رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ سەرکەوتنێکی یاسایی بە ئەنجامی (3-0) بەسەر یانەی کەربەلادا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی یارییەکە بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی یاریزانانی یانەی میوان کۆتایی پێهێنرا.
یارییەکە بە دیمەنێکی نائاسایی دەستیپێکرد، کاتێک یانەی کەربەلا تەنیا بە حەوت یاریزانەوە هاتنە نێو یاریگا. کوڕانی خاپوور هەر لە سەرەتاوە باڵادەستیی خۆیان سەپاند و لە خولەکی 9ـدا لەرێگەی یاریزان ئیمپۆلی گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، بەر لەوەی شێرکۆ کەریم لە خولەکی 12ـدا گۆڵی دووەم بۆ زاخۆ زیاد بکات.
دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی زاخۆ، یاریزانی یانەی کەربەلا محەممەد باقر تووشی پێکان بوو و یاریگای جێهێشت. ناوبژیوانی یارییەکە بۆ ماوەی سێ خولەک چاوەڕێی گەڕانەوەی یاریزانەکەی کرد، بەڵام بەهۆی نەگەڕانەوەی و مانەوەی تەنیا شەش یاریزانی کەربەلا لەنێو یاریگادا، ناوبژیوان بەپێی یاساکانی تۆپی پێ فیکەی کۆتایی لێدا.
بەگوێرەی رێنماییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی یاریزانانی کەربەلا، یانەی زاخۆ بە ئەنجامی (3-0) بە براوەی یارییەکە هەژمارکرا و سێ خاڵی گرنگی خستە سەر کۆی خاڵەکانی؛ هاوکات پێشبینی دەکرێت یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سزای دارایی و کارگێڕیی دیکەش بەسەر یانەی کەربەلادا بسەپێنێت.




