رووداو دیجیتاڵ
"پەیکەری سەلاحەدینی ئەیوبی لێرە لابراوە"،
ئەمە قسەی سەر زاری هەموو ئەو کەسانەیە کە بە بەردەم قەڵای دیمەشقدا تێدەپەڕن. بڕیاری
گواستنەوەی پەیکەرەکە دوای 33 ساڵ، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام
بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، هۆکاری سەلامەتی و هونەری لەپشت بڕیارەکەوە بووە.
ماوەی دوو رۆژە ئەم بابەتە بووەتە جێی باسی هاووڵاتییانی سووریا. خەلیل
مستەفا، یەکێکە لەو کەسانەی شایەتحاڵی هەموو یادەوەرییەکانی ئەو پەیکەرەیە و بە چاوێکی
پڕ لە فرمێسکەوە دەڵێت، "بەهیوام پەیکەری سەلاحەدینی ئەیوبی بگەڕێننەوە شوێنی
خۆی".
خەلیل مستەفا، هاووڵاتییەکی دیمەشقە و دەڵێت، "بەخوا ئەمە شتێکی
زۆر ناخۆشە. پەیکەرەکە لە بەردەم بازاڕی حەمیدیە بوو. من چۆن بتوانم بچمە شوێنە نوێیەکە؟
یان کێ دەچێتە ئەوێ؟ ئەو شوێنە ناسراو نییە. ئەم شوێنە لەمێژە بەناوبانگ و ناسراوە.
من 40 ساڵە ئەم شوێنە دەناسم، بەڵام ئەو شوێنەی پەیکەرەکەیان لێداناوە، نایناسم. من
کوڕی شامم و ئەو شوێنە ناناسم، ئەی کوڕی دێرەزوور، حەسەکە، قامشلۆ، عێراق و ئوردن چۆن
بیناسن؟".
بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی شامی کۆن، پەیکەرەکە کە ماوەی 33 ساڵ بوو
لە بەردەم قەڵای دیمەشق دانرابوو، گواسترایەوە بۆ گۆڕەپانی پانۆرامای شەڕی تشرین و
پەردەیەکی بەسەردا درا.
دکتۆر ئەمجەد ئەلفەرەخ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شامی کۆن رایگەیاند،
"پەیکەرەکە لە شوێنی تێپەڕبوونی خەڵکدا بووبووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگییەکی گەورە،
بۆیە خەڵک ناچار دەبوون بچنە سەر شەقامەکە بۆ ئەوەی تێپەڕن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی
بۆ سەر ژیانیان دروستکردبوو".
بەڕێوەبەری شامی کۆن هۆکارێکی دیکەشی خستەڕوو، گوتی، "نزیکیی پەیکەرەکە
لە شوورای قەڵاکە، رێگری لە بینینی تەواوەتی دەکرد. چونکە ئەمە پەیکەرێکە بۆ نمایشکردن
لە دەرەوە و پێویستە لە شوێنێکی کراوەدا دابنرێت، چونکە هەر گۆشەیەکی چیرۆکێکی تایبەتی
هەیە. پەیکەرەکە لە شوێنی پێشووی خۆیدا چیرۆکەکەی بە تەواوی نەدەگێڕایەوە. جگە لەمانەش،
باری هونەری و تەکنیکیی پەیکەرەکە، لە رووی بیناسازییەوە، ئەو زیانانەی پێیگەیشتبوو
و بەکارهێنانی نادروستیشی، هۆکاری دیکە بوون."
لە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پارێزگای دیمەشق بە هاوکاریی رێکخراوی HAND، دەستی بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی دەوروبەری
شامی کۆن کرد، کە تێیدا دارەکان لابران و بەردەکانیش نوێکرانەوە.


