رووداو دیجیتاڵ
لەبەردەم زیاتر لە 53 هەزار هاندەر کە زۆربەیان کورد بوون و بە ئاڵای کوردستانەوە یاریگایان هەژاندبوو، بۆکسێنەری کورد عەگید کابایێل توانی لە گەڕی دووەمدا بە لێدانی ناکاوت لە نیڵسن هیسای ئەلبانی بباتەوە و پارێزگاری لە پشتێنی کێشی قورسی (WBC) بکات.
کابایێل پێش دەستپێکردنی شەڕەکە بەڵێنی دابوو کە "هێزی کورد پێشانی دنیا دەدەم". لەسەر گۆڕەپانی یاریگای مێرکور سپیل ئارینا لە شاری دوسڵدۆرفی ئەڵمانیا، بۆکسێنەرە کوردەکە هەر لە چرکەکانی سەرەتای گەڕی یەکەمەوە بە خێرایی دەستەکانی و لێدانە بەهێزەکانی، هیسای رکابەری خستە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، لە گەڕی دووەمیشدا بە چەندین لێدانی یەک لەدوای یەک کۆنتڕۆڵی تەواوی رووبەڕووبوونەوەکەی گرتە دەست تاوەکو بەهۆی ئازاری تووندی باڵی چەپی یاریزانە ئەلبانییەکە و داواکردنی لە راهێنەرەکەی بۆ وەستاندنی یارییەکە، دەستەی راهێنەرانی هیسا خاولیی کشانەوەیان هەڵدایە نێو یاریگا و ناوبژیوان لە خولەکی 2:42ـی گەڕی دووەمدا کۆتایی بە یارییەکە هێنا.
ئەم رووبەڕووبوونەوە مێژووییە شایەتحاڵی ئامادەبوونی دەیان هەزار هاندەری کورد بوو کە لە شارە جیاوازەکانی ئەڵمانیا و سەرانسەری ئەورووپاوە روویان لە یاریگا کردبوو؛ بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و هاوارکردنی ناوی عەگید کابایێل، یاریگای 53 هەزار کەسیی دوسڵدۆرفیان کردبووە زەریایەکی پڕ لە جۆش و خرۆشی کوردی، کە وزەیەکی بێپایانی بە پاڵەوانە کوردەکە بەخشی بۆ یەکلاکردنەوەی خێرای یارییەکە.
بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، عەگید کابایێل ریکۆردی بێشکستیی خۆی بۆ 28 بردنەوە بەبێ هیچ دۆڕانێک بەرزکردەوە (20 بردنەوە بە لێدانی ناکاوت)، هەروەها دوای یارییەکەش ئامادەیی خۆی بۆ شەڕی یەکخستنی پشتێنەکانی کێشی قورس لە ساڵی 2027 راگەیاند بەرامبەر براوەی یاریی نێوان تایسۆن فیوری و ئەنتۆنی جۆشوا، یان دانیێل دوبوا و فیلیپ هرگۆڤیچ.




