رووداو دیجیتاڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، دەنگۆی دەستوەردانی وڵاتەکەی لە لوبنان رەتکردەوە. رایگەیاند، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر دواخستنی گفتوگۆی ورد لەبارەی دیاریکردنی سنوور و لە قۆناخی ئێستاشدا گرنگی بە ئەولەویەتی دیکە دەدرێت، لەوانە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و پشتگیریکردنی گەشەپێدان. ئەم قسانەی شەرع لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پیاوماقووڵان و کەسایەتییەکانی پارێزگای ریفی دیمەشق لە دیمەشقی پایتەخت هات، کە رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە. شەرع گوتی، "لەبارەی پرسی سنوور لەگەڵ لوبنان، سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لوبنان بە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت. لەژێر گوشارەکانی پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل و لێکەوتەکانیدا، ئەمەش بە شێوەیەکی سرووشتی کاریگەری لەسەر سووریا و دۆخی لوبنانیش هەیە." سەرۆکی سووریا بابەتەکەی بە مێژوویی ناساند کە 80 ساڵ لەمەوبەر روویانداوە و گوتیشی، "دیاریکردنی سنووری نێوان سووریا و لوبنان کێشەیەکی هەڵپەسێردراوی ساڵی 1946ـە، واتە لەدوای دامەزراندنی لوبنان بە شێوەی ئێستای، ئەمەش دۆسیەیەکی زۆر ئاڵۆزە." ئەو روونیکردەوە، لایەنی لوبنانی "لە چەندین بۆنەدا" ئەم دۆسیەیەی ورووژاندووە، بەڵام سووریا پێیوایە "ئەولەویەتی دیکە لە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتدا هەن کە پێویستە سەرەتا کاریان لەسەر بکرێت." شەرع ئاماژەی بەوەدا هەردوولا لە چەندین قۆناخی مێژووییدا یەکدییان ئازارداوە، "پەیوەندیی سووریا و لوبنان لە قۆناخەکانی رابردوودا لەسەر بنەمای نادروست بنیاتنراوە. برینێکی لوبنانی هەیە بەهۆی دەستوەردانەکانی سووریا لە لوبنان. هەروەها برینێکی سووریاییش هەیە بەهۆی دەستوەردانەکانی حیزبوڵڵا لە سووریا." هەر لەبەرئەوەش گوتی، "پێمان باش بوو لەم قۆناخەدا گفتوگۆی ورد لەبارەی پرسی دیاریکردنی سنوور دوابخرێت." دۆسیەیەکی ئاڵۆز بە بڕوای شەرع، دۆسیەی سنوور لە قۆناخێکدا زۆر ئاڵۆز دەبێت و گوتی "لە پرسی کێڵگەکانی شەبعادا ئاڵۆزتر دەبێت، چونکە بەشێکی هێشتا لەژێر داگیرکاریی ئیسرائیلدایە و لە هەمانکاتدا ناکۆکی لەنێوان سووری و لوبنانییەکاندا هەیە لەبارەی سەر بە کوێ بوونی." سەرۆک سووریا پێی باشە لە دۆخێکی ئارام و هێورتردا دەستبەکار بکرێت و گوتی، "لۆژیکی نییە ئێستا ئەم گفتوگۆیە بکرێتەوە، پێش ئەوەی لە بنەڕەتدا لە داگیرکاری رزگار بکرێت. دواتر دەکرێت بە هێمنی لەبارەیەوە گفتوگۆ بکرێت." سەرۆکی سووریا روونیکردەوە، ئەگەر ئەم کارە نەکرێت بە دڵنیاییەوە ململانێکان زیاتر دەبن و گوتی: "کێشەی بابەتی زۆریش لە دۆسیەی سنووری سووریا و لوبناندا هەن، لەوانە تێکەڵبوونی گوند و ناوچەکان و ئەگەری ئەوەی کردنەوەی ئەم دۆسیەیە ئێستا ببێتە هۆی ورووژاندنی ناکۆکیی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا. لە کاتێکدا ئێمە زیاتر پێویستیمان بە هێورکردنەوەیە نەک کردنەوەی دەرگای ململانێی زیاتر." ئەو جەختی لە پێشهاتی قۆناخە نوێیەکان کردەوە بەتایبەتی دۆخی نوێی سووریا و ئەوەشی گوت: "ئەولەویەتی ئەمڕۆ ئەوەیە لوبنان سوود لە دۆخی نوێی سووریا وەربگرێت. بەجۆرێک یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان، پشتگیریکردنی گەشەپێدان و بەشداریکردن لە هەندێک چاکسازی کە پێویستی پێیەتی. سووریا دەتوانێت خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی گرنگی تێدا پێشکێش بکات." شەرع، گوتیشی، "بۆیە، پێموانییە لە قۆناخی ئێستادا چارەسەری نزیک بۆ دۆسیەی سنوور هەبێت. ئەم دۆسیەیە پێویستی بە روونکردنەوەی زیاتر، وردەکاریی فراوانتر و بارودۆخێکی هێمنتر هەیە." سەرۆکی سووریا باسی لە پەنابەرە سووریاییەکانی نێو لوبنان کرد، "ئەمڕۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار پەنابەری سووریمان لەنێو لوبناندا هەیە، لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 4 ملیۆن کەسە، ئەمەش لەخۆیدا کێشەیەکی گەورەیە کە تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکی روونی بۆ چارەسەر نییە." دەنگۆی دەستوەردانەکانی وڵاتەکەی رەتکردەوە و گوتی، "لەنێو ئەمەشدا، هێشتا هەندێک کەس دەنگۆی دەستوەردانی سووریا لە لوبنان بڵاودەکەنەوە، ئەمە راست نییە. ئەوەی ئێمە هەمیشە باسی دەکەین راگرتنی شەڕ، بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و هێورکردنەوەی دۆخی لوبنانە تا ئەوپەڕی توانامان." باری نێوخۆیی لەبارەی کاروباری نێوخۆییەوە، شەرع داوای لە سوورییەکان کرد "یەکبگرن و ئارامبن بۆ سارێژکردنی برینەکانی وڵات." ئەو، سووریای بە "بریندار" وەسفکرد و رایگەیاند، پێویستی بە کارێکی گەورە و هاوبەش هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی. گوتی، "زۆر گرنگە لە رۆژانی داهاتوودا یەکبگرین بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سووریا." سەرۆکی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، "ریفی دیمەشق باجێکی گەورەی بۆ ئەم ئامانجە بەرزە داوە. ئەمڕۆ پێویستمان بەوەیە یەکبگرین بۆ ئەوەی سووریا بنیات بنێینەوە." هەروەها شەرع، داوای ئارامگرتنی کرد و گوتی، "کارەکان هەمیشە نموونەیی نابن. ئاواتەکان زۆر بەرزن، بەڵام هەندێکجار واقیع هەندێک شتمان بەسەردا دەسەپێنێت و پێویستە رەچاوی یەکدی بکەین." ئەو جەختی لەوە کردەوە، ئەرکی سوورییەکان "کۆتایی نەهاتووە" و گوتی، "ئێمە تەنیا دەرگاکەمان کردووەتەوە و هێشتا رێگەیەکی دوورودرێژمان لەپێشە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا و گەڕاندنەوەی بۆ پێگە مێژوویی و راستەقینەکەی کە شایستەی شارستانییەت و بەها و رەوشتەکانیەتی."