رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەرازیل، رۆژی پێنجشەممە، چەندین یاریزانی لە نێوخۆی وڵاتەکەدا دەستگیرکرد، کە یەکێکیان داڤید کۆریا فۆنسێکای هێرشبەری یانەی ڤاسکۆ دا گامایە، ئەوەش بەتۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوێکی مافیایی.
یاریزانەکان تۆمەتبارکراون بەهاوکاریکردنی گرووپێکی مافیایی کە لە بواری بازرگانیی هۆشبەر و چەکدا چالاکبوون.
پۆلیسی بەرازیل هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، ئاشکرایکردووە یەکێک لە یاریزانەکان، لە نێو کەمپی مەشقی رۆژانەی یانەکەیدا دەستگیرکراوە.
پاش دەستگیرکردنی یاریزانە تۆمەتبارەکان، دادگای ویلایەتی ئێسپرێتۆ سانتۆ، بڕیاری بەندکردنی کۆریا و هاینەر موگاردیم کۆردیرۆی بەرگریکاری یانەی نۆڤای لە دووی وڵاتەکەی دەرکرد، پاشئەوەی ناوی ئەو یاریزانانە، لە چەندین لێکۆڵینەوە پۆلیسدا لەبارەی چالاکییەکانی ئەو گرووپە مافیاییەوە، دووبارە بوونەوە.
پۆلیسی ریۆ دی جانێرۆ ئاشکرایکردووە، کۆریای 31 ساڵان، لە نێو سەنتەری مەشقی یانەی ڤاسکۆ دا گامادا دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا هەندێک لە میدیاکانی وڵاتەکە، گرتەی ڤیدیۆیی دەستگیرکردنەکەیان بڵاوکردووەتەوە کە ئەو هێرشبەرە، بەیاوەریی پۆلیس بنکەی مەشقەکان بەجێدەهێڵێت.
بڵاوکراوەی پۆلیسی بەرازیل، دەڵێ، کۆریا رووبەڕووی تۆمەتی "هەوڵدان بۆ کوشتن و ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تاوانکاری چەکدار، کە بازرگانیی هۆشبەر و سەرانە لێسەندن دەکات، دەستگیرکراوە". ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر هەیە پەیوەندی لەگەڵ گرووپی 'کۆماندۆ فێرمێلۆ'ی چەکداردا هەبێت.
یانەی ڤاسکۆ دا گاما لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، تیمی پارێزەرانی یانەکە، لەبەردەستی ئەو یاریزانەدا دەبن، بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسێیەکەی و پێشهاتەکان.
لە بەرامبەردا، کۆردێرۆ کە یەکێکی دیکەیە لە گومانلێکراوەکان، بەئامادەبوونی پارێزەی یانەکەی، خۆبەخۆ، خۆی رادەستی بەرپرسانی شاری گۆیانیا کرد، لە ناوەڕاستی بەرازیل.
یانەی گۆیانیا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، یاریزانەکەی هەموو تۆمەتە ئاراستەکراوەکان، رەتدەکاتەوە.




