رووداو دیجیتاڵ
یانەی بایرن میونشن دەبێتە میوانی یانە نوێیەکەی چامپیۆنزلیگ و لە یاریگایەک یاریی دەکات، تەنیا چەند هەزار کەسێک دەگرێت.
بایرن لە گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگدا، لە نەرویج بەرامبەر یانەی ڤایکینگی نەرویجی یاریی دەکات و بەدوای دووەم بردنەوەی لەسەریەک دەگەڕێت.
باڤارییەکان یەکەم یارییان لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا هەر بەرامبەر نەرویجییەکان بوو و بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەرامبەر بودۆ گلیمت بەدەستهێنا، یانەی ڤایکینگیش یەکەم یارییان بەرامبەر ئەڵمانییەکان بوو و لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر یانەی شتوتگارت دۆڕان.
یاریی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانە لە یاریگای لیسی ئارێنا بەڕێوەدەچێت، چیمەنی یاریگاکە دەستکردە، بەرزترین پلەی گەرما تێیدا لە 13 پلەی سیلیزی تێناپەڕێت و یاریگاکە تەنیا 16 هەزار هاندەر دەگرێت.
ئەمە یەکەمجارە ڤایکینگ بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا دەکات و یەکەم یاریی یانەکەیە بەرامبەر بایرن میونشن.
بەهای کۆی گشتی پێکهاتەی ڤایکینگ 56 ملیۆن یۆرۆیە، نرخی ئێستای میشێل ئۆلیسێ، ئەستێرەی بایرن میونشن بەتەنیا 180 ملیۆن یۆرۆیە و دەکاتە بەهای زیاتر لە 3 پێکهاتەی یانە نەرویجییەکە.




