رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگای بردنەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی گازی عەنتاپ یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی سوپەرلیگ، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی غازی عەنتاب دەبێتەوە و دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک بەرامبەر گاڵاتەسەرای و ریزەسپۆر، یانەکە دەیەوێت ئەنجامەکانی باشتربکات و بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات.
شەوی هەینی، شاندی یانەی ئامەدسپۆر گەیشتە گازی عەنتاپ و بۆ یارییەکە ئامادەیە، ئەمە یەکەم یاریی تیپەکەیە دوای ئەوەی گرێبەستی ئێمبای دیانێ، لەگەڵ یانەکە هەڵوەشێنرایەوە.
لە یارییەکەدا بەهۆی سزادانەوە ساموێل بالێت، ئەستێرە و هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆر بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام یاریزانەکانی دیکە ئامادەن و چاویان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
ئامەدسپۆر ئێستا بە 7 بردنەوە، لە 12 یارییدا خاوەنی 23 خاڵە و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکەیە و بەبردنەوە بەشێوەیەکی کاتی دەچێتە پلەی سێیەمی ریزبەند.
یانەی گازی عەنتاپ، لەم وەرزەدا تەنیا دوو بردنەوەی هەیە، 8 یاریی دۆڕاندووە و بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئاستی خراپی ئەو یانەیە هەلێکە بۆ ئامەدسپۆر بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.




