رووداو دیجیتال
هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق دوای ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە تووشی سێیەم شکت بوو، ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا کرد.
یارییەکانی پاڵەوانێتیی ئاسیا لە شاری تیانجینی چین بەردەوامە، هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق لە کۆمەڵەی یەکەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی چین، چینی تایپی و ئێران بوو.
خانمانی عێراق کە سەرپەرشتیار و راهێنەر لەگەڵ سێبەشی یاریزانەکانی کوردستانین، ئەمڕۆ سێشەممە تووشی سێیەمین دۆڕان بوون، دوای ئەوەی بە ئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی خانمانی ئێران دۆڕان، بەو ئەنجامەش تیپەکە ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
راندی مەتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق لە چینەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بەڕاستی بەشداریکردنمان لەو پاڵەوانێتییەدا دەسکەوتێکی گەورەیە، لەبەرئەوەی یەکەمجارە ناوی عێراق لەسەر ئاستی خانمان کەوتە نێو نەخشەی وڵاتانی ئاسیا، بەشێوەیەک بۆ ئێمە وەک خەونە بەهۆی ئاستبەرزی هەڵبژاردەکان".
لەو پاڵەوانێتییەدا باشترینەکان راستەوخۆ سەردەکەون بۆ یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی داهاتوو لە لوس ئەنجلۆس.
راهێنەری خانمانی عێراق روونیکردەوە "دەستخۆشی لە یاریزانەکانم دەکەم کە بۆ یەکەمجار لەنێو ئەو هۆڵە گەورەیە و ئەو هەموو هاندەرە یاری دەکەن، جیاوازی ئێمە رکابەرەکانمان زۆر بوو، ئێمە باڵا بەرزترین یاریزانمان 178 سانتیمەترە، کەچی هەڵبژاردەکانی دیکە کورترین یاریزانانیان 185 سانتیمەترە".
هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراق بە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی ئاسیا لە ریزبەندیی جیهانی هەنگاوێکی گەورەی بڕی، تیپەکە پێشتر لە پلەی 148 بوو ئێستا تیپەکە هاتە پلەی 74ـی ریزبەندی جیهانی.



