کاتێک هێزە بیانییەکان خاکی وڵاتێک جێدەهێڵن، پرسیاری سەرەکی تەنیا ئەوە نییە کێ دەرچووە؟ پرسیاری گەورەتر ئەوەیە دوای ئەوە کێ بەرپرسیاریێتی پاراستنی دەوڵەت و یاسا و داهاتووی ئەو وڵاتە دەگرێتە ئەستۆ؟
ئەمە ئەو پرسیارەیە، کە عێراق لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبەردەمی خۆیدا دەیبینێت، لە یەکی تشرینی یەکەمی 2026، لە بەغدا کە رێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو، عێراق خۆی بۆ قۆناخێکی نوێ ئامادەکرد، قۆناخێک کە تێیدا بەرپرسیاریێتی ئاسایش و سەروەری دەکەوێتە سەر دامەزراوە و هێزەکانی ناوخۆیی عێراق.
بەڵام ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە تەنیا بە کشانەوەی هێزی بیانی پێناسە بکرێت، بەشێکی گرنگی واتاکەی لەدەستدەدات، سەروەری تەنیا ئەوە نییە، هێزی دەرەکی لە خاکتدا نەبێت، سەروەری ئەوەیە دەوڵەت بتوانێت بڕیاری خۆی بدات و یاسای خۆی جێبەجێ بکات و هیچ هێزێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەستوورەوە نەبێتە سەرچاوەی بڕیاری کۆتایی.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا لە بەغدا بە هەمان شێوە پێناسەی سەروەریی کرد، سەروەری تەنیا کشانەوەی هێزە بیانییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی تەواوی نیشتیمانییە، واتە دەوڵەت دەبێت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت و دەستوور و سیستمی فیدراڵی بپارێزێت و دامەزراوە دەستوورییەکان بکرێنە سەرچاوەی بڕیار و پابەندکەری دەسەڵات.
ماکس ڤێبەر لە تیۆریی دەوڵەتدا، جەخت لەوە دەکاتەوە، یەکێک لە تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت ئەوەیە، مافی بەکارهێنانی رەوای هێزی لەناو سنوورەکانی خۆیدا هەبێت، ئەم بیرۆکەیە بۆ عێراقی ئەمڕۆ زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر دەوڵەت سەروەرە، ئەوا بڕیاری جەنگ و ئاشتی نابێت لە دەرەوەی دامەزراوە دەستوورییەکاندا بدرێت، چەک نابێت ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و ئاراستەکەری سیاسەت، هێز نابێت بتوانێت لەسەر دەستوور سەروەر بێت، لەبەر ئەوە ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیڵێت تەنیا گوتەیەکی سیاسی نییە، پرسیارێکی گرنگ و بنەڕەتیی دەوڵەتسازییە، کێ بڕیاری کۆتایی دەدات؟ ئەگەر وەڵامەکە دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان بێت، ئەوا سەروەری مانایەکی دامەزراوەیی هەیە، ئەگەر وەڵامەکە هێزە سیاسییەکان و گرووپە چەکدارەکان، یان بەرژەوەندییە ناوچەییەکان بن، ئەوا سەروەریی دەوڵەت هێشتا لەگەڵ کێشەیەکی بنەڕەتیدا رووبەڕووە و نەنگ و ناتەواوە.
عێراقی نوێ دەوڵەتێکی زۆرینە، یاخود تەنیا یەک پێکهاتە نییە، بەڵکو دەوڵەتێکی فرە پێکهاتەیە و کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحی و ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە لە پێکهاتەی بنەڕەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم وڵاتەن، بۆیە ئەگەر قۆناخی نوێ سەردەمی سەروەری بێت دەبێت لەهەمان کاتدا قۆناخی متمانەساز نێوان پێکهاتەکانیش بێت، جان جاک رۆسۆ فەیلەسوفی فەرەنسی لە گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا باس لەوە دەکات، بەرژەوەندیی هاوبەش بنەمایەکی گرنگی پەیوەندیی سیاسییە و سەروەری دەبێت بە ویستی گشتی و خێری گشتی پەیوەندیدار بێت، لە عێراقدا ئەو ویستە گشتییە نابێت بە ویستی یەک پێکهاتە، یان یەک لایەن بگۆڕدرێت، عێراق کاتێک بەهێز دەبێت، کە هیچ پێکهاتەیەک بەتەنیا خۆی بەخاوەنی هەموو عێراق نەزانێت، ئەمە ئەو خاڵەیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێداو گوتی، هیچ پێکهاتەیەک نابێت دەست بەسەر کۆی سیستمی حکومڕانیی وڵاتدا بگرێت و مافی هەموو پێکهاتەکان دەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا پارێزراو بێت، ئەبێت ژینگەیەکی سیاسی وەها دروست بکرێت، هەمووان بەبێ هیچ سانسۆرێک هەستی عێراقیبوونی بۆ دروست بێت، هەندێک جار لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا فیدراڵیزم بە جۆرێک پیشان دەدرێت، گوایە دژ بە یەکێتیی عێراقە، بەڵام بنەمای فیدراڵیزم ئەوەیە دەسەڵات بە شێوەیەکی دەستووری لەنێوان ناوەند و هەرێمەکاندا رێکبخرێت، نێچیرڤان بارزانی لە وتارەکانی پێشووشدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە فیدراڵیزم لاوازیی سەروەریی عێراق نییە، بەڵکو دەتوانێت هاوبەشی و یەکێتیی وڵات بەهێز بکات.
لەو روانگەیەوە کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا نابێت بە کێشەی کورد لە دژی عێراق، یان بەغدا لە دژی هەولێر پێناسە بکرێت.
لە وتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر جەختی لەسەر پابەندی هەموولایەک بە دەستوری عێراقەوە کرد، خۆی ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە دەستوور دەڵێ چی؟
ئەگەر هەولێر و بەغدا هەردووکیان پابەندی دەستوور بن، ئەوا زەمینەی دروست بۆ گفتوگۆ بوونی هەیە و ئەگەر هەر لایەنێک دەستوور بە پێی ویست و پێویستی سیاسیی خۆی هەڵبژێرێت، ئەوا کێشەکە لە هەولێر و بەغدا تێپەڕ دەبێت و دەبێتە کێشەی خودی دەوڵەت، بۆیە ئەوەی نێچیرڤان بارزانی دەیڵێت کە نە هەولێر دەبێت بەسەر بەغدا زاڵ بێت، نە بەغدا بەسەر هەولێردا زاڵ بێت، لە بنەڕەتدا بانگەشەیە بۆ سەرکەوتنی دەستوور بەسەر ململانێی سیاسیدا، لە وتارێکی ئەم مانگانەشدا بە روونی گوتوویەتی ئامانج نە سەرکەوتنی هەولێر بەسەر بەغدا یان بە پێچەوانەوە، بەڵکو سەرکەوتنی عێراق و سەرکەوتنی دەستوورە.
جەیمس مادیسون یەکێک لە بیرمەندانی سەرەکیی سیستمی دەستووریی ئەمریکا، لە مەترسیی کۆبوونەوەی دەسەڵات ئاگاداری دەدات و دەڵێت، پێویستە دامەزراوەکان بتوانن یەکتر بپشکنن و سنووردار بکرێن، چونکە حکومەت نەک تەنیا دەبێت توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی هەبێت، بەڵکو دەبێت توانای کۆنترۆڵکردنی خۆیشی هەبێت، ئەم بیرۆکەیە بۆ عێراق زۆر پەیوەندیدارە، چونکە مەترسیی سەروەری تەنیا هێزی دەرەکی نییە، هەندێک جار کۆبوونەوەی دەسەڵات لە ناوخۆش دەتوانێت دەستوور لاواز بکات و وڵات بەرەو مەرکەزیەت و تاکڕەوی ببات.
ئەگەر یەک لایەن بتوانێت بەهۆی ژمارە، چەک، نفووز یان دەسەڵاتی سیاسییەوە دەست بەسەر دامەزراوەکاندا بگرێت، ئەوا ناوی دەوڵەت دەمێنێت، بەڵام هاوسەنگیی دەسەڵات لاواز دەبێت و نامێنێت، بۆیە سەروەریی دەوڵەت دەبێت لەگەڵ دەستووریبوونی دەسەڵات هاوتا بێت.
عێراق لە ناوچەیەکدا هەڵکەوتووە کە هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، لەم بارودۆخەدا سەروەریی عێراق تەنیا بە دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانی پێناسە ناکرێت، بەڵکو بە توانای عێراق بۆ دانانی پەیوەندییەکانی خۆی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی پێناسە دەکرێت. نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا گوتی، عێراق دەبێت وەک دەوڵەت پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ دراوسێکان و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی هەبێت، بەڵام نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ناوچەیی، بەڵکو دەبێت ببێتە شوێنێکی گرنگی گفتوگۆی هەموولایەک و بەغداد ببێتە پایتەختی ئاشتی و پێکەوەگرێدانی هەموو لایەنە ناکۆکەکان، نەک خۆی ببێت بە لایەنگر و وەک سەرچاوەی هەڕەشە و ناکۆکی ببینرێت.
ئەمەیە جیاوازیی نێوان هاوبەشیی نێودەوڵەتی و وابەستەیی سیاسیی، دەرچوونی هێزی سەربازیی هاوپەیمانان بە مانای داخستنی دەرگای عێراق بەڕووی جیهان نییە، بە پێچەوانەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە روونی پێشنیازی بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسی کرد، واتە سەروەری بە مانای تەنیایی نییە بە مانای خاوەنی بڕیاربوونە.
ئەگەر عێراق دەیەوێت لە قۆناخی نوێدا سەروەرییەکی بەهێزی هەبێت، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا دەبێتە یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکانی ئەم قۆناخە، چونکە فیدراڵیزم لە کاخەزدا بەس نییە، دەبێت لە بودجە و مووچە و نەوت و گاز و دەسەڵاتەکان لە ئاسایش و مافە دەستوورییەکاندا خۆی پیشان بدات، نێچیرڤان بارزانی بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەبێت بە پشتبەستن بە دەستوور چارەسەر بکرێن، نەک بە رێککەوتنی کاتی بۆ هەر قەیرانێکی نوێ، ئەگەر دەستوور تەنیا لە کاتی ئارامی بەکاربهێنرێت و لە کاتی ململانێدا پشتگوێ بخرێت، ئەوا دەستوور نابێتە پەیمانی نێوان پێکهاتەکان، بەڵام ئەگەر هەولێر و بەغدا هەردووکیان دەستوور وەک سەقفێکی هاوبەش وەربگرن، ئەوا کێشەکان لە ململانێی سیاسییەوە دەگوازنەوە بۆ گفتوگۆی دەستووری.
ئەمڕۆ عێراق لە دۆخێکدایە کە ئیتر بەرپرسیارێتیی لەسەر شانی دامەزراوەکانی خۆیەتی، کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان دەبێت بۆ عێراق ببێتە هۆی بەهێزکردنی هێزەکانی خۆی نە لاوازکردنیان، بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ناوخۆیی نەک زیادکردنی ناکۆکی ، بەهێزکردنی دەستوور، نە گەڕان بەدوای رێگەیەکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەمەش لە ناوەڕۆکی وتاری نێچیرڤان بارزانیدا بە روونی هەیە، لە روانگەی ئەوەوە عێراق لەبەردەم دوو رێگای جیاوازدا نییە، کە یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکو پێویستی بە هاوکێشەیەکی نوێ هەیە، دەوڵەتی بەهێز واتە دەستووری جێبەجێکراو، واتە فیدراڵیزمی راستەقینە، واتە مافی پێکهاتەکان، واتە بڕیاری یەکگرتووی ئاسایش ، هیچ کام لەم بەشانە بە تەنیا سەروەری دروست ناکات، دەوڵەتێک کە چەکی زۆر هەیە، بەڵام دەستوورەکەی جێبەجێ ناکات، دەوڵەتێکی بەهێز نییە، دەوڵەتێک کە دەستووری هەیە، بەڵام مافی پێکهاتەکانی پارێزراو نییە، متمانەی سیاسی دروست ناکات، دەوڵەتێک کە هێزی بیانی لە خاکەکەی نییە، بەڵام ناتوانێت بڕیاری خۆی بپارێزێت هێشتا خاوەنی سەروەری نییە.
ئەوەی لە عێراق بەگشتی روویدا لە رووی سەربازییەوە کۆتاییی ئەرکی هاوپەیمانێتییەکی سەربازی بوو، کە خۆی ساڵی 2014 داوای کردبوو، بەڵام لە رووی سیاسییەوە دەکرێت دەستپێکی پرسیارێکی گەورەتر بێت، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا عێراق دەتوانێت سەروەرییەکەی لە وشەوە بگوازێتەوە بۆ دامەزراوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە تەنها بە وتار و هوتافکێشان نادرێتەوە، بەڵکو بەکرداردا دەدرێتەوە، بەوە دەدرێتەوە کە دەستوور چۆن جێبەجێ دەکرێت؟ مافی پێکهاتەکان چۆن پارێزراوبێت؟ کێ بڕیاری جەنگ و ئاشتی دەدات؟ چەک لە کوێیە و لای کێیە؟هەولێر و بەغدا چۆن کێشەکانیان چارەسەر دەکەن؟ عێراق چۆن خۆی لە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ناوچەییەکان دەپارێزێت؟ لەوەڵامی درووستی و دەستووری ئەم پرسیارانەوەیە سەروەری دەکاتە واقع، نەک تەنها وشەیەک لە رێوڕەسمێکی سیاسی.
هێزە بیانییەکان رۆیشتن بەڵام ئەرکی دروستکردنی دەوڵەت ماوەو دەمێنێت، ئەرکی ئەمڕۆی عێراق تەنها پاراستنی خاک نییە، بەڵکو پاراستنی هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان و دەوڵەت و نێوان سەروەری و دەستوور و نێوان هێز و یاسایە، ئەگەر ئەم هاوسەنگییە دروست بکرێت، ئەوا سەروەریی عێراق لە کشانەوەی هێزەکانەوە دەچێتە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەگەر نا ئەوا تەنها هێزە بیانییەکان دەڕوات، بەڵام کێشە ناوخۆییەکان هەر دەمێننەوە، قۆناغی نوێی عێراق لە کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانانەوە دەست پێ ناکات، لەو رۆژەوە دەستپێدەکات، کە هەموو لایەنەکانی عێراق قبوڵ بکەن کە دەستور دەبێت لەسەر هەمووان سەروەر بێت.



