لە سیاسەتدا جیاوازیی نێوان سەرکردایەتی و ملمـلانێی حیزبی لەو کاتەدا دەردەکەوێت، کە چۆن بەرژەوەندییە گشتییەکان لە سەرووی بەرژەوەندییە بچووکە حیزبییەکانەوە دادەنرێن، سەرکردایەتی تەنها هونەری بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات نییە، بەڵکو توانای خوێندنەوەی هاوکێشە سیاسییەکان و ناسینی دەرفەتەکان و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان و دروستکردنی متمانەیە، سیاسەتمەدار لە کاتی سەرکردایەتیی خۆیدا تەنها بە هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر رکابەرانی ناوخۆدا هەڵناسەنگێندرێت، بەڵکو بەوەش هەڵدەسەنگێندرێت کە چەندە توانیویەتی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەکەی لە ناو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچە و جیهاندا بپارێزێت.
ماکس ڤێبەر بیرمەندی ئەڵمانی لە وتاری بەناوبانگی سیاسەت وەک پیشەدا جەخت لەسەر ئەخلاقی بەرپرسیارێتی دەکاتەوە، واتە سیاسەتمەدار نابێت تەنها بە نیەت و باوەڕەکانی خۆی هەڵبسەنگێنێت، بەڵکو دەبێت بەرپرسیاری ئەنجام و کاریگەریی کردارەکانی ببێت بەپێوەر، ئەم بنەمایە لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستاندا مانایەکی تایبەتی هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان لە هەمان کاتدا رووبەڕووی ئەرکی بەهێزکردنی دامەزراوە ناوخۆییەکان و پاراستنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی لە ناوچەکەدا بووەتەوە.
هەرێمی کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی و ئەو کاریگەرییەی لە هاوکێشەکانی عێراق و ناوچەکەدا هەیەتی، ناتوانێت سیاسەتی دەرەوەی خۆی تەنها لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئاساییەکانی نێوان حکومەتەکاندا بناسێنێت، هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکدا هەڵکەوتووە، کە تێیدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران و تورکیا، عێراق و سووریا بە شێوەیەکی ئاڵۆز تێکەڵ بوون و هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئەمنی لە هەر کام لەم وڵاتانەدا دەتوانێت کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر هەرێمی کوردستان دابنێت، لەو بارودۆخەدا دیپلۆماسی بۆ هەرێمی کوردستان تەنها ئامرازێک بۆ پاراستنی پەیوەندییە دەرەکییەکان نییە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی، توانای گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان مانەوە لە کەناڵە دیپلۆماسییەکان و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی دیدگا ناکۆکەکان، دەتوانێت بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتی سیاسی دروست بکات، کە بە ئامرازەکانی دیکە بەدەست نایەت.
لێرەوە گرینگی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەردەکەوێت، ئەو لە ماوەی سەرکردایەتیی خۆیدا هەوڵی پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان و بەردەوامبوونی کەناڵەکانی گفتوگۆی داوە، گرنگی ئەم رێبازە لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ناکۆکیدا پێویستی بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ هەیە، پەیوەندییەک کە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بە قوربانیی هیچ هێز و لایەن و هاوکێشەیەک بکرێت، بەجۆرێک دیبلۆماسیەت و دیدگای سیاسیی نەرم لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا ببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسیەت بەهەمیشەیی.
لە چوارچێوەی ئەم رێبازە دیپلۆماسییەدا بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی سەرکردەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) لە شاری ئەنتاڵیا، گرنگییەکی زیاتر لە بەشدارییەکی رێوڕەسمی و ئاسایی هەیە، ئەم سەردانە بە بانگهێشتی فەرمی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی کۆماری تورکیا ئەنجام دراوەو نێچیرڤان بارزانی لە 11 و 12ی تشرینی دووەمی 2026 لە کۆڕبەندی سەرکردەکاندا بەشدارە.
COP31 کۆڕبەندێکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لەگرنگترین پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان بۆ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا گواستنەوە بۆ وزەی پاک، دارایی ژینگەیی و هاوکاریی نێوان وڵاتان، لەم کۆڕبەندەدا سەرکردەکانی وڵاتان و حکومەتەکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی لەسەر بەرپرسیارێتیی هاوبەش و رێکارەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانی ژینگەیی گفتوگۆ بکەن.
لەوانەیە لە یەکەم تێڕوانیندا گۆڕانی کەشوهەوا بابەتێکی تەکنیکی و ژینگەیی بێت، بەڵام لە راستیدا بووەتە بابەتێکی ستراتیژیی سیاسی و ئابووری. کێشەکانی ئاو، وزە، خۆراک، کشتوکاڵ، بەبیابانبوون و وشکەساڵی بەتەنها کێشەی ژینگەیی نین، بەڵکوو پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی و سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و داهاتووی ئابووریی وڵاتانەوە هەیە.
بۆ هەرێمی کوردستان کە بەهۆی شوێنی جوگرافی و بارودۆخی کەشوهەوایییەوە رووبەڕووی کێشەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو و مەترسییەکانی دەبێتەوە، بەشداری لەم کۆڕبەندەدا دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی پێداویستییە ژینگەییەکان و گەڕان بەدوای هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەم پلاتفۆرمەدا گرنگی وەبەرهێنان لە وزەی پاک و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و پاراستنی کشتوکاڵ گەشەپێدانی ژێرخانی ژینگەیی و وەرگرتنی پشتگیریی تەکنیکی و دارایی بخاتە ڕوو ، لە لایەکی دیکەوە، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندێکدا کە سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان تێیدا کۆدەبنەوە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ دیدار و گفتوگۆی دوولایەنە و فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان و ڕەخساندنی زەمینەیەکی باش بۆ بەهێزکردنی پێگەی دیبلۆماسیی هەرێمی کوردستان، بەهای ئەم جۆرە بەشدارییانە تەنها بە ئامادەبوون لە هۆڵی کۆڕبەندەکەدا ناپێورێت، بەڵکو بە توانای گۆڕینی ئەو ئامادەبوونە بۆ پەیوەندیی نوێ و هاوکاری و دەرفەتی بەرژەوەندیی گشتی، کە سەرۆکی هەرێم لەم بوارەدا شارەزاییەکی باشی هەیەو تەنها سەرۆکی نادەوڵەتییە لە کۆڕبەندەکەدا کە ئەمەش مانای تایبەتی خۆی هەیە.
یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی ئەم دەرفەتە دیپلۆماسییە ئەو دیدارەیە کە نێچیرڤان بارزانی لە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ئەنجامی دا، ئەم دیدارە لە چەند رووەوە گرنگە. یەکەم؛ پرسی کورد لە سووریا تەنها بابەتێکی ناوخۆییی ئەو وڵاتە نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەوە هەیە.
دووەم؛ دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی داواکارییە کوردییەکان لە چوارچێوەی گفتوگۆ سیاسی و یاساییەکانی ئەو وڵاتە.
سێیەم؛ ئەم جۆرە دیدارانە دەتوانن ببنە بناغەیەک بۆ نزیککردنەوەی هەرێمی کوردستان و سووریا و فراوانکردنی هاوکاری لە بابەتە هاوبەشەکانداو بەسوودی هەردوولا.
لە روانگەیەکی فراوانترەوە ئەمە نیشان دەدات، کە دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە کۆڕبەندێکی جیهانیی ژینگەییدا بابەتی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردیش بخاتە ناو گفتوگۆکانەوە، ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دیپلۆماسیەت، واتە بەکارهێنانی هەر دەرفەتێکی نێودەوڵەتی بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی خۆت بە مەرجێک ئەوە لەگەڵ بنەماکانی هاوکاری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
بەڵام هیچ پێگەیەکی دیپلۆماسی ناتوانێت لە درێژخایەندا بەبێ بنەمایەکی بەهێزی ناوخۆیی بپارێزرێت، هەرێمی کوردستان لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەماندا چووەتە قۆناغێکی نوێی سیاسیەوە، قۆناغێک کە تێیدا پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە سنووری رکابەریی حیزبییەوە تێپەڕبن و بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر بە دامەزراوەکان و بەرژەوەندیی گشتی جێبەجێ بکەن، پەرلەمان لە سیستەمی دیموکراتیدا تەنها شوێنی کۆبوونەوەی نوێنەران نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکە بۆ رێکخستنی ناکۆکییەکان و چاودێریکردنی حکومەت و یاسادانان و گۆڕینی جیاوازییە سیاسییەکان بۆ پرۆسەیەکی یاسایی و دامەزراوەی و شەرعیەتدان بە دەسەڵاتەکانی دیکە، ئەگەر ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی پەرلەمان و یاسادا بەڕێوەببرێن، دەتوانن ببنە هۆی بەهێزکردنی دیموکراسی، بەڵام ئەگەر ببنە هۆی داخستنی دەرگای گفتوگۆ و تێکدانی متمانەی گشتی، ئەوا کاریگەرییەکانیان لە سنووری ملمـلانێی حیزبی تێدەپەڕێت.
ئیمانوێڵ کانت لە کتێبی ئاشتیی هەمیشەییدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئاشتی دۆخێکی خۆڕسک و بێبنەما نییە، بەڵکو پێویستی بە یاسا و دامەزراوە و رێککەوتنی سیاسی هەیە، ئەم تێڕوانینە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە ئارامیی ناوخۆ تەنها بە نەبوونی شەڕ و ملمـلانێی چەکداری بەدەست نایەت، بەڵکو بە بوونی دامەزراوەی بەهێز و رێککەوتنی سیاسی و کولتووری قبووڵکردنی جیاوازییەکان دێتە دی، لەبەر ئەوە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە جیاوازیی بۆچوون و رەخنەگرتن نەترسن، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەوەش لەبیر نەکەن، کە هەرێمی کوردستان خاوەنی بەرژەوەندییەکی هاوبەشە، کە نابێت ببێتە قوربانیی ملمـلانێی رۆژانەی حیزبی، سەرکەوتنی دیپلۆماسیی دەرەوەش تا رادەیەکی زۆر پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە، کە هەرێمی کوردستان لە ناوخۆدا چەندە توانای بەڕێوەبردنی ناکۆکی و پاراستنی سەقامگیریی خۆی هەیە.
بەشداریی نێچیرڤان بارزانی لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیا و هەوڵەکانی نێوەندگیری و بەردەوامبوون لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی داهاتوودا شوێن و دەنگی خۆی هەبێت، بەڵام ئەم دەرفەتانە کاتێک بە ئەنجامی درێژخایەن دەگەن، کە لەگەڵ ستراتیژییەکی روون بۆ ئاسایش و ئابووری و ژینگە و یەکڕیزیی ناوخۆدا ببەسترێنەوە، سەرکردایەتیی راستەقینە لەوەدا نییە کە بتوانێت هەموو ناکۆکییەکان لەناو ببات، بەڵکو لەو توانایەدایە کە ناکۆکییەکان بە رێگەی گفتوگۆ و یاسا بەڕێوە ببات و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی گشتی بپارێزێت، هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامبوون و پاراستنی پێگەی خۆی لە ناوچەیەکی پڕ لە گۆڕانکاری و ملمـلانێدا، پێویستی بە سیاسەتی ناوخۆییی دامەزراوەیی و دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ هەیە، چونکە ئایندەی هەرێمی کوردستان تەنها بە توانای بەڕێوەبردنی ئەمڕۆ دیاری ناکرێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی بنەمایەکی بەهێزی دیبلۆماسیەت بۆ ئێستا و ئایندە دیاری دەکرێت، نێچیرڤان بارزانیش لە ئەسڵدا بۆ ئەمە لە ئەنتاڵیایە.



