رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کوردی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی سووریا رایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی مەرسوومی ژمارە 13 لەناو دەستووری وڵاتدا بچەسپێنن و دەیانەوێت لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەی کورد فراکسیۆنێکی بەهێز پێکبهێنن.
عومەر غەریبۆ، پەرلەمانتاری کوردی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی سووریا کە خەڵکی شارۆچکەی "تلعران"ی سەر بە پارێزگای حەلەبە، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "نووڕۆژ"ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ لە مانگی حوزەیراندا دەبێت، بەڵام هێشتا رۆژەکەی دیارینەکراوە.
مەرسوومی 13: لە بڕیارێکی کاتییەوە بەرەو دەستوور
عومەر غەریبۆ روونیکردەوە، سەرەکیترین ئامانجی سیاسیی ئەوان چەسپاندنی "مەرسوومی 13"یە لەناو دەستووری سووریادا. خەریبۆ گوتی، "لەبەر ئەوەی هەر مەرسوومێک دەکرێت بە مەرسوومێکی دیکە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئێمە دەمانەوێت ئەم مافانە لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن بۆ ئەوەی ببنە مافی هەمیشەیی و نەگۆڕ."
مەرسوومی ژمارە 13 لە 16ی کانوونی دووەمی 2024 لەلایەن سەرۆککۆماری سووریاوە دەرکرا. بەپێی مەرسوومەکە، هاووڵاتییانی کوردی سووریا وەک بەشێکی سەرەکی و رەسەنی گەلی سووریا ئەژمار دەکرێن و زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسرێت. هەروەها رێگە دەدرێت لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کوردنشینن، وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە یان چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی بخوێندرێت.
لە پشتگوێخستنەوە بەرەو ئاوەدانکردنەوە
ئەو پەرلەمانتارە کوردە تیشکی خستە سەر رەوشی ناوچە کوردنشینەکانی دەوروبەری حەلەب، بەتایبەت ناوچەکانی سەفێرە و دێر حافیر. ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ناوچانە لە سەردەمی حوکمی بەعسدا بە ئەنقەست پشتگوێ خراون، "لە ناوچەکانی ئێمەدا تەنانەت یەک نەخۆشخانەی گشتییش بوونی نییە. کار دەکەین بۆ تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەوەی ناوچەکانمان ئاوەدان بکەینەوە و گەشەیان پێ بدەین."
هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی کوردی
لە پەرلەمانی سووریادا 9 پەرلەمانتاری کورد هەن (3 لە عەفرین، 2 لە قامیشلۆ، 1 لە کۆبانێ، 1 لە دێرک، 1 لە حەسەکە و 1 لە سەفێرە-دێر حافیر). خەریبۆ ئاشکرای کرد کە ئەو و پەرلەمانتارانی عەفرین لە پەیوەندییەکی بەردەوامدان و دەیانەوێت لەگەڵ پەرلەمانتارانی دیکەی کورد یەکبگرن بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کورد بە دەنگێکی بەرزتر بگەیێنن و فراکسیۆنێکی بەهێز پێکبهێنن.
70 هەزار کورد لە تلعران و تلحاسڵ دەژین
غەریبۆ کە خۆی خەڵکی شارۆچکەی تلعرانە، باسی لە رەسەنایەتی کوردانی ئەو ناوچەیە کرد. لە ناوچەی تلعران و تلحاسڵ نزیکەی 70 هەزار کورد نیشتەجێن (تەنیا لە تلعران 50 هەزار کەس). خەریبۆ گوتی، "خەڵکی ئێمە زیاتر لە 250 ساڵە لەم ناوچەیەدا دەژین و سەرەڕای هەموو گوشارەکان، زمانی دایکی خۆیان پاراستووە. گەورەترین داواکاریمان کردنەوەی ناوەندی رۆشنبیری و خوێندنە بە زمانی کوردی."
عومەر غەریبۆ کێیە؟
عومەر غەریبۆ، کوردێکی خەڵکی شارۆچکەی تلعرانە کە نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە حەلەبەوە دوورە. خوێندنی باڵای لە کۆلێژی شەریعە لە زانکۆی دیمەشق تەواو کردووە. لە هەڵبژاردنەکانی دواییدا، لەسەر بازنەی سەفێرە و دێر حافیر وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا.



