عێراق بەهۆی دزینی نەوتی خاو لە ناوچەی (جورف سەخر) لەوانەیە سەدان ملیۆن دۆلاری لەدەستدابێت. تۆڕە فراوانەکانی بەقاچاخبردن لە سەرانسەری عێراق دا، ساڵانە ملیاران دۆلار لە سامانی نیشتمانیی نەوت تاڵان دەکەن.
لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی رۆیتەرز کە لە 16ـی تشرینی دووەم دا بڵاوکرایەوە، تۆڕێکی فراوانی بە قاچاخبردنی نەوتی لە ناوچەی (جورف سەخر) لە باشووری بەغدا ئاشکرا کرد کە گرووپەکانی سەر بە (کەتائیبی حیزبوڵڵا) تێیدا بەشدارن. بەپێی زانیارییەکان، دزینی نەوت لەو ناوچەیە لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە و لە رێگەی کونکردن و راکێشانی نایاسایی لە بۆرییەکی سەرەکیی حکومەتی عێراقەوە بووە. دواتر نەوتەکە بۆ کۆگای نهێنیی ژێر زەوی گوازراوەتەوە و لەوێشەوە بە تانکەر بەرەو پاڵاوگە نایاساییەکان و شوێنەکانی دیکە بارکراوە.
ئەو بۆرییەی نەوتەکەی لێ دزراوە، رۆژانە توانای گواستنەوەی لانیکەم 200 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە تەنیا توانای گواستنەوەی بۆرییەکەیە، نەک ئەو قەبارەیەی کە بە کردەیی دزراوە. لێکۆڵەرانی عێراقی تاوەکو ئێستا قەبارەی وردی نەوتی بەتاڵانبراویان دیاری نەکردووە، هەرچەندە رۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆی بەهای نەوتە دزراوەکە لەوانەیە بگاتە سەدان ملیۆن دۆلار.
مۆدێلی ئابووریی قەبارەی دزینی نەوت لە (جورف سەخر)
بەپێی مۆدێلێکی ئابووری کە لەسەر بنەمای کۆی بەهای 200 بۆ 500 ملیۆن دۆلار و بە تێکڕای نرخی 65 بۆ 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت داڕێژراوە، دەردەکەوێت لە نێوان 2.5 بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە دوای ساڵی 2021ـەوە دزرابێت.
لە سیناریۆی بنەڕەتیدا (کۆی بەهای 350 ملیۆن دۆلار بە نرخی 75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک)، قەبارەی نەوتی دزراو لە ماوەی نزیکەی شەش ساڵ دا دەگاتە 4.7 ملیۆن بەرمیل، کە دەکاتە نزیکەی 2,200 بەرمیل لە رۆژێکدا (نزیکەی 800 هەزار بەرمیل لە ساڵێک دا). بەم پێیە، ئەم ئۆپەراسیۆنە ساڵانە نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار و مانگانە نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی بەرهەمهێنراوی عێراقی، بە تاڵان بردووە. بەوەش کۆی گشتیی بەهاکەی تاوەکو تشرینی دووەمی 2026 دەگاتە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار، هەرچەندە ئەم ژمارانە خەمڵاندنی مۆدێلێکن نەک قەبارەی فەرمیی پێوراو.
جیاوازیی نێوان خەمڵاندنەکان، باسی دوو ملیار دۆلار دەکرێت
لەگەڵ ئەوەش دا، خەمڵاندنێکی زۆر بەرزتر لە نێوخۆی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە. کەناڵی (حوڕە) لە 16ـی تشرینی دووەم دا لە زاری ئەندامێکی لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراقییەوە بڵاویکردەوە کە ئەم تۆڕەی بەقاچاخبردن ساڵانە بایی نزیکەی دوو ملیار دۆلار نەوت دەدزێت.
ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بە 75 دۆلار دابنرێت، بەدەستهێنانی ئەو پارەیە پێویستی بە دزینی رۆژانەی نزیکەی 73 هەزار بەرمیل نەوت (نزیکەی 27 ملیۆن بەرمیل لە ساڵێک دا) هەیە. ئەمەش 33 هێندەی ئەو قەبارەیەیە کە لە شیکارییە بنەڕەتییەکەی رۆیتەرزدا هاتووە. ئەم جیاوازییە گەورەیە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە و ژمارە بەرزەکە بە داتای فەرمیی توانای گواستنەوە نەوتی بۆڕییەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ژێرخانی لۆجستیی تۆڕەکە
لێکۆڵینەوەکان ژێرخانێکی گەورەی لۆجستییان ئاشکراکردووە. بەپێی دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک کە ئاژانسی ئانادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، دەست بەسەر نزیکەی 25 تانکەردا گیراوە کە توانای هەر یەکێکیان 36 هەزار لیترە.
توانای کۆی ئەم تانکەرانە پێکەوە 900 هەزار لیترە، کە هاوتایە لەگەڵ نزیکەی 5,660 بەرمیل نەوتی خاو. بە نرخی 70 بۆ 80 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، باری تەواوی ئەم کاروانە لە نێوان 396 بۆ 453 هەزار دۆلارە، بەڵام ژمارەی تانکەرە دەستبەسەرداگیراوەکان بە تەنیا ئەوە یەکلایی ناکاتەوە کە رۆژانە چەند کاروانیان کردووە.
تۆڕە بەرفراوانەکانی دیکەی بەقاچاخبردن
دۆسیەی (جورف سەخر) تەنیا بەشێکە لە ئابوورییەکی زۆر بەرفراوانتری بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراق دا. لە کانوونی یەکەمی 2024دا، لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی رۆیتەرز ئاشکرای کرد کە سووتەمەنیی قورس (نەوتی رەش) کە بە نرخی پاڵپشتیکراوی هەرزان بۆ کارگەکانی قیڕ تەرخان دەکرا، بەتاڵان براوە. قەبارەی نەوتی بەقاچاخبراو مانگانە لە نێوان 500 بۆ 750 هەزار تۆن بووە (نزیکەی 3.4 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل)، کە بەپێی سەرچاوە و پسپۆڕان، ساڵانە لانیکەم یەک ملیار دۆلاری بۆ ئەو گرووپانە دابین کردووە کە خۆیان بە گرووپەکانی بەرەی مقاوەمە دەناسێنن.
هاوکات بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ساڵی 2025ـی پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، دزینی نەوتی خاو لە کێڵگە جیاوازەکانی عێراق لەوانەیە رۆژانە لە 50 هەزار بەرمیل تێپەڕێت، کە مانگانە دەگاتە 100 ملیۆن دۆلار.
ئاڵنگاری بنەڕەتی بۆ دارایی عێراق
کۆی ئەم لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن کە سامانی نەوتی عێراق لە چەندین کەناڵی جیاوازەوە دەدزرێت. لە کونکردنی راستەوخۆی بۆرییەکانەوە تاوەکو ساختەکاری لە بەشەسووتەمەنیی پاڵپشتیکراوی کارگەکان. تەنانەت نزمترین خەمڵاندنەکانیش گوزارشت لە زیانی ئێجگار قورس دەکەن بۆ وڵاتێک کە داراییە گشتییەکەی بە رێژەی زیاتر لە 90% بەستراوەتەوە بە داهاتی نەوتەوە.
گرفتی سەرەکی ئەوەیە کە عێراق تاوەکو ئێستا خاوەنی داتای فەرمی و روون نییە لەبارەی قەبارەی راستەقینەی نەوتی دزراو، ماوەی کارکردنی ئەو تۆڕانە و کۆی ئەو داهاتەی دەست گرووپە چەکدارەکان کەوتووە. تاوەکو ئەو کاتەی بەراوردی سەربەخۆ لە نێوان پێوەرەکانی بۆڕی، جووڵەی تانکەرەکان و بەرهەمی پاڵاوگەکان نەکرێت، قەبارەی راستەقینەی ئەم زیانە ئابوورییە بە نادیاری دەمێنێتەوە.
ئەم ئامارانە لە کۆتاییدا پرسیارێکی چارەنووسساز دەخەنە بەردەم حکومەتی بەغدا. چەندە لە سامانی نەوت دەگاتە گەنجینەی گشتیی دەوڵەت و چەندەی لە نێو تۆڕە سێبەرەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی یاسادا تاڵان دەکرێت؟



