رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی تۆڕێک لە سووریا دەستگیرکران، کە تۆمەتبارن بە ئەو تەقینەوەیەی هاوکات لەگەڵ سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشق روویدا. بەرپرسێکی ئەمنیی سووریا دەڵێت، تۆڕەکە سەر بە رێکخراوی داعش بوون.
ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سووریا لە تۆڕی ئێکس دەستگیرکردنی بکەرانی ئەو تەقینەوەیەی دیمەشقی راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا کە دواتر وردەکاریی دیکە لەبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو تۆڕە لە دیمەشق و گوندەواری ئەو شارە بووە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیان بەردەوامە بۆ وەرگرتنی وردەکاریی ئەو رووداوە تاوەکو دواتر بۆ رای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
ئاژانسی فەرمیی سووریا (سانا) لەسەر زاری ئەحمەد دەجالاتی، فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندەواری دیمەشق رایگەیاندووە کە ئەندامانی ئەو تۆڕەی تەقینەوەکەیان کردووە، سەر بە رێکخراوی داعشن و سەرەتا یەک ئەندامیان دەستگیرکراوە و دواتر ئەندامەکانی دیکەی ئەو تۆڕە دەستگیرکراون.
7ی تەمووز هاوکات لەگەڵ سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سووریا، چەند بۆمبێک لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەرەنسا تەقینەوە و بەو هۆیەوە 14 کەس بریندار بوون.



