رووداو دیجیتاڵ
یانەی گەرمە کە لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقدایە، وەک میوان لەسەر یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی رووبەڕووی یانەی گازی باکوور بووەوە و بە ئەنجامی 1-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
تاکە گۆڵی یارییەکە و سێ خاڵی گرنگ بۆ یانەی گەرمە لە رێگەی ئەحمەد مەکەنزی لە خولەکی 39 تۆمارکرا.
دوای گۆڵەکە، یانەی گازی باکوور هەوڵێکی زۆری دا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و چەندین هەلی گۆڵکردنی مەترسیداری دروستکرد، بەڵام گۆڵپارێز و هێڵی بەرگری یانەی گەرمە بە تووندی رێگر بوون لە هەژاندنی تۆڕەکەیان و ئەنجامەکەیان پاراست.
ئەم بردنەوەیە یەکەم سەرکەوتنی عەدنان حەمەدـی راهێنەر بوو دوای گەڕانەوەی بۆ کارکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
بەم بردنەوەیە، گەرمە پێگەی خۆی لە لووتکەی ریزبەندی بەهێزتر کرد و بە شێوەیەکی کاتی بە جیاوازی 4 خاڵ لە پێش یانەی نەورۆز دێت، کە بڕیارە سبەی لەسەر یاریگای خۆی لە سلێمانی کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان بەرامبەر یانەی کارەبا یاری بکات.




