رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی شاری حەسەکە دەربڕی و رایگەیاند، "داهاتووی جزیرەی سووریا بە سڕینەوە و ورووژاندنی دابەشکاری بونیات نانرێت، بەڵکو بە هاوبەشی و پاراستنی کەرامەت و مافی هەموو خەڵکەکەی بونیات دەنرێت." دەشڵێن، گوتارە شۆڤینییەکان رەت دەکەینەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بڵاوکراوەتەوە، ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەداوە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە حەسەکە و دەوروبەری، خۆپێشاندان بە "درووشمی ورووژێنەر" بەڕێوەچوون، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی گرژی و نیگەرانی لەسەر پەیوەندیی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە.
ئەنەکەسە، "گوتاری شۆڤێنی و سڕینەوە" رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێکخستنی کاروباری ئیداری و ئەمنی، "پێویستە لە رێگەی جێبەجێکردنی جدی رێککەوتنەکانەوە بێت، دوور لە پەرەسەندن و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع."
ئەنجوومەنەکە، فرەنەتەوەیی و فرە کولتووری لە جزیرەی سووریا، کە عەرەب، کورد، سریانی ئاشووری، ئەرمەن و پێکهاتەکانی دیکە لەخۆدەگرێت، بە "پایەیەکی سەرەکیی یەکڕیزیی کۆمەڵگە" دەزانێت و داوای رێزگرتن لە تایبەتمەندییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان دەکات.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەنەکەسە داوا لە خەڵکی پارێزگای حەسەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکات، "ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن و هەموو جۆرە هاندانێک بۆ رق و کینە رەتبکەنەوە،" چونکە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی "بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هاوبەشە."
دەقی راگەیێندراوی سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییە لە شاری حەسەکە:
شاری حەسەکە و ناوچەکانی دیکەی پارێزگاکە، لە رۆژانی رابردوودا تاوەکو رۆژی هەینی 9ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، جووڵە و خۆپێشاندانیان بەخۆوە بینی کە دروشمی ورووژێنەریان لەگەڵدا بوو. ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی گرژی و نیگەرانی سەبارەت بە لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر پەیوەندیی نێوان خەڵکی ناوچەکە و پێکهاتەکانی.
لە کاتێکدا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتاری شۆڤێنی و سڕینەوە رەتدەکاتەوە، سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت. جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کاراکردنی خزمەتگوزارییەکان و رێکخستنی کاروباری ئیداری و ئەمنی لە پارێزگاکەدا، پێویستە لە رێگەی جێبەجێکردنی جدی و بەرپرسیارانەی ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەوە بێت کە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوە کراون. بە جۆرێک کە گەڕاندنەوەی کاریگەریی دامەزراوە فەرمییەکان مسۆگەر بکات و کاروباری ئیداری و ئەمنی لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا رێکبخرێت. هەروەها مافی هاووڵاتییان بپارێزێت و وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت، دوور لە پەرەسەندن و سەپاندنی سیاسەتی ئەمری واقیع.
ئەنجوومەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە فرەنەتەوەیی و فرەکولتووری لە جزیرەی سووریا، بە عەرەب و کورد و سریانی ئاشووری و ئەرمەن و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەوە، پایەیەکی سەرەکیی یەکڕیزی و پتەویی کۆمەڵگەیە.
لەم سۆنگەیەوە، پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکەکەی، پێویستی بە رێزگرتن لە تایبەتمەندییە نەتەوەیی و کولتوورییەکان، رەتکردنەوەی بەخائینکردن و خۆبەزلزانی و سڕینەوە، و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەیە.
هەروەها ئەنجوومەن دووپاتی دەکاتەوە کە پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و تێپەڕاندنی شوێنەوارەکانی ئەو سیاسەتانەی کە رژێمی پێشوو پەیڕەوی دەکرد. ئەویش بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا. دوور لە لایەنگری و سڕینەوە و لە چوارچێوەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی دیموکراسیی فرەییدا کە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی هەموو پێکهاتەکانی مسۆگەر بکات.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد داوا لە هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتی و چالاکییە نیشتمانییەکان دەکات، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ هەڵوێست و گوتارەکانیاندا بکەن. کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژی و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گوتاری رق و کینە بکەن. هاوکات پەنا بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی نیشتمانی ببەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
چونکە داهاتووی جزیرەی سووریا بە سڕینەوە و ورووژاندنی دابەشکاری بنیاد نانرێت. بەڵکو بە هاوبەشی و پاراستنی کەرامەت و مافی هەموو خەڵکەکەی بنیات دەنرێت، بە جۆرێک کە دەرفەتەکانی بنیادنانی سووریایەکی دیموکراتیی فرەیی کە ئازادی و دادپەروەری تێیدا باڵادەست بێت، زیاتر بکات.
هەروەها ئەنجوومەن داوا لە خەڵکی پارێزگای حەسەکە بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە دەکات، ئارام بن و دان بەخۆیاندا بگرن، و پابەند بن بە چارەسەری ئاشتییانە. هەموو جۆرە هاندانێک بۆ رق و کینە رەتبکەنەوە و دەرفەت لە هەموو ئەوانە بگرن کە هەوڵی هەڵگیرساندنی دووبەرەکی یان لێدان لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دەدەن.
جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانیی هاوبەشە. لە کاتێکدا دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییان و مافەکانیان، و لێپرسینەوە لە هەر کەسێک کە دەستدرێژی بکاتە سەر مافی ئەوانی دیکە یان هەڕەشە لە ئاسایش و سەلامەتییان بکات، دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت.
سکرتاریەتی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا
قامشلۆ 10ی تشرینی یەکەمی 2026



