دەرەنجامەکانی دوای شەڕی 40 رۆژە وەرچەرخانێکی قووڵیان لە شێوازی خوێندنەوەی ستراتیژی ئێران بۆ جوگرافیای دراوسێیەکانی دروست کردووە، بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، تاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە لەنێو هەموو دەروازە و سنوورەکانی دا، هەرێمی کوردستان تاکە ناوچەیە کە مەترسیی راستەقینەی هێرش یان بەکارهێنانی دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی تێدا بەدیدەکرێت.
هەڵوێستی فەرمی و راگەیێندراوی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە هەرێمی کوردستان نابێتە گۆڕەپان و دەروازەیەکی هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام ئەوە گومان و مەترسیی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان نەڕەواندووەتەوە.
ناواخنی نیگەرانییەکانی تاران تەنیا پەیوەست نییە بەوەی لە کاتی شەڕەکەدا روویداوە، بەڵکو پەیوەستە بە "توانای شاراوە" یان ئەو کاریگەییەی هەیەتی لەم ناوچەیەدا.
لە روانگەی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیی یان توانای ئەوەی تێدایە کە ببێتە هەڕەشەیەکی رژد (جیدی) بۆ سەر قووڵایی ئێران، هەرچەندە لە قۆناخی رابردوودا ئەم بژاردەیە کارانەکراوە.
لە دۆکتۆرینی ئەمنیی دەوڵەتانیش دا، مەترسییەک کە تەنیا "هەڵپەسێردراوە" و کارا نەکراوە، هێندەی هەڕەشەیەکی راستەوخۆ جێی بایەخ و حیسابه.
خاڵێکی دیکەی هەستیار شێوازی تێڕوانینی تارانە بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە ساتی رووداوەکاندا، ئێران پێیوایه کە هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا "قاچێکی لەنێو پلان و هاوکێشەی شەڕەکەدا بووە"، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەریی گوشار، هەڕەشە و ترسی لێکەوتەکاندا، قاچی خۆی لەنێو ئەو هاوکێشەیە هێناوەتە دەرەوە.
لە دنیای سیاسەت و ئاسایشی نەتەوەیی دا، جیاوازییەکی گەورە و بنەڕەتی هەیە لە نێوان لایەنێکدا کە لە بنەڕەت دا بەشێک نەبووە لە پلانێکی دژبەر، لەگەڵ لایەنێک کە وای بۆ دەچن لە نیوەی رێگەدا و بەهۆی گوشارەوە گەڕابێتەوە.
لە دۆخی یەکەم دا دەکرێت جۆرێک لە متمانەی ستراتیژی دروست ببێت، بەڵام لە دۆخی دووەم دا گومانێکی قووڵ دەمێنێتەوە؛ بەو مانایەی کە ئەگەر هەر کاتێک هاوسەنگیی هێز بگۆڕێت یان گوشارەکان کەم ببنەوە، ئەگەری گەڕانەوە بۆ نێو هەمان پلان هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
بۆیە رێکارەکانی زەیدی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نەک تاران نیگەران ناکات بەڵکو تاران لە "وێنە گەورەکەدا" ئەم هەنگاوانە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە داڕشتنی ئاسایشی داهاتووی خۆی و داخستنی هەمیشەیی ئەو هەڕەشە شاراوەیە دەبینێت.
ئەمە تەنیا نووسینێکە بۆ بەرچاوڕوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە لێدوانی راوێژکارێکی خامنەیی بەرامبەر داخستنی تولەڕێیەک نەیانخاتە هەڵەی خوێندنەوەی دۆخەکەوە.



