رووداو دیجیتاڵ
لە شەوێکی مێژووییدا لە یاریگەی ئارێنای شاری دوسلدۆرفی ئەڵمانیا و بە ئامادەبوونی نزیکەی 50 هەزار هاندەر، ئاگیت کەبایەل، پاڵەوانی کوردی کێشی قورسی جیهان، لە یەکەم بەرگریی فەرمیی پشتێنی زێڕینی (WBC)ـدا رووبەڕووی نێڵسن هیسای ئەلبانی دەبێتەوە. یارییەکە کاژێر 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر دەستپێدەکات.
ئاگیت کەبایەل کە یەکەم کوردە لە مێژوودا لە کێشی قورسدا بووەتە پاڵەوانی جیهان، ماوەی 14 هەفتەیە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکات. هێزی سەرەکیی ئەو لە لێدانە یەک لەدوای یەک و ماندووکەرەکانییەتی بۆ سک و کەمەر، لەگەڵ جووڵەی خێرای پێیەکانی. کەبایەل هەمیشە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات و لە یاریگەکاندا بە دەنگە دلێرەکەی دەڵێت: بژی کورد و کوردستان.
ئاگیت کەبایەل لەبارەی رووبەڕووبوونەوەکەوە گەشبینە بە پاراستنی نازناوەکەی و دەڵێت: بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن دەهێنم و پشتێنەکە لەگەڵ خۆم دەبەمەوە. تاوەکو بگەم بەم ساتە زەحمەتیی زۆرم کێشاوە و ساڵانێکە بۆ گەیشتن پێی خەباتمان کردووە. زۆر باش ئامادە بووم و ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە. دەمەوێت ئەو خەڵکانەی باوەڕیان پێمە و هەمیشە پشتگیریم دەکەن، جارێکی دیکە شانازیم پێوە بکەن؛ هەروەها دەمەوێت کورد و ئاڵای کوردستان بۆ سەر شانۆی گەورە و سەر نەخشەی جیهان بهێنم.
کەبایەل لەدایکبووی لیڤەرکۆزن و نیشتەجێی بۆخومی ئەڵمانیایە، بە رەچەڵەک کوردە و خەڵکی ناوچەی بازارجیخی باکووری کوردستانە. لە تەمەنی 34 ساڵیدا، بە 27 بردنەوە و بێ هیچ دۆڕانێک، دوای ئەوەی لە حوزەیرانی 2026ـدا ئۆلێکساندر ئوسیک دەستبەرداری پشتێنەکەی بوو، کەبایەل بە فەرمی بووە پاڵەوانی (WBC). بەڵام ئەمجارە رکابەرێکی سەخت لەبەردەمیدایە کە نێڵسن هیسای تەمەن 42 ساڵە و ناسراوە بە هەڵۆی ئەلبانی و خاوەنی 25 بردنەوەیە.
نێڵسن هیسا لەبارەی ئامادەکارییەکانییەوە دەڵێت: کەمپی مەشق و راهێنانەکان زۆر باش بوو، ئامادەکارییەکی زۆر سەخت و چڕمان کرد و پێموایە گەورەترین کەمپی مەشق بوو لە ژیانمدا. زۆر بە جۆش و خرۆشم بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، بردنەوەی پشتێنەکە و بۆ یەکەمجار چوون بۆ کالیفۆرنیا بۆ رکابەریکردن لەسەر پشتێنی پاڵەوانێتیی جیهان.
بڕیارە کاژێر 11:00ـی شەو بە کاتی ئەڵمانیا و 01:00ـی بەرەبەیان بە کاتی هەولێر، زەنگی دەستپێکی یارییە 12 گەڕییەکە لێبدرێت. هاندەرە کوردەکان چاوەڕێن و دڵنیان کە کەبایەل تاجی جیهانی دەپارێزێت و پشتێنە زێڕینەکە بە ئاڵای کوردستانەوە بەرز دەکاتەوە.
ئامیرا لینا بالا، یەکێک لە هاندەرە کوردەکان دەڵێت: بەڕاستی ئەم شەڕە بۆ ئێمەی کورد زۆر تایبەتە، چونکە شانازی بە ئاگیت و دەستکەوتەکانییەوە دەکەین. لە هەموو شتێک گرنگتر دڵخۆشین بە ئاگیت و وەک وەرزشڤانێک جێگەی شانازییە؛ هەموومان نزای سەرکەوتنی بۆ دەکەین و بە دڵەوە هیوادارین سەرکەوتوو بێت.
بەم یارییە، کوردێک دەچێتە سەر ستەیجی گەورەترین رووبەڕووبوونەوەی جیهان، بۆ ئەوەی هەمان ئەو مێژووە دووبارە بکاتەوە کە محەممەد عەلی کلای و مایک تایسۆن تۆماریان کردووە.



