رووداو دیجیتاڵ
یانەی مێردین سپۆری باکووری کوردستان، بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد و لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بورسا سپۆر بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 9ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی مێردین سپۆری باکووری کوردستان، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی بورسا سپۆر یارییکرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
لە خولەکی 21 تۆنیۆ تەکلیج گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی مێردین سپۆر تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی یانەکەی باکووری کوردستان کۆتاییهات.
لە خولەکی 81 کلیچی ئیهاناچۆ ئەنجامەکەی بۆ بورساسپۆر یەکسانکردەوە و تیپەکەی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە، بەڵام دڵخۆشییەکەیان زۆری نەخایاند.
لە خولەکی چواری کاتی زیادکراو، ژدراڤکۆ دیمیترۆڤ، گۆڵێکی جوانی بۆ مێردین سپۆر تۆمارکرد و یانەکە سێ خاڵی گرنگی لە یارییەکەدا بەدەستهێنا.
مێردین سپۆر لەکاتێکدا سێ خاڵی یارییەکەی بردەوە، رێگە بە ئامادەبوونی هاندەرانی یانەکە نەدرا لە یاریگادا پاڵپشتیی یانەکەیان بکەن.
یانەی مێردین سپۆر بەبردنەوەی ئەم یارییە بووە یەکەم یانە لەم وەرزەی خولی پلە یەکی تورکیادا، لە یاریگای بورسا سپۆر بردنەوە تۆماربکات و ژمارەی خاڵەکانی بۆ 15 خاڵ بەرزکردەوە و چووە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکە.




