ئێستا سێ برای کورد لە نەخۆشخانەی (رەجا) لە ناوەندی شاری حەسەکە لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان، ئەوەش دوای ئەوەی لە کاتی رۆیشتنیان بە مەیدانی پیشەسازیدا، رووبەڕووی هێرشی چەکداری و لێدان بوونەوە.
ئەو سێ برایە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان ئاڵای کوردستانی پێوە بووە؛ هێرشەکە دوای خۆپێشاندانێکی کۆمەڵێک لە دانیشتووانی عەرەبی شارەکە ئەنجامدرا کە دوێنێ هەینی بەڕێوەچوو.
بریندارەکان، نەزیر محەممەد سیراج شێخۆ (20 ساڵ)، دیار محەممەد سیراج شێخۆ (16 ساڵ) و محەممەد محەممەد سیراج شێخۆ (19 ساڵ)ن. بەپێی زانیارییەکان، نەزیر و دیار بە گولـلە بریندار کراون، بەڵام برای سێیەمیان (محەممەد) لەلایەن هێرشبەرەکانەوە بە تووندی لێیدراوە.
دیار، بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەوە نەشتەرگەری لە حەوزی-دا کراوە، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ گولـلە لە پشتیدایە و پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکەیە.
نەزیر، گولـلە بەر ملی کەوتووە و چاوەڕێی پشکنینەکان دەکات بۆ نەشتەرگەری. محەممەدیش لە پشت و دەموچاویدا شوێنەواری لێدانێکی زۆری پێوە دیارە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە شاری حەسەکە لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێو گرژییەکی زۆردایە، ئەویش دوای ئەوەی دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی عەرەبنشین درووشمی "سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت"ـیان بەسەر تەواوی پارێزگاکەدا بەرز کردەوە.
ژمارەیەک گەنج لە گەڕەکەکانی غوێران، نەشوە و عەزیزییەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو گەڕەکانەی زۆرینەیان کوردن، تێیاندا کردەوەی تێکدەرانە و هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت تۆمار کراون.
ئەم هێرشانە دڕاندنی تابلۆی سەندیکاکان، وێنەی شەهیدان و هێما کوردییەکانی گرتووەتەوە؛ هەروەها نووسینی درووشمی دژ بە کورد لەسەر دیوارەکان، بەردبارانکردنی ماڵی هاووڵاتییانی کورد و شکاندنی پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکان لە بەشێکی دیکەی کردەوەکان بوون.
ئەم پێشهاتانە مەترسیی پەرەسەندنی ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانی لە شارەکەدا دروست کردووە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتی دوێنێ هەوڵیان دا خۆپێشاندانەکە کۆنتڕۆڵ بکەن تاوەکو رێگری لە کردەوەی تێکدەرانە و تووندوتیژی زیاتر بکەن و ئاسایش و سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێننەوە، چونکە دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناخــێکی هەستیار و چیدیکە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە.



