختەکانیش هەستی زیندوێتیت پێدەدەن، بەڵام توانای چوونەدەرەوەت لە ماڵەکەت نییە، بۆیە چەند ئامێرێکی تۆمارکردن هەڵدەدەیتە سەربانەکەت، کەچی گوێت لە دەنگی یەک منداڵیش نابێت، نە سەگێک دەحەپێ، نە پشیلەیەک دەمیاوێنێ و نە باڵندەیەک دەچریکێنێ!
ئەوە دۆخی ئێمەی مرۆڤە لەنێو گەردوونەکەمان دا. گەردوونێک کە پێدەچێت زیاتر لە 20 لەگەڵ 24 سفر (20 سێپتلیۆن) هەسارەی تێدابێت.
ئەوە تەنیا ئەو بەشەی گەردوونە کە توانیومانە بیبینین.
ماڵی دووەم
ئەگەر وا دابنێین هەسارە شینەکە، زەوییەکەمان، ماڵی یەکەمی نێو شارەکەیە؛ دەزانی ماڵی دووەم لەکوێیە؟ ناومان لێناوە Proxima b و نزیکەی چوار ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورە. هەر ساڵێکی رووناکییش بە خێراترین ئامێری ئێستامان یەکسانە بە 20 هەزار ساڵی سەر زەوی و بەو پێیە، تاوەکو دەگەینە ماڵی دووەم 80 هەزار ساڵ دەخایێنێت.
ماڵی دووەم لە کۆمەڵەیەکی خۆردایە، لە تەنیشت ئەوەی خۆمان. ئەگەر بە خێراترین ئامێرمان ئەمڕۆ بەڕێبکەوین، ساڵی 82,026ی زایینی دەگەینە سەری.
خێراترین ئامێرمان لە گەردوون لە دەوروبەری 60 هەزار کیلۆمەتر دەڕوات لە کاژێرێکدا. یەک ساڵی رووناکی بڕینی 9.4 ترلیۆن کیلۆمەتر دوورییە، ئیدی ئامێرەکە هەرچەند خێرا بێت، زووتر دەگات.
بەڵام مرۆڤایەتی لەم کاتەدا خێراتر لەوەی نییە.
بەکوێ گەیشتووین؟
ساڵی 1977 بۆشاییگەڕێکمان بەناوی Voyager 1 هەڵدا (خاوەنی خێراییەکەی سەرەوە). ئەمڕۆ 18-11-2026 تەنیا یەک رۆژی رووناکی (25.9 ملیار کیلۆمەتر) تەواو دەکات.
ئەو بۆشاییگەڕە 30 هەزار ساڵی دیکەی پێویستە تاوەکو بە یەکجاریی کاریگەریی کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمان تێپەڕێنێت. واتە دوورترین ئامێرمان، دوای 49 ساڵ لە ناردنی، هێشتا هەر لە سەربانی ماڵەکەی خۆماندایە.
بە لەبەرچاوگرتنی فراوانیی گەردوون، هێشتا لە هیچ کوێ نین.
ماڵەکانی دیکە خەڵکیان تێدایە؟
تەنیا لە کۆڵانەکەی خۆمان دا، گەلەئەستێرەی رێگای شیری، تائێستا زیاتر لە 6,000 هەسارەمان پشتڕاست کردووەتەوە کە لە زەوی دەچن (ملیارانی دیکەش بەربژێرن بۆ پشتڕاستکردنەوە). واتە لە رووی قەبارە، گازەکانی نێو بەرگەهەواکانیان، دووری و جۆری خۆرەکەیانەوە هاوشێوەی ماڵەکەی ئێمەن. ئەگەر بمانەوێ بگەین پێیان، نزیکترینیان لێمانەوە 80 هەزار و دوورترینیان 550 ملیۆن ساڵی خۆمان دوورن.
ئایا ژیان بەو جۆرەی ئێمە دەیناسین لە هیچ یەکێک لەو 6,000 هەسارەدا هەیە؟ هێشتا نازانین و بەڵگەی یەکلاکەرەوەمان نییە، بەڵام نیشانەی ئەرێنیی زۆر هەن.
هەسارەیان تێدایە وەکو (K2-18b)، لە بەرگەهەواکەیدا گازی میسان و کاربۆنی تێدایە، کە ئەگەر هەردووکیان لە هەمان کاتدا دەربکەون، ئاماژەی بەهێزە بۆ هەبوونی جۆرێک لە ژیان لەسەر هەسارەکە.
ئەگەر نێو خانووەکانیش نەبینین، دووکەڵی سۆپای بەشێکیان دەبینین؛ واتە لەنێو دووکەڵی سۆپای ماڵی ئێمە (زەوی) و هەسارەی (K2-18b)دا ئاماژەی گرنگ هەن کە خەریکی هەمان چالاکیین. بە زمانێکی نموونەیی: ماڵێک ژیانی تێدا نەبێت، لە لوولەی سۆپاکەیەوە دووکەڵی برژاندنی شتێک بەرز نابێتەوە.
تەنانەت هەسارەی وا هەن وەکو (TRAPPIST-1e) هێندە ئەرێنیین لەبارەیەوە کە بۆ ئۆکسجین دەگەڕێین لە بەرگەهەواکەیدا. لەم کاتەدا تێلەسکۆپی جەیمس وێب هاوێنەکانی رووتێکردووە و سەرقاڵیەتی.
ئاستەنگە گەورەکان
فراوانیی گەردوون و توانای سنوورداری مرۆڤ دوو لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانن بۆ زوو یەکلاکردنەوەی بوون و نەبوونی ژیان و زیندەوەری دیکە.
فراوانیی گەردوون کاری کردووەتە سەر ئەو کاتەی مرۆڤ پێی ئاشنایە؛ بەجۆرێک مانگ ئەگەرچی لە بندەستی خۆماندایە، کەچی چرکەیەک درەنگتر خۆی بە ئێمە پێشاندەدات. واتە ئەو دیمەنەی مانگ کە تۆ ئێستا لە ئاسمان دەیبینیت، لە راستیدا چرکەیەک پێشترە، چونکە تاوەکو رووناکی لە مانگەوە دەگاتە زەوی، چرکەیەک دەخایێنێت.
دوورتر بکەوینەوە جیاوازیی کات زیاتر دەبێت. خۆرەکەمان کە تەنیا 150 ملیۆن کیلۆمەتر لێمانەوە دوورە، تیشکەکەی زیاتر لە 8 خولەکی پێدەچێت تاوەکو دەگاتە ئێمە. واتە تۆ هیچ کاتێک راستەوخۆ خۆرت نەبینیوە، ئەوەی بینیوتە، زیاتر لە 8 خولەک پێش ئێستایە.
ئەمە بۆ ئەو 6,000 هەسارەیەش راستە کە پشتڕاست کراونەتەوە. دووریی ئەوان لەنێوان 4 ساڵ بۆ 28 هەزار ساڵی رووناکییە لێمانەوە. واتە ئەگەر ژیانی پێشکەوتووشیان تێدا هەبێت، ناتوانن ئێستای ئێمە لەسەر زەوی ببینن. هەسارەی (Proxima b) کە نزیکترینیانە و چوار ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورە، ئەگەر بوونەوەری ژیری لێبێت و تێلەسکۆپیان هەبێت، هەردوولامان چوار ساڵ لەمەوبەری یەکدی دەبینین.
ئێمە 125 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەم جار شەپۆلی رادیۆییمان لە زەوی دەرچووە. نزیکەی هەزار دانە لەو هەسارانە لە مەودای 4 بۆ 125 ساڵی رووناکیدان لێمانەوە. واتە ئەگەر ژیانی پێشکەوتوو لەو نزیکەی هەزار هەسارەیەدا هەبێت، بەپێی دوورییان تێبینی شەپۆلەکانمان دەکەن.
دوورترین هەسارە لەنێو ئەو 6,000 هەسارەیەدا بریتییە لە (SWEEPS-11) و 28 هەزار ساڵی رووناکی لێمانەوە دوورە کە ئەگەر بوونەوەری ژیر و تێلەسکۆپیان هەبێت، ئەوا کاتێک سەیری زەوی دەکەن، ئێمە هێشتا کشتوکاڵمان دانەهێناوە.
توانای سنوورداری مرۆڤ و کەمیی خێرایی ئامێرەکانمان پرۆسەکەی گەیاندووەتە دۆخی ئەستەم، بەڵام بێ هیوا نین.
ئایا بوونەوەری دیکە هەن؟
بە بڕوای من، وەکو خوێنەر و رۆژنامەڤانێکی زانستی، وەڵامەکە ئەرێنییە. کاتێک دەڵێم "بە بڕوای من"، واتە تێگەیشتنی خۆمە نەک سەلماندنی زانستی.
کاتێک هێندە بە قووڵی بیر لە بوون دەکەیتەوە و سوود لە بیرکاری و فیزیا وەردەگریت بۆ تێگەیشتن لە گەردوون. کاتێک ورد دەبیتەوە لەو هەموو دۆزینەوە مەزنانە و ئاگات لە دوایین لێکۆڵینەوەکانی بوارەکەیە؛ ناتوانی بڕوا بکەیت لەم گەردوونە بێ کۆتاییەدا تەنیا هەسارە شینەکەی خۆمان چانسی ئەوەی هەبێت کە بتوانێت بوونەوەر بخاتەوە.
بڕوانە؛ ئێمە لە گەلەئەستێرەیەکداین لە گەردوون پێی دەڵێن رێگای شیری کە رووبەرەکەی 100 هەزار ساڵی رووناکییە. 100 تاوەکو 400 ملیار خۆری تێدایە. بە دەوری هەر خۆرێکدا چەندین هەسارە دەسووڕێنەوە. واتە نزیکەی ترلیۆنێک هەسارەی تێدایە.
لەو ترلیۆن هەسارەیە، تۆ وا دابنێ تەنیا 100 ملیاریان لە زەوی دەچن. تۆ وا دابنێ تەنیا 75 ملیاریان گومانی ژیانیان لێ دەکرێت. تۆ وا دابنێ تەنیا 50 ملیاریان ئاماژەی هەبوونی ژیانیان تێدایە. تۆ وا دابنێ تەنیا 25 ملیاریان ئاماژەکانیان بەهێزن. تۆ وا دابنێ تەنیا یەک ملیار هەسارەیان گونجاوترینن، یانی لەنێو یەک ملیار هەسارەی شیاودا، تەنیا زەوی خاوەنی ژیانە؟ زانستی ئەگەرەکان پێمان دەڵێت ئەمە ئەستەمە.
ئامادەی بۆ ئەم هەژەندەیە؟ دەزانی ژمارەی گەلەئەستێرەکانی وەکو ئەمەی خۆمان، رێگای شیریی، بە چەند دەخەمڵێندرێت؟ دوو ترلیۆن. هەڵە نەتخوێندەوە، بەڵێ دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە!
دیسان بیژمێرەوە؛ هەر گەلەئەستێرەیەک ملیاران خۆری تێدایە، هەر خۆرێک چەند هەسارەیەک بە دەوریدا دەخولێنەوە. بەم جۆرە ژمارەی هەسارەکان لە گەردوون دا دەگاتە 20 لەگەڵ 24 سفر (24 سێپتلیۆن) کە زەوی تەنیا یەکێکیانە! لەبەرئەوەیە کە دەڵێم لەبارەی بوونی ژیان و بوونەوەری دیکەوە گەشبینم و بڕوای من ئەرێنییە.



