خەڵاتی نۆبڵ، یەکێکە لە بەناوبانگترین و گرنگترین خەڵاتە نێودەوڵەتییەکانی جیهان، کە ساڵانە دەبەخشرێتە ئەو کەسایەتی و رێکخراوانەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن.
ئەو بەشەی کە لە دونیادا زۆر مشتومڕ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خەڵاتی ئاشتییە. ئەم خەڵاتە جیاواز لەوانی دیکە، لە نەرویج دەبەخشرێت. رەنگە زۆر کەس پرسیاریان لا دروست ببێت، کە بۆچی خەڵاتی ئاشتی لە نەرویج دابەش دەکرێت؟
کاتێک "ئالفێرد نۆبڵ" وەسیەتنامەکەی نووسی، سوید و نەرویج لە چوارچێوەی یەکێتییەکدا بوون، کە لە ساڵی 1814دا دامەزرابوو، بەڵام لە لایەنی نەرویجەوە ئەم یەکبوونە ئارەزوومەندانه نەبوو، بەڵکو سەپێنراو بوو بەسەریدا.
بۆیە نۆبڵ بڕیاریدا خەڵاتی ئاشتی لە ئۆسلۆ دابەش بکرێت، چونکە پێی وا بوو، سیاسییە نەرویجییەکان بە بەراورد بە سویدییەکان زۆر ئاشتیخوازتر بوون.
مێژووی خەڵاتی نۆبڵ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەسیەتنامەیەی، کە ئالفێرد نۆبڵ پێش کۆچی دواییکردنی، بەشێکی زۆری سامانەکەی بۆ دروستکردنی سندوقێک تا ساڵانە قازانجەکەی دابەش بکرێت، تەرخان کرد بۆ ئەو کەسانەی لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەت بە جیهان دەکەن، کە خودی خۆی بە داهێنەری دینامیت ناسراوە. یەکەمین خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1901دا بەخشرا، کە لە رۆژی 10ی دیسەمبەری هەموو ساڵێک لە ساڵیادی مردنی ئەم کەسایەتییە دەبەخشرێت بە ئامادەبوونی پاشای سوید.
بەپێی وەسێتنامەی نۆبڵ، خەڵاتەکە لە سەرەتادا لە پێنج بواری سەرەکی پێک هاتبوو. بریتی بوون لە: فیزیا، کیمیا، دەرمان، ئەدەبیات، ئاشتی و هەروەها لە ساڵی 1968دا بەشی ئابووری بۆ زیاد کرا.
ئەو خەڵاتانەی کە دەبەخشرێن بریتین لە بڕوانامەیەک، مەدالیایەکی زێڕین کە وێنەی ئالفێرد نۆبڵی لەسەرە، هەروەها بڕە پارەیەک کە بەنزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەخەمڵێندرێن، ئەگەر هاتوو خەڵاتەکە بە هاوبەشی بدرێتە دوو یان سێ کەس، ئەوا پارەکە لە نێوانیاندا دابەش دەکرێت.
ئەم ساڵ لە بواری فیزیادا ملیۆنێک کرۆنی دیکە زیاد کرا بۆ بەشی فیزیا کە گرنگییەکی دیکەی هەبوو.
هەروەها کاریگەری زۆری بێرتا ڤۆن سوتنگەر بەسەر ئالفرێدەوە هەبووە، بۆ هاندانی تەرخانکردنی بەشێک لەسامانەکەی بۆ ئەم پرسە، ئەوکاتەی نۆبڵ لە پاریس بوو سوتنگەر سکرتێر و هاوڕێشی بوو، کە بە فریشتەی ئاشتی ناو دەبرا، نووسەر و ئاشتیخواز بوو، هەروەها یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئاشتیی ئەڵمانی.
ئەو کتێبە بەناوبانگەی کە زیاتر ناساندی لە ساڵی 1890دا بەناوی (چەکەکان دابنێن) بووە هۆی بانگەوازێکی گەرموگوڕ دژی عەسکەرتاری لە پێناو ئاشتی و ئاشتیخوازیدا بۆ جیهان.
ئالفێرد نۆبڵ ئامانجی لە خەڵاتی ئاشتی پشتگیریکردن بوو لەو کەسانە، کە دەستپێشخەری دەکەن بە پلەی یەکەم دژی عەسکەرتارییەت و جەنگ و دەیویست بەشداری بکات لە کارکردن بۆ داماڵینی چەک و چارەسەری ئاشتیی نێودەوڵەتی، بەڵام ئەمڕۆ تەنیا بەشێکی زۆر بچووک لەو کارە پێویستانە دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسی ئاشتی و سەقامگیری!
کریستین بێرگۆ سەرۆکی رێکخراوی ئاشتی و ناوبژیوانیی سویدی رەخنە لە پرۆسەی ئاشتی دەگرێت و دەڵێت تا ئێستا بڕە پارەیەکی خەیاڵی لە بواری سەربازی و چەکدا خەرج دەکرێت و جگە لەوەی کە پێداچوونەوەی بۆ سیاسەتی هەموو پارتییە پەرلەمانییەکان کردووە لە 11 بواری جیاوازی سیاسەتی ئاشتی و ئاسایشدا، ئەگەرچی جیاوازییەکی گەورەش هەبووە لە پەیڕەو و پرۆگرامەکانیاندا، بەڵام کۆدەنگییەکی فراوان لەنێوان پارتییە سیاسییەکاندا هەیە، سەبارەت بە پڕچەککردن و بەهێزکردنی سەربازی! ئەمە جگە لەوەی سوید هاوکارییەکانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کەم کردووەتەوە، ئەمە لە سەردەمێکدایە کە یاسای نێودەوڵەتی لەژێر هەڕەشەدایە و مافی بەهێزەکان دەخرێتە پێش سیستەمی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە!
بێرگۆ جەخت دەکاتەوە، کە بە یاسا و بەکارهێنانی ماف دەتوانرێت ریشەکێشیی جەنگەکان بکەین. ئەمە خۆی ئاماژەیەکە بۆ گرنگیی یاسای نێودەوڵەتی و ئەوەی نابێت رێگە بدرێت بێ سزا رزگاربوون هەبێت بۆ قورسترین تاوانەکانی وەک جێنۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.
خەڵاتی ئەمساڵی ئاشتی درایە ناڤی پیلای
پیلای یەکەم ژن بووە، کە نووسینگەی پارێزەری لە پارێزگای ناتال (ئەفریقای باشوور) کردووەتەوە لە ساڵی 1967دا، وەک پارێزەر و چالاکڤان لە سەردەمی ئەپارتاید کاری کردووەو داکۆکیکارێکی سەرسەختی چالاکڤانان و زیندانیانی سیاسی بووە. هەروەها یەکەم کەس بوو کە دەستدرێژیی سێکسی وەک «جێنۆساید» (کۆمەڵکوژی) ناساند لە دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا بۆ رواندا. لە ساڵی 1995دا ناڤی پیلای وەک دادوەر لە دادگای باڵای ئەفریقای باشوور دەستنیشان کرا. یەکەمین ئافرەتی رەشپێست بووە لە ساڵی 2003 کە بووەتە دادوەر لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) و دواتریش لەساڵی 2008 دا هەڵبژێردرا بۆ کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەم خانمە رۆڵی سەرەکی لە قەدەغەکردنی جیاکاریی رەگەزی، ئایینی و سێکسی لە دەستووری ئەفریقای باشووردا هەبووە، هەروەها هاودامەزرێنەری رێکخراوی جیهانیی Equality Now بۆ مافەکانی ئافرەتانە.
ناڤی پیلای بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئاداب و بەکالۆریۆسی لە یاسادا لە زانکۆی ناتال لە ئەفریقای باشوور بەدەست هێناوە، هەروەها دکتۆرای لە یاسادا لە زانکۆی هارفارد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتووە.
ئەم خانمە 85 ساڵە خاوەنی دوو کچە. بەخشینی خەڵاتەکە بەم یاساناسەی باشوور ئەفریقییا لای نەتەوە یەکگرتووەکان نموونەیەکی نوێیە لە لادانی سیاسەتتی ئێستاکەی جیهان، چونکە پیلای زیاتر بەوە ناسراوە، کە سەرۆکایەتی لیژنەیەکی UNی کردووە، کە تۆمەتی «جێنۆساید»ی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە لە غەززە لەساڵی 2025 دا ئەودەرئەنجامەی خستەڕوو هەروەها بە خوێناویترین ساڵی داناوە لە مێژووی 30 ساڵی رابردوودا. کە ئەوەش لەلایەن چەندین توێژەر و ئەکادیمییەوە ڕەخنەی توندی لێگیراوە و خستوویانەتە ژێر پرسیارەوە!
لای هەندێکی دیکەیش لە رەخنەگران پەیامی سەرەکی خەڵاتەکە کە گرنگیدانە بە یاسای نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە لە سەردەمێکدا کە جەنگەکان بەرزترین ئاستیان تۆمارکردووە و سەرکردەکانی جیهان سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکانیان لاواز کردووە.
خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لەلایەن پێنج ئەندامی پەرلەمانی نەرویجەوە دەستنیشان دەکرێن، ئەم بازنە بچووکە تێکۆشەرانی ئاشتیی جیهان دیاری بکەن، بەڵام وای لێهاتووە کە رۆژ بە رۆژ بێواتاتر و بێماناتر دەردەکەوێت ئاشتی لە سەرتاسەری جیهان و تەنها خەریکە دەبێتە دروشم.
وا هەست دەکرێت لەلایەن زۆر لە خەمخۆرانی ئاشتی کە چیتر نەرویج توانای بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکەی نامێنێ، کە ئالفێرد نۆبڵ خستییە دەستی ئەم وڵاتە، بۆیە دەبێت دەزگای نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم هەوڵ بدات بەرپرسیارێتیی خەڵاتی ئاشتی بگوێزرێتەوە بۆ سوید بە بۆچوونی زۆر لە شارەزایان.
ئەم خەڵاتە کە دەبێت لەلایەن شارەزایانی نێودەوڵەتیی ناسراو لە بوارەکانی دیپلۆماسی، چارەسەری ململانێکان و سیاسەتی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەگەر خەڵاتەکە رزگار نەکرێت، دەبێت دابخرێت و چیتر بەناوی ئاشتییەوە دنیا فریو نەدرێت.
ئالفێرد نۆبڵ دەیویست خەڵاتێک بۆ دەستکەوتە مەزنەکانی ئاشتی دروست بکات، بەڵام ساڵانێکە کۆمیتەی نۆبڵی نەرویجی ئەم خەڵاتەی کردووە بە خەڵاتێکی ساڵانە بۆ ئەو پرسانەی ئاکتیڤیزم، کە خۆی حەزی پێدەکات. خەڵاتێکی ئاشتی کە ئاکتیڤیزم و ئاشتی تێکەڵ بکات چیدی شایەنی ئەوە نییە ناوی خەڵاتی ئاشتیی لێ بنرێت، چونکە ئاشتی ئەنجامە گەورەکەی ئەوەیە کۆتاییهێنان بە جەنگ و دوژمنایەتییە نێودەوڵەتییەکان بهێنێت.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لەنێوان ساڵانی 1901 بۆ 2026دا 107 جار بەخشراوە.
وەرگرانی خەڵاتی نۆبڵ کە لە 113 کەسایەتیی تاكەکەس و 31 رێکخراو وەریانگرتووە.
کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور (ICRC) سێ جار خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرتووە لە ساڵانی 1917، 1944 و 1963.
کۆمسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دوو جار خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی وەرگرتووە لە ساڵانی 1954 و 1981.
ئایا نۆبڵی ئاشتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا ئامانجەکەی پێکاوە؟ یان کەسانی شایستە وەرگری بوون؟ کە سەیر دەکەین نەتەوەپەرستی و پڕچەککردنی سەربازی لە زیادبووندایە، ملیتاریزم نزیکبووبووەتەوە لەوەی ببێتە ئاینێک بۆ جیهان؟ وەک بەرهەڵستکارێک بۆ ئەمە، بزووتنەوەی ئاشتی کاتیەتی بچێتەوە سەر فارغۆنی سەرەتای بۆ لەدایکبوونی ئاشتی جارێکی دیکە لە جیهان.
تاوەکو جەنگی جیهانیی یەکەم، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، زیاتر دەبەخشرا بە کەسایەتی یان ئەو رێکخراوانەی کە لە چوارچێوەی فراوانی بزووتنەوەی ئاشتیدا کاریان دەکرد. یەکەم خەڵات لە ساڵی 1901 بە یەکسانی بەخشرا بە هێنری دونانت (Henri Dunant) و فرێدێریک پاسی (Frédéric Passy). دونانت دوای ئەزموونی جەنگە خوێناوییەکەی سۆلفێرینۆ (1859)، داوای کردبوو کە رێکخراوێک هەبێت هاوکاریی بریندارانی جەنگ بکات بێ گوێدانە نەتەوەکەیان، کە دواتر بووە هۆی دامەزراندنی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سور، بەڵام تەنانەت ئەم یەکەم خەڵاتەش رەخنەی لێکەوتەوە، چونکە هەندێک دەیانگوت خاچی سوور رەوایەتی دەدات بە جەنگ، چونکە چارەسەرکردنی بریندارەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان جەنگەکە مرۆییتر دەکات!
ئەم جۆرە رەخنەیە لە رۆمانی بەناوبانگی بێرتا ڤۆن سوتنگەر بە ناوی "چەکەکان دابنێن" وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێ دا بەناوازەیی باس کراوە. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمیشەوە تاوەکو ساڵی 1990، خەڵاتەکە کاریگەریی جەنگی سارد و نەتەوە یەکگرتووەکانی پێوە دیار بوو.
چەمکی ئاشتی هەر لە راگرتنی شەڕدا نەمایەوە، بەڵکو ئەم چەمکەش وەک زۆری دیکە گۆڕانکاری بەسەردا هات و فراوانتر کرا، بۆ نموونە لە ساڵی 2004 دا ژنە چالاکڤانی کینیا کە لە رێگەی چاندنی درەخت بەناوی Green Belt Movement و پاراستنی ژینگە و نەهێشتنی هەژاریی ژنان، پەیوەندیی نێوان ژینگە و ئاشتیی سەوزتر کرد.
محەمەد یوونسی، ئابووریناسی بە رەچەلەک بەنگلادیشی، توانی لە ساڵی 2006 خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، بەوەی هەستا بەخشینی قەرزی بچووک بە هەژاران و ژنان، چونکە هەژاری و نادادپەروەریی ئابووری، زەمینەسازی، سەرەکین بۆ تووندوتیژی و جەنگ.
لە ساڵی 2007دا، خەڵاتەکە بەخشرا بە پانێڵی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (IPCC) و (Al Gore) بۆ هۆشیارکردنەوە لەسەر مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەگەرچی هەندێک رێکخراوی ئاشتی رەخنەیان گرت کە ئەمە لە چەمکە کلاسیکییەکەی داماڵینی چەک دوورە، بەڵام نیشانی دا کە تێکچوونی کەشوهەوا دەبێتە هۆی شەڕی سەر سەرچاوە سروشتییەکان و تێکدانی ئاشتیی جیهانی.
ئەو کەسایەتییانەی کە بوونە جێی موشتومڕو بریتی بوون لە هێنری کیسینجەر وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و لێ دوک تۆ دیپلۆماتکار و شۆڕشگێڕێکی بەناوبانگی ڤێتنامی بوو، کە لە ساڵی 1973 هەڵبژێردران بۆ نۆبڵی ئاشتی بۆ ئاگربەستی ڤێتنام، لێ دوک تۆ رەتی کردەوە خەڵاتەکە وەربگرێت، ئەمەش وای کرد ببێتە یەکەم کەس لە مێژوودا کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رەت بکاتەوە!
هۆکاری سەرەکیی رەتکردنەوەکەشی ئەوە بوو که وڵاتەکەی (ڤێتنام) هێشتا لە جەنگدا بوو و ئاشتیی راستەقینە و سەربەخۆیی بەتەواو نەهاتبووە دی.
ئۆنگ سان سوچی لەدوای وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتی لەساڵی 1991 دا کە ساڵانێکی کەم دوای ئەم خەڵاتە چاوی خۆی نوقاند لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر بە موسولمانانی وڵاتەکەی کراو بووە هۆی ناڕەزایی.
یەکێکی دیکە لە کەسە تەمومژاوییەکان، یاسر عەرەفاتی سەرۆکی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی بوو، کە لە ساڵی 1994دا دیاری کرا بۆ وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتی، ئەمە وای کرد کۆرێ کریستیانسن، کە یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەکە دەست لەکارکێشانەوەی راگەیاند، پێی وابوو کە عەرفات لە رابردوودا تێوەگلاوە لە تووندوتیژی و تیرۆرزم و هەستی دەکرد کە زوو بوو بۆ خەڵاتکردنی ئەم کەسایەتییە لەو قۆناغەدا.
باراک ئۆباما و نۆبڵی ئاشتی لە ساڵی 2009دا، کە زۆر کەس بە مەترسیی دایاننا، چونکە تەنها 9 مانگ دوای دەستبەکاربوونی و پێش ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی کرداریی لە ئاشتیدا بەدەستبهێنێت خەڵاتەکەی پێدرا!
کۆمیتەی نۆبڵ بەهۆی بڕیارە سیاسییەکانییەوە، بڕست و بەهای ئەخلاقیی خەڵاتەکەی لەدەستداوە، زۆرینەیەک پێیان وایە، چونکە ئاشتیی راستەقینە پێویستی بە شتی زۆر زیاترە وەک دیپلۆماسی، سازش و ئازایەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو واقیعە سەختەی کە رەنگدانەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە.
ئەگەر ئێستا سەیرێکی رێککەوتنەکانی ئیبراهیمی بکەین، دەبیننین کە بەتەنها جارێد کۆشنەر پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەندین وڵاتی عەرەبییان ئاسایی کردەوەو رێگەیان خۆشکرد بۆ کردنی باڵیۆزخانەکان، هێڵی ئاسمانیی راستەوخۆ، بازرگانی، وەبەرهێنان و هاوکاریی ئەمنی. دوای دەیان ساڵ لە دوژمنایەتیی فەرمی، بنەمایەک بۆ بەیەکەوەژیانی هەرێمی دروست بووە! ئەم کەسایەتییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاری زیاتری بۆ ئاشتیی نێوان وڵاتان کردووە، بەبەراورد بە زۆربەی ئەو ئاکتیڤیستانەی کۆمیتەی نۆبڵ خەڵاتی کردوون. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کۆمیتەکە توانای دانپێدانانی بە دەستکەوتێکی لەم شێوەیەدا هەیە کاتێک ئیمزای ئیدارەی تڕەمپی بەسەرەوە بێت؟
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

