رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان، پەردە لەسەر گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ لادەدرێتەوە، کە چەندین رووبەڕووبوونەوەی گەورە و چیرۆکی سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت، لە سەروویانەوە یاریی لووتکەی مانچێستەر سیتی بەرامبەر پاریس سانجێرمان، تاقیکردنەوەی مانچێستەر یونایتد لە مەدرید و گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ئیتاڵیا.
گواردیۆلا دەگەڕێتەوە ئیتیحاد؛ سیتی بەرامبەر پاڵەوانی ئەورووپا
دیارترین یاریی ئەم هەفتەیە لەسەر یاریگەی ئیتیحاد لەنێوان مانچێستەر سیتی و پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی دوو وەرزی رابردووی ئەورووپا دەبێت. چاوەکان لەسەر شوێنی میوانە تایبەتەکان دەبن، کاتێک پێپ گواردیۆلا، سەرکەوتووترین راهێنەری مێژووی سیتی بۆ یەکەمجار لە دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە مانگی پێنج ئامادە دەبێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە یانەکە لە دۆسێیەی سەرپێچییە داراییەکان تاوانبارکرا و پێپ پەیامێکی بەهێزی بۆ پشتیوانی لە یانەکە و هاندەرانی بڵاوکردەوە.
سیتی دوای بردنەوە گەورەکەی بەئەنجامی 3-0 لە لیڤەرپوول لە ئانفێڵد، بەورەیەکی بەرزەوە دەچێتە نێو یاریگەکە، هەرچەندە لە گەڕی یەکەم بە 2-0 لە پۆرتۆی بردبووەوە، بەڵام ئەرکی بەرامبەر تیپەکەی لویس ئێنریکێ ئاسان نابێت. پاریس لە یاریی یەکەم بە 6-1 لە سلۆڤان براتیسلاڤای بردەوە و فێران تۆرێسی هێرشبەری نوێی یانەکە هاتریکی تۆمارکرد؛ پاریسییەکان چاویان لەوەیە ببنە یەکەم تیپ سێ نازناوی لەسەریەکی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە دوای دەستکەوتەکەی ریال مەدرید لەگەڵ زیدان لەنێوان 2016 بۆ 2018.
کاریک دەتوانێت گرێکوێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بکاتەوە؟
مانچێستەر یونایتد دوای بردنەوەی 4-0 لە یانەی سەباحی ئازەربایجانی لە گەڕی یەکەم، ئەمجارە رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت دەبێتەوە لەسەر یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ بەرامبەر یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە میوانداری یاریی کۆتایی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەکات لە مانگی شەش. مایکل کاریکی راهێنەری یونایتد هەوڵدەدات بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا لە پێنجەمین رووبەڕووبوونەوەدا شکۆمەندیی بەسەر ئاتلێتیکۆدا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی لە چوار یاریی پێشوودا دوو شکست و دوو یەکسانبوونی تۆمارکردووە.
دیگۆ سیمیۆنی و یاریزانەکانی دەیانەوێت سوود لە یاریگە 70 هەزار کەسییەکەیان وەربگرن بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی 1-2 بەرامبەر لیڤەرپوول. لەم یارییەدا هەموو چاوەکان لەسەر جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی دەبن، کە بە درێسی سیتی و ئاتلێتیکۆ خاوەنی 25 گۆڵ و 10 ئاسیستە لە 43 یاریی چامپیۆنزلیگدا.
مۆرینیۆ بەدوای دەستپێکێکی بەهێزدا دەگەڕێت و دەگەڕێتەوە رۆما
ریال مەدرید دوای بردنەوەی زەحمەتی 2-1 بەرامبەر ئینتەر لە گەڕی یەکەم، روو لە ئیتاڵیا دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی رۆما. ئەم یارییە بۆ جۆزێ مۆرینیۆ تایبەتە، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یانەیەی لە ساڵی 2022 نازناوی کۆنفرانسلیگی لەگەڵ بەدەستهێنا و کۆتایی بە 14 ساڵ لە بێنازناوی یانەکە هێنا. لە لایەکی دیکەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر دوای وەرگرتنی کارتی سوور لە لالیگا بەرامبەر ڤیاڕیال لەژێر گوشارێکی زۆردایە، مۆرینیۆش داوای لە بەرگریکارانی کردووە چاودێری پاولۆ دیبالا بکەن کە چوار ئەسیستی لە شەش یاریی ئەم وەرزەی سێری ئادا تۆمارکردووە.
درەوشانەوەی ئانتۆنی گۆردۆن لە بارسێلۆنا
ئانتۆنی گۆردۆن یاریزانی بارسێلۆنا بەتەواوی لەگەڵ شێوازی یارییکردنی یانە کەتەلۆنییەکە گونجاوە؛ دوای تۆمارکردنی یەکەم گۆڵی لە بردنەوەی 3-0 بەرامبەر خیتافی لە کامپ نو، ئێستا لەگەڵ بارسێلۆنا گەشتی ئیستەنبووڵی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گاڵاتەسەرای. تیپەکەی هانزی فلیک لە یاریی یەکەمدا بە 5-1 لە فاینۆردی بردبووەوە، سەرەڕای پێکانی رافینیا، هێڵی هێرشبەری بەبوونی گۆردۆن و لامين یامال لە بەرزترین ئاستیدایە بۆ بردنەوە لە یانە تورکییەکە کە یاریی یەکەمی بە سپۆرتینگ دۆڕاندبوو.
ترۆی پارۆت بەردەوامە لە درەوشانەوە لەگەڵ ریال بێتیس
یانەی ریال بێتیس بۆ دووەمجار لە مێژوویدا بەشداری لە چامپیۆنزلیگ دەکات و بە گۆڵێکی ترۆی پارۆتی هێرشبەری ئێرلەندی لە لیلی بردەوە بەئەنجامی 3-2. پارۆتی 24 ساڵان کە لە تۆتێنهامەوە پێگەیشت و پێشتر بۆ چەندین یانە بەخواستن یاریی کردووە، بووەتە ئەستێرەی یەکەمی ئەندەلوسییەکان و دوای بردنەوەی 5-2 لە ئۆساسونا لە لالیگا، ئێستا پێشوازی لە یانەی پۆرتۆ دەکەن.
یارییەکانی شاختار لە لەندەن
چێڵسی ئەم وەرزە بەشداری لە ئەورووپا ناکات، بەڵام یاریگەی ستامفۆرد بریج دەبێتە میوانداری یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بۆ یانەی شاختار دۆنێتسکی ئۆکراینی، کە بەهۆی جەنگی رووسیاوە لە ساڵی 2014ـەوە ناتوانێت لە یاریگەی خۆی یاری بکات. شاختار لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە لەندەن رووبەڕووی ئایک ئەسینا دەبێتەوە، دواتریش میوانداری سپۆرتینگ، فێنارباخچە و ریال مەدرید دەکات لە مانگی یەکی داهاتوودا، کە دەبێتە گەڕانەوەیەکی دیکەی مۆرینیۆ بۆ یاریگەی یانەکەی پێشووی لە رۆژئاوای لەندەن.




