رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ سێشەممە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی رێکخراوی داعشی راگەیاند، کە بەرپرس بووە لە پلانداڕێژی و سەرپەرشتیکردنی هێرشەکان لە شاری حمس، لەنێویاندا تەقینەوەی مزگەوتێک لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 کە بووە هۆی کوژرانی 8 کەس.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی گشتی بە هاوئاهەنگی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای گوندەواری دیمەشق، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە شارۆچکەی حوجەیرە لە گوندەواری دیمەشق، خالید رائید بیرۆنی ناسراو بە (ئەبو حەسەن دۆشکا)ی دەستگیرکرد.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا بیرۆنی بە "لایەنی جێبەجێکاری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە حمس" ناوبردووە و باس لەوە دەکات، زانیارییە ئەمنی و لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان دەریانخستووە بیرۆنی پۆستی فەرماندەی "سەربازیی گشتیی رێکخراوەکەی لە ویلايەتی حمس" هەبووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بیرۆنی بەرپرس بووە لە "پلانداڕێژی و سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی چەندین کردەی تیرۆریستی" لە شارەکە، لەنێویاندا ئامادەکردن و بەکارهێنانی بۆمبی چێنراو و ئەنجامدانی هێرشی تایفی.
وردەکاریی تەقینەوەی مزگەوتی ئیمام عەلی
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بیرۆنی بەرپرس بووە لە تەقینەوەکەی 26ی کانوونی یەکەمی 2025 کە مزگەوتی ئیمام عەلی لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمس کردە ئامانج.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەو کاتەدا لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی سووریاوە راگەیێندرا، تەقینەوەکە کە بەهۆی بۆمبی چێندراوی نێو مزگەوتەکەوە روویدا، بووە هۆی کوژرانی 8 کەس و برینداربوونی 18 کەسی دیکە.
لە کانوونی دووەمی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆ دەستگیرکردنی ئەحمەد عەتاڵڵا دیاب و ئەنەس زەرادی راگەیاند کە رۆڵیان لە تەقینەوەکە هەبووە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بیرۆنی کردووەتەوە بۆ "ئاشکراکردنی وردەکاریی چالاکییەکانی" و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان دژی.




