رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ببێتە چارەسەر بۆ کێشەکانی ناوەڕاستی یانەکەی، کەچی بێرناردۆ سیلڤا لە ریال مەدرید بەرەو تاریکییەکی وەرزشی هەنگاو دەنێت، بە تەنیا 8 خولەک یاری کردن لەگەڵ مێرەنگی و 7 خولەک لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە 12ی مانگی رابردووەوە، بووەتە جێگەی پرسیارێکی گەورە لە ناو ناوەندە وەرزشییەکاندا.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی تیشکی خستە سەر ئەو قەیرانەی کە یاریزانەکە لە ژێر راهێنەرایەتی جۆزێ مۆرینیۆی، ئاماژەی بەوە کرد کە ونبوونی یاریزانە پێشووەکەی مانچێستەر سیتی لە گۆڕەپانەکەدا مایەی سەرسوڕمانە، بەتایبەت کە لەسەرەتای وەرزی نوێدا وەک قورساییەکی سەرەکی لە پلانەکانی مۆرینیۆ دەردەکەوت؛ کاتێک راهێنەرەکە رۆڵێکی پێبەخشیبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپ و خێراکردنی ریتمی یارییەکە.
بۆشاییەک کە پڕنەبووەوە
ئەم رۆڵە تەنیا تێپەڕینێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەرکەوتنی سیلڤا وەک چارەسەرێکی ریشەیی بۆ یەکێک لە گەورەترین کەموکوڕییەکانی ریال مەدرید لە وەرزەکانی رابردوودا دەبینرا، کە نەبوونی یاریزانێکی خاوەن دیدگا و هێمنی بوو لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا. بەڵام تەنیا دوای دوو مانگ لە کێبڕکێکان، یاریزانەکە بە هێواشی لە پلانەکانی مۆرینیۆ نەما.
رۆژنامەکە هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی ئاراستەی تەکتیکی راهێنەر دەگەڕێنێتەوە، کاتێک مۆرینیۆ بڕیاریدا پشت بە دووانەیەکی بەهێزی جەستەیی لە ناوەڕاستدا ببەستێت، کە پێکهاتوون لە ڤاڵفێردی و چوامینی؛ ئەمەش دەرفەتی بەشداریکردنی سیلڤای کەمکردەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئاستی بەرزی ئاردا گولەر و زۆری ئەستێرە هێرشبەرەکان لە پشت هێرشبەرەوە، سنوورێکی تووندی بۆ دۆزینەوەی پێگەی گونجاو بۆ بێرناردۆ دروستکرد.
لێدوانە سەرەتاییەکان و دابەزینی جەستەیی
لە سەرەتای مانگی هەشتدا، مۆرینیۆ بە لێدوانێکی گاڵتەئامێز باسی لە دۆخی جەستەیی یاریزانەکەی کردبوو و گوتی "ئەو یاریزانێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بەڵام یەکێکە لەو کەسانەی حەز بە نەکردنی هیچ کارێک دەکەن لە پشووەکاندا. کە لە کاتی پشووەکەیدا هیچ نەکات، بەڵام بە جەستەیەکی پاشەکشەکردوو گەڕایەوە و دەبێت باشتر ببێت".
ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر ئەو لێدوانەدا، تەمومژەکە لە دەوری پێگەی بێرناردۆ سیلڤا بەهێزتر بووە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانەی کە لە سەرەتای کاروانی پیشەگەرانەی لەگەڵ مۆناکۆ لە ساڵی 2014وە راهاتبوو لە هەموو وەرزێکدا نێوان 44 بۆ 58 یاری ئەنجام بدات و بە ستانداردی سەروو 3000 بۆ 4000 خولەک یاری بکات، تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا لەگەڵ ریال مەدرید تەنیا 282 خولەک یارییکردووە، کە زۆرینەی لە سەرەتای وەرزدا بوون و ئێستاش لە گۆشە تاریکەکانی کورسی یەدەگدا چاوەڕێی وەرچەرخان دەکات.




