رووداو دیجیتاڵ
محەممەد حامدی، جێگری پارێزگاری رەققە دەڵێ، کورد هاوبەشێکی راستەقینە و رەسەنە لە سووریادا و بەرپرسانی پارێزگاکەش کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی یاسا.
محەممەد حامدی، جێگری پارێزگاری رەققە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "رۆڵەکانی پێکهاتەی کورد هاوبەشی رەسەنن لەم نیشتمانەدا، مافەکانیان و شکۆیان پارێزراوە. هیچ جێگەیەک بۆ جیاکاری و دوورخستنەوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئینتیما نییە."
سەبارەت بە دواکەوتنی گەڕانەوەی ئاوارەکان، محەممەد حامدی گوتی، پارێزگای رەققە دۆسیەی گەڕاندنەوەی مافی بۆ خاوەن ماف خستووەتە نێو کارە لەپێشینەکانییەوە و گوتی: "بە شێوەیەکی جیدی کاردەکەین بۆ گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ گوند و زێدی خۆی، وەرگرتنەوەی موڵکەکەی و چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی یاسا و بە دادپەروەری."
حامدی ئاماژەی بەوەشکرد: "بەشێکی زۆر لە خەڵکی خاوەن ماف، مافی بۆ گەڕاوەتەوە.کارکردن بەردەوامە بۆ تەواوکردنی دۆسیەکان."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە بوونی هاوئاهەنگی ئاستبەرزی بەرپرسانی نێوان هەردوو پارێزگای رەققە و حەسەکە کرد، لەگەڵ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوونی ئەو دۆسیانەی هەن بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بەردەوام، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە کە مافی هەمووان بپارێزێ.
جێگری پارێزگاری رەققە گوتی: "ئەو دادپەروەرییەی کاری لەسەر دەکەین، دادپەروەری نییە بۆ گرووپێک بەبێ گرووپێکی دیکە، بەڵکو دادپەروەرییەکە خاوەن ماف دەپارێزێ، ستەملێکراو رزگار دەکات، لێپرسینەوە لە هەڵەکار دەکات، رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان دەکات و شکۆی هەموو رۆڵەکانی پارێزگاکە بەبێ جیاوازی دەپارێزێ."
محەممەد حامدی جەختی لەوەشکردەوە، بەدەستهێنانی سەقامگیری پێویستی بەوەیە هەموو هاووڵاتییان هەست بە ئاسایش بکەن بۆ خۆیان و گوتیشی، پاراستنی هاووڵاتییان و دابینکردنی گەڕانەوە و سەقامگیرییان بەرپرسیارێتییەکی سەرەکییە کە دەکەوێتە ئەستۆی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
جێگری پارێزگاری رەققە جەختی لەو پەیوەندییانە کردەوە کە عەرەب و کورد لە پارێزگاکەدا کۆدەکاتەوە و گوتی: "عەرەب و کورد لەم پارێزگایەدا دوو لایەنی بەرامبەر یەک نین، بەڵکو رۆڵەی یەک نیشتمانن، خاک و مێژوو و دراوسێیەتی و چارەنووسی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە و برایەتییان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیریی رەققە دەمێنێتەوە."
گوتیشی: "قبووڵ ناکەین ناکۆکییە تاکەکەسی یان دادوەرییەکان بکرێنە کەیسێک کە کۆمەڵگەیەک بە گشتی بکاتە ئامانج."



