ماوەیەکە دیاردەیەک لە گوتارى سیاسى لەناو هەندێک لە خوێندەوار و سیاسى و کەسانى وابەستە بە ئایدۆلۆجیایەکى دیاریکراوەوە سەریهەڵداوە کە دەهۆڵى بەسەرچوونى مۆدێلى دەوڵەت نەتەوە دەکوتن. دژى هەر جۆرە گوتارێکن کورد وەک گەلانى دیکەى دونیا بەشایستەى دەوڵەت بزانێت.
بەشێک لەمانە وابەستە و گرێدراوى ئایدۆلۆجیایەکى دیاریکراون و خۆیان خاوەن هیچ دونیابینییەک نین، گوێیان لێبێت کارەکتەرێکى دیارى ئەو گرووپە ئایدۆلۆجیە گوتارێک، پەیامێکى بە هەر ئاراستەیەکدا هەبێت، ئیدى ئەمان وەک تووتى دەڵێنەوە. کاتى خۆى بە تەنزەوە دەگوترا هەندێ لە مارکسییەکان هێندە خۆیان گرێدراوى سۆڤێت کردووە، ئەگەر لە مۆسکۆ باران ببارێت، ئەمان لە بیابانیش بن چەتر هەڵدەدەن، بەڵام لەم تەنزە دروستتر بۆ وێناکردنى ئەوانەى کوێرانە بەدوو کەوتوون، ماوەیەک لەمەوبەر کەمال جەمال موختار لە وتارێکیدا بۆ وێناکردنى نالۆژیکى وابەستەى کوێرانەو گرێدراو بە ئایدۆلۆجیاوە، دەستەواژەى (رەشمەلۆژى) داهێنا.
بەشێکى دیکەى ئەو نوخبەیە ئەوانەن کە دەیانەوێ خۆیان زۆر بە رۆشنبیر وێنا بکەن، گوایا هۆش و بیر و عەقڵى ئەوان زۆر لە چوارچێوەى بچووکى نەتەوەیەک گەورەترە و ئەوان لەو ئاستە فکری و باڵایەى مرۆڤایەتین کە جیهان وەک یەک کوتلە دەبینن. لەکاتێکدا بێئاگان لەوەى لە هیچ شوێنێکى دونیادا میللـەتان دەستبەردارى خەسڵەت و تایبەتمەندى و ناسنامەى خۆیان نابن. ئەمانە دەوڵەت وەک مۆدێلى جلوبەرگ دەبینن و لایان وایە دەوڵەت (کەوا و سەڵتەیە) تاوەکو باوى نەمابێت.
لانى کەم ئەوەى لە نەتەوەیەکگرتووەکان کورسى و ئاڵاى هەیە، نزیک بە دوو سەت دەوڵەتە. بەشى هەرە زۆریان لەسەر بنەماى دەوڵەت نەتەوە دامەزراون، هیچ کام لەم دەوڵەتانە دەستبەردارى ناسنامەى خۆى نەبووە لەبەر ئەوەى پێى وابێت مۆدێلى بەسەرچووە. بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ پاراستنى ناسنامە نەتەوەییەکەیانە. ئەرێ کەستان بیستووتانە میللەتێک دەوڵەتەکەى هەڵوەشاندبێتەوە و بڵێ مۆدێلى نەماوە؟
وڵاتانى ئەورووپا وەک لانکەى شارستانیەتێک لەدواى جەنگى یەکەمى جیهانییەوە حیزب گەلێک سەریانهەڵدا مەبەستیان بوو شوناسى نەتەوە تێپەڕێنن چەمکى هاووڵاتى بوون و بەها مرۆییەکان و ئازادیى و تاکگەرایى شوێنى بگرێتەوە، ئێستا لە تەواوى وڵاتانى ئەورووپا ئەو حیزبانە لە پاشەکشەدان هەموویان کەوتونەتە بەر باهۆزى شەپۆلى راستڕۆ و نەتەوەپەرستەکانى خۆیان و ساڵ لەدواى ساڵ رێژە و پێگەى نەتەوەپەرستەکان لە بەرزبوونەوەدایە.
کوردى بەدبەخت لە هەموو قۆناخەکانى مێژووەوە تائێستاش، کە رووداوێک، پێشهاتێک لە ناوچەکەى دروستبووبێت و ئەگەر و چاوەڕوانى ئەوەى لێکرابێت دەرفەتێکى بچووکى تیایە بۆ رزگاربوون و سەربەخۆیى، گرووپگەلێک لەناوخۆیدا سەریهەڵداوە یان بەناوى برایەتى ئایینى، یان برایەتیى گەلان، یاخود ئەم تێز و قەوانە تازەیەى مۆدێلى دەوڵەتى نەتەوە بەسەرچووە، دەرفەتەکانیان لەباربردووە.
ئەمڕۆ بەهۆى ئامرازەکانى تەکنەلۆژیاوە بینینى جیهان، خوێندنەوەى مێژووى نەتەوە و وڵاتان زۆر ئاسان بووە، ئومێدەوارم تاکى کورد هەندێ بەچاوى کراوەترەوە لە دونیا بڕوانێت. ببینێت گەل و نەتەوەکانى دیکەى دونیا بۆ پاراستنى ناسنامە و خەسڵەت و تایبەتمەندی و سەروەریی نەتەوەییان خەریکى چین. شەڕ و ململانێ و ناکۆکییە گەورەکانى دونیا لەسەر بەرژەوەندى و دەستەبەرکردنى دڵنیایی سەروەرى نەتەوەییە. هیچ کام لە دەوڵاتانى دونیا ئامادەى سادەترین سازش نین لە ناسنامەکانیان، لە بستە خاکێکى سنووریان.
تەنانەت ئەو دەوڵەتانەى ئێستا لەناو یەک بلۆکێکدان بەناوى یەکێتیى ئەورووپا و سنوورى نێوان هەندێ لە وڵاتەکانیان، تەنیا هێما یاخود بۆیاخى سەر شەقامێکە، ئەگەر سبەینێ یەکێک لە وڵاتەکان بیەوێ مەترێک خاکى دراوسێکەى بخاتە ناو چوارچێوەى نەخشەى وڵاتەکەیەوە، بەشەڕ دێن. ئامادە نین دەستبەردارى ناسنامە و خاکى خۆیان بن.
ئیدی نازانم ئەم کوردە، ئەم داهێنانە سەیر و سەمەرانە لەکوێوە دەهێنێت: خاک گرنگ نییە، ناسنامە گرنگ نییە، دەوڵەت گرنگ نییە. گرنگ برایەتیی ئایینى و برایەتیی گەلانە!
.jpg&w=3840&q=75)


