رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا رایدەگەیێنێت، هەوڵێکی گواستنەوەی چەکیان لە سنووری عێراق و سووریا پووچەڵکردووەتەوە، کە بڕیار بووە بگاتە دەست حیزبوڵڵای لوبنانی.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دەستیان بەسەر بارێکی چەکدا گرتووە کە لە سنووری عێراقەوە رەوانە کرابوو.
سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە: "بارەکە چەکی جۆراوجۆر و پێشکەوتوو و چەندین مووشەکی تێدابوو."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە "لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان سەلماندوویانە کە ئەو بارە چەکە دەستبەسەرداگیراوە، ئامادەکرابوو تاوەکو لە رێگەی خاکی سووریاوە بگەیێندرێتە دەست حیزبوڵڵای لوبنانی" کە سەرچاوەکە بە "تیرۆریست" ناوی بردووە.
عێراق و هەرێمی کوردستان، نزیکەی 618 کیلۆمەتر سنووریا هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا لە راگەیێندراوێکدا لە دەروازەی نێودەوڵەتیی تەنەف، دەستبەسەرداگرتنی بارێکی گەورەی چەک، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان (درۆن) راگەیاند کە لەنێو تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتدا شاردرابوونەوە.
دەروازەی سنووری تەنەف دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەی سنووری وەلید دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار.
دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا بگرن کە بە شێوەیەکی زۆر ورد لەنێو تانکەرێکی نەوتدا شاردرابوونەوە و بەرەو شاری بانیاس لە کەناراوەکانی سووریا دەچوو. "پڕۆسەی دەستبەسەرداگرتنەکە لە کاتی پشکنینی ئاسایی تانکەرەکەدا بووە، دوای ئەوەی گومان لە بارەکەی کراوە، پشکنینی وردی بۆ کراوە و دەرکەوتووە چەک، مووشەک و درۆنی تێدا شاراوەتەوە."
دەستەی گشتیی دەروازە و گومرگەکانی سووریا دەڵێت، شاردنەوەی ئەو چەکانە بە شێوازێکی "پرۆفیشناڵانە" بووە بە مەبەستی چەواشەکردنی تیمەکانی پشکنین، بەڵام توانراوە هەوڵەکە پووچەڵ بکرێتەوە. بارە چەکەکە رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر تێوەگلاوان دەگیرێتە بەر و لە چاودێریی وردی سنوورەکان و دەروازەکان بەردەوام دەبن بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە قاچاخچێتییەک کە زیان بە ئاسایشی وڵات بگەیێنێت.
فەریق عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەن لە هەواڵەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و دروستی و رێککەوتی رووداوەکە، چونکە تانکەرەکان لە پاڵاگە و گومرگەوە دێن".
عیماد دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە کە دەروازەی وەلید دەکەوێتە سنوورەکەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر روویداوە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە دەستی بەسەر داگیراوە، لایەنی عێراقی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."
قایمقامی روتبە، رووداوەکەی بە کارێکی زۆر خراپ ناوبرد و گوتی ئەمە کاریگەری دەکاتە سەر متمانی نێوان هەردوو وڵات.
هەر لەوبارەوە سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمموووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"سنووری عێراق لە سووریا تووند و تۆڵە و دیوانی کۆنکریتی دانراوە و هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە، ئاگاداری دەروازە سنوورییەکانیش نین".
لە ئەنبار دوو دەروازە و لە نەینەوا دەروازەیەک و لە دهۆک دەروازەیەکی فەرمی لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.


