رووداو دیجیتاڵ
جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا دەڵێت: گفتوگۆکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: پێشکەوتن هەبووە و تێکەڵکردنی کارمەندانی سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دیمەشق تەواو بووە.
رۆژی سێشەممە، 21ـی تەممووزی 2026، کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە پرسی سووریا رایگەیاند: "جەنابی سەرۆک، سەبارەت بە ناوچەی باکووری رۆژهەڵات، بەپێی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم (لە نێوان هەسەدە و دیمەشق)، پێشکەوتن لە بواری تێکەڵکردنی سەربازی و ئاسایشی ناوخۆدا بەردەوام بووە."
سەرەتای کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هێزەکانی حکومەتی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب و دواتریش هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان. کۆتایی هەمان مانگ، هەردوولا رێککەوتنیان واژۆ کرد لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.
جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "تێکەڵکردنی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و کار کۆتایی هات، کە ئەمە یەکەمین وەزارەتە ئەم هەنگاوەی خۆی رابگەیەنێت. لە رووی مەیدانییەوە، خێزانە کوردە ئاوارەکان گەڕانەوە بۆ عەفرین. گفتوگۆکانیش لەسەر زۆر بابەت بەردەوامن، لەوانە رێکخستنەوەی سەرکردایەتی، تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، پرسەکانی بەڕێوەبردن، دامەزراندنە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان."
بە گوتەی کۆردۆن: "هەرچەندە هێشتا لەسەر جێبەجێکردنی زۆرێک لەم خاڵانە بۆچوونی جیاواز هەن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و ئێمە پێشوازی لێ دەکەین. بێگومان هیچ کەسێک پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم ئەرکە کارێکی ئاسان بێت."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)

