رووداو دیجیتاڵ
مێژووی تۆپی پێ پڕە لە چیرۆکی سەیر و نەبیستراو، دەربارەی چاودێریکردنی وردی یاریزانان لە دەرەوەی یاریگا؛ لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکان و دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لە یانە شەوانەکان لەلایەن راهێنەرانی وەک سێر ئەلێکس فێرگسۆن و بەڕێوەبەرانی وەک لوچیانۆ مۆجی، تاوەکو دەگاتە گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لە ئیتاڵیا و بەکرێگرتنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی هەواڵگری، لە سەردەمی نوێدا بۆ پشکنینی پێشینەی ئەو ئەستێرانەی گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت.
سیخوڕەکانی فێرگسۆن
لە شەوێکی ساڵی 1992ـدا، سێر ئەلێکس فێرگسۆنی راهێنەری مانچێستەر یونایتد لە ئاهەنگێکی فەرمیدا بوو لە شاری مۆرکامب، کاتێک زانیاریی پێگەیشت کە یاریزانە لاوەکەی، لی شارپ، ئاهەنگێکی شەوانەی لە ماڵەکەی خۆیدا لە مانچێستەر سازکردووە و رایان گیگز و سێ یاریزانی لاوی دیکەی یانەکەی بانگهێشت کردووە. ئەمە یەکەمجار نەبوو فێرگسۆن ئاگاداری ژیانی تایبەتی یاریزانەکانی بێت، چونکە پێشتریش زانیبووی کە دوو رۆژ پێش یارییەکی گرنگ، ئەو یاریزانانە سەردانی یانەی شەوانەیان کردووە.
فێرگسۆن ئاهەنگەکەی بەجێهێشت و بە ئۆتۆمبێلەکەی چوو بۆ ماڵی شارپ؛ کاتێک گەیشت، بینی یاریزانەکانی لەگەڵ ژمارەیەک ئافرەت سەرقاڵی دەستگەمەن، فەرمانی بە هەموو میوانەکان کرد بڕۆنە دەرەوە و بە تووڕەییەوە یاریزانە لاوەکانی سەرزەنشت کرد. ئەو سزایەکی قورسی بەسەر شارپدا سەپاند و فەرمانی پێکرد ماڵە نوێیەکەی و ئامێرەکانی مۆسیقا و تەنانەت سەگەکەشی بفرۆشێت و بگەڕێتەوە بۆ ژیان لە ژێر چاودێریی ژنێکی بەساڵاچوو، کە یانەکە پێشتر گرێبەستی لەگەڵ کردبوو بۆ مانەوەی یاریزانە گەنجەکان بە رێسای زۆر تووند، لە ماڵەکەی ئەودا.
فێرگسۆن هەر یەکێک لە یاریزانەکانی، بە بڕینی مووچەی مانگێک سزادا و هەڕەشەی لە گیگز کرد، کە هەموو شتێک بە دایکی دەڵێت. نهێنیی گەیشتنی ئەم زانیارییانە بۆ فێرگسۆن لە سەردەمی پێش مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بوونی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی و هەواڵدەری تایبەت بوو لەنێو ژیانی شەوانەی شاری مانچێستەر کە چاودێریی یاریزانەکانیان دەکرد.
فێرگسۆن لەو رۆژگارەدا، سیخوڕی لە هەموو یانە شەوانەکانی شاری مانچێستەر دانابوو، ئەو سیخوڕانە دەبوو لەگەڵ دەرکەوتنی هەر یاریزانێکی تیپەکەی فێرگسۆن لە یانە شەوانەکان، دەستبەجێ هەواڵەکەی پێ بدات، تاوەکو کەس لە رێنوێنییە تووندەکانی ئەو راهێنەرە، لانەدات.
مۆجی بۆچی مارادۆنای راونا؟
لە ئیتاڵیاش شێوازی هاوشێوە هەبوو؛ لە مانگی 8ـی 1990 دیێگۆ مارادۆنا لەگەڵ کارێکای بەرازیلی و پێنج یاریزانی دیکەی ناپۆلی، کەمپی مەشقی تیپەکەیان بەجێهێشت بۆ بەسەربردنی کات لە یانەیەکی شەوانەی کەناری دەریای ئەدریاتیک، پێش یارییەکی دۆستانە بەرامبەر بۆڵۆنیا. لۆچیانۆ مۆجی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوکاتی ناپۆلی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەلبێرتۆ بیگۆنی راهێنەر، هەر یەکێکیانی بە بڕینی 5 ملیۆن لیرەی ئیتاڵی لە مووچەکانیان سزادا.
ساڵانێک دواتر، کاتێک مۆجی بووە کەسی یەکەمی یوڤێنتوس، سیستمی چاودێرییەکەی زۆر پێشکەوتووتر کرد. ئەو رێگای بە یاریزانان دەدا، رۆژانی یەکشەممە بچنە یانەی شەوانەی هۆلیوود لە میلانۆ، بە مەرجێک لە ناوەڕاستی هەفتەدا تیپەکەیان لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، یاریی نەبێت.
داڤید ترێزێگێی هێرشبەری فەرەنسی، سەرپێچیی رێنوێنییەکانی کرد و دوای دوو ئاگادارکردنەوە، مۆجی لە جاری سێیەمدا پلانێکی دانا؛ کاتێک ترێزێگێ دوای یاریی لە خۆشۆردن بوو، مۆجی بە خێرایی بە ئۆتۆمبێل چوو بۆ میلانۆ و لەبەردەم دەرگای یانە شەوانەکە چاوەڕێی دەکرد. کاتێک ترێزێگێ گەیشت، بە بینینی مۆجی شۆک بوو. مۆجی بە تەنزەوە پێیگوت "چ رێکەوتێکی خۆشە داڤید! منیش لێرەم و دەتوانم بتگەیەنمەوە ماڵەوە، با بڕۆین"، بەمەش ترێزێگێ ناچار بوو راستەوخۆ بگەڕێتەوە تۆرینۆ و بەتووندی سزادرا. مۆجی فەلسەفەکەی بەوە کورتکردەوە "ناتوانیت کۆنتڕۆڵی هەموو شتێک بکەیت، بەڵام بەڕێوەبەری وەرزشیی باش دەبێت ئەو وێنایە بدات کە کۆنتڕۆڵی هەموو شتێکی پێیە".
لەلایەکی دیکەوە، مۆجی کاتێک دەیزانی پاوڵۆ مۆنتێرۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوایی، حەزی لە شەونخوونییە و تاوەکو کاژێر سێی شەو لە دەرەوە دەمێنێتەوە، رێگری لێنەدەکرد چونکە لەنێو یاریگادا باشترین بوو، تەنانەت دوای هاوسەرگیری کاتێک ئاستی دابەزی بەهۆی زوو خەوتنەوە، داوای لێکرد بگەڕێتەوە سەر شێوازی ژیانی پێشووی.
ئینتەر سیخوڕی بەسەر ڤیێرییەوە دەکرد
لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2004، دۆخی چاودێریکردن لە ئیتاڵیا لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو، کاتێک یانەی ئینتەر بەرپرسانی ئاسایش و کۆمپانیای پەیوەندییەکانی 'تیلیکۆم ئیتاڵیا'ی بەکارهێنا بۆ سیخوڕیکردن بەسەر کریستیان ڤیێریی هێرشبەری یانەکەی و بەدەستهێنانی تۆماری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی و چاودێریکردنی جووڵەکانی.
ڤیێری لە ساڵی 2006 بەمکارەی زانی و سکاڵای یاسایی لە دژی ئینتەر و کۆمپانیاکە تۆمارکرد. لە ساڵی 2012 دادگای میلانۆ بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بە یەک ملیۆن یۆرۆ بۆ دەرکرد، بەڵام لە ساڵی 2015 دادگای پێداچوونەوە قەرەبووەکەی بۆ 80 هەزار یۆرۆ کەمکردەوە و ناچاری کرد 920 هەزار یۆرۆ بگەڕێنێتەوە. دادگا ئەم چاودێریکردنەی بە ناپاکییەکی گەورە بەرامبەر متمانەی نێوان کارمەند و دامەزراوەکە ناوبرد.
لێکۆڵینەوە بەر لە گرێبەست
لەگەڵ زیادبوونی تێچووی گرێبەستەکان، یانەکان دەستیانکرد بە پشکنینی ژیانی ئەو یاریزانانەی کە دەیانەوێت گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکەن. لە مانگی 5ـی 2011، مانچێستەر سیتی ویستی گرێبەست لەگەڵ ئەلێکسیس سانچێزی هێرشبەری چیلی لە یانەی ئۆدینێزی بکات؛ سکاوتەر باری، راپۆرتێکی 56 لاپەڕەیی ئامادەکرد کە تەنیا باسی تاکتیک نەبوو، بەڵکو باسی خولیای سانچێز بۆ تێنس و پیانۆژەنین، رەفتاری لەگەڵ گوشار و توانای گونجانی لە ژینگەی نوێ لەخۆدەگرت. هەرچەندە سانچێز لە کۆتاییدا چوو بۆ بارسێلۆنا، بەڵام ئەم دۆسیەیە پێشانیدا چۆن پشکنینی دەروونی و تایبەتی بووەتە مەرجی پێشوەختەی گرێبەستە گەورەکان.
10 راپۆرت لەسەر هەر یاریزانێک
تۆماس فرانک، راهێنەری پێشووی برێنتفۆرد ئاشکرایکردبوو، یانەکەی پێش کڕینی هەر یاریزانێک، لانیکەم 10 شایەتحاڵ و راپۆرتی لەسەر رەوشت و کەسایەتیی ئەو یاریزانە لە سەرچاوەی جیاواز کۆدەکاتەوە و یەک راپۆرتی نەرێنی، بەسە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە.
نموونەی دیار، گرێبەستکردن بوو لەگەڵ ڤیتالی یانێڵتی ئەڵمانی لە ساڵی 2020 لە یانەی بۆخوم؛ لی دایکسی بەرپرسی گرێبەستەکانی برێنتفۆرد، کاتێک بینی یاریزانەکە کەم یاری دەکات، بۆ زانینی هۆکارەکەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەری ئەو چێشتخانەیەوە کرد لە ئەڵمانیا کە یانێڵت بەردەوام نانی لێ دەخوارد تاوەکو لە رەفتاری رۆژانەی تێبگات. دواتر گرێبەستەکە بە 500 هەزار پاوەند کرا و یانێڵت بووە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی برێنتفۆرد بۆ پرێمەرلیگ.
کۆمپانیای هەواڵگری بۆ یاریزانان
ئێستا کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر یاریزانان، بووەتە پیشەسازییەکی بازرگانیی گەورە؛ بەپێی راپۆرتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، لە ساڵی 2025ـدا یانەکان 13.08 ملیار دۆلاریان لە گواستنەوەی نێودەوڵەتیدا خەرجکردووە. لەبەر ئەم سەرمایە زەبەلاحە، یانەکان پشت بە کۆمپانیا هەواڵگری و دیجیتاڵییەکانی وەک 'سیسیرۆ'، 'ئین سایت ئێکس' و دەستە یاساییەکان دەبەستن.
ئەم کۆمپانیایانە بە زیاتر لە 40 زمان لێکۆڵینەوە لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پۆستە کۆنەکان، پەیوەندییە داراییەکانی خێزان و بەڕێوەبەرانی کاردەکەن. لە چەندین حاڵەتدا، بەهۆی پۆستی نەشیاوی کۆن لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یان گومانی دارایی لەسەر خێزانی یاریزانەکە، یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ لە کڕینی ئەو یاریزانانە پەشیمان بوونەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، یاساکانی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان لە ئەورووپا (GDPR) سنووردارکردنی تووندیان خستووەتە سەر بەکارهێنانی زانیارییە پزیشکی و تایبەتییەکان، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەگەر لە ساڵی 1992 فێرگسۆن رووبەڕوو شارپ و گیگزی سزادابێت، ئێستا یاریزانێک رەنگە گرێبەستێکی گەورەی لەدەستبچێت تەنیا لەبەر ئەوەی راپۆرتێکی نهێنیی کۆمپانیایەکی چاودێری رەفتارێکی تایبەتیی ئەوی بە مەترسی بۆ سەر ناوبانگی یانەکە هەژمارکردووە بەبێئەوەی خۆی پێی بزانێت.




