رووداو دیجیتاڵ
نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، لە پەیامێکدا بۆ خۆپێشاندەرانی شارەکە داوای کرد پارێزگاری لە ئاشتییانەبوونی دەربڕینی داواکارییەکانیان بکەن و رێگە نەدەن هیچ لایەنێک هەستەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش بقۆزێتەوە.
پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند، دەربڕینی را و داواکردنی مافەکان "مافێکی ڕەوایە و یاسا زامنی کردووە"، جەختیشی لەوە کردەوە بە رێز و پێزانینەوە گوێ لە دەنگی خۆپێشاندەران دەگرن.
نورەدین ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و پێکدادان خزمەت بە داواکارییەکان ناکات، بەڵکو سەرنج لەسەر داواکارییە ڕەواکانیان لادەدات و زیان بە ئاسایشی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
پارێزگاری حەسەکە، ڕووی پەیامەکەی بەتایبەتی ئاراستەی گەنجان کرد و گوتی: "داوا لە هەمووتان بەتایبەتی گەنجان دەکەم ژیرانە مامەڵە بکەن و دان بەخۆدا بگرن." جەختیشی کردەوە هێزەکانی ئاسایش رۆڵە و برای خۆپێشاندەرانن و ئەرکی سەرەکییان پاراستنی خەڵک و دامەزراوە نیشتمانییەکانە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پارێزگاری حەسەکە داوای تەبایی کرد بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر هەوڵێک بپچڕن کە بیەوێت ناوچەکە بەرەو ئاژاوە و تووندوتیژی ببات.



