رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە عەگید کابایلی، بۆکسەری بەنێوبانگی کورد - ئەڵمانی یاری هەیە و رووبەڕووی نێڵسن هیسەی ئەلبانی دەبێتەوە. پێش یارییەکە لە وەڵامی رووداودا رایگەیاند، "دەبێت خەڵک هەمیشە بڕوایان پێمان هەبێت و بزانن کوردستان هەیە." هەروەها گوتی، ئامادەیە جارێکی دیکەش ئاڵای کوردستان بەرزبکاتەوە.
یارییەکە لەسەر پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهانیی WBCیە و هەردوو بۆکسەرەکە لە هیچ یارییەک نەدۆڕاون. بڕیارە رووبەڕووبوونەوەکە لە یاریگایەکدا لە دوسلدۆرفی ئەڵمانیا لەبەردەم نزیکەی 50 هەزار هاندەردا بەڕێوەبچێت.
کابایێل، کە وەک یەکەمین پاڵەوانی ئەڵمانی-کوردی WBC دەناسرێت، دوای ئەزموونی پێشووی لە ئۆبەرهاوزن، ئێستا لە یاریگایەکی گەورەتردا دەردەکەوێتەوە، لە کاتێکدا هیسە لە رۆژی نیشتمانیی ئەلبانیادا دێتە نێو یاریگەوە و یارییەکەش لەلایەن کوینزبێری پرۆمۆشنەوە رێکخراوە و راستەوخۆ لە پلاتفۆرمی دی ئەی زێد ئێن پەخش دەکرێت.
عەگید کابایل رایگەیاند، "هەستێکی زۆر نایابم هەیە، زۆر، زۆر ئامادەم لە رووی جەستەییەوە، بە شێوەیەکی زۆر باش مەشقمان کردووە، بەڵێ، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێم رۆژی شەممە بێمە نێو یاریگەوە."
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە کابایلی پرسی، کاتێک رۆژی شەممە دەچیتە ناو یارییەکە زیاتر لە 70 ملیۆن کورد لە سەرتاسەری جیهان، لە کوردستان و هەموو دنیاوە و هەروەها ئەڵمانییەکانیش لە ئەڵمانیاوە سەیرت دەکەن ئەمە چ واتایەک و چ پشتگیرییەکت پێدەبەخشێت؟
کابایل گوتی، "ئەمە بۆ من هەستێکە کە بە وشە وەسف ناکرێت.. جاری پێشووش ئەوەم گوت، ئەمجارەش هەمان شت دەکەم، جاری پێشوو مشتومڕ دروست بوو لەسەر ئەوەی کە بۆچی دوای یارییەکە تەنیا ئاڵای کوردستانم بەرزکردەوە، ئاڵای کوردستانیان دامە دەست، ئەگەر خەڵکەکە ئاڵای ئەڵمانیاشیان پێبدامایە، ئەوا هەردوو ئاڵاکەم بەرز دەکردەوە."
هەروەها گوتی، "ئەمە تەنیا قسەی سەر زار نییە، بەڵکو بەڕاستی لە دڵەوە هەستی پێدەکەم، چونکە وەک گوتم، ئێمە لە ئەڵمانیا لەدایک بووین، من هەموو شتێک لێرە فێربووم و زۆر سوپاسگوزاری ئەم وڵاتەم. ئێستاش لە رێگەی وەرزشەکەم و ئەم سەکۆیەی کە لەسەری وەستاوم ئەو چاکەیە دەدەمەوە."
کابایێل ئامادە نەبوو وردەکاریی پلانی یارییەکەی ئاشکرا بکات و گوتی: "سەرەتا هیچ لەبارەی پلانی یارییەکەمەوە ئاشکرا ناکەم و هیچ پێشبینییەک بۆ یارییەک ناڵێم، بەڵام دەتوانم شتێک بڵێم، لەوپەڕی ئامادەیی جەستەییدام، بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە چاوەڕێم شەوی شەممەم."
کابایل دەیەوێت بۆ گەلی کورد ببێتە دەنگێکی بەهێز و رایگەیاند، دەیەوێت ببێتە "رووناکییەک لە کۆتایی تونێلەکەدا و دەبێت خەڵک هەمیشە بڕوایان پێمان هەبێت و بزانن کە کوردستانێک هەیە.. هەمیشە دەڵێم: هەر بژی کورد و کوردستان!"
لە بەرامبەردا، نێڵسن هیسە باسی لە قۆناخی دوای رووبەڕووبوونەوەی پێشوو و کەمپی مەشقەکانی کرد و رایگەیاند: "ئێمە لە دوای دوایین رووبەڕووبوونەوە، پشوومان دا، پاشان چووینە کەمپی مەشقکردنمان، سوپاس بۆ خودا هەموو شتێک باش بوو. بە تەواوی ئامادەین و هیوادارین یارییەکی باش بکەین و وەک دەزانن، من هەمیشە واقیعیم. کەواتە دوای ئەوەی یارییەکە دەبەینەوە، یارییەکەی تر، یاریی دووبارە لە ئەلبانیا دەبێت، بۆیە بانگهێشتی هەمووتان دەکەم بێنە ئەلبانیا بۆ ئەوەی ببینن ئەلبانیا چەندە جوانە."
بەڵام کابایل گوتی، ئەو زۆر لە دوور دەڕوانێت. باشترە سەرنجی بخاتە سەر شەوی شەممە، "چونکە کەسێک دێت کە، باوەڕم پێ بکە، لە 14 هەفتەی رابردوودا هەموو شتێکی وەلا ناوە و لە مەشقەکاندا هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ."



