رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانە سەربازییەکانی حەلەب، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دۆسیەی (رووداوەکانی کەناراو)دا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو تۆمەتباردا سەپاند و تۆمەتبارێکی دیکەشی بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، دادگەی تاوانە سەربازییەکانی حەلەب، بڕیاری لەبارەی سێ لە تۆمەتبارانی دۆسیەی رووداوەکانی کەناراوی سووریا ئاشکرا کرد.
بەپێی بڕیاری دادگە، هەردوو تۆمەتبار (وەزاح ئیسماعیل) و (ماهیر عەلی) کە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری شەڕی ناوخۆ و پێکدادانی مەزهەبی" و هەروەها "سەرکردایەتیکردنی گرووپی چەکدار بە مەبەستی هێرشکردنە سەر هێزە گشتییەکان" لەسەربوو، وەکو تاوانبار ناسێندران و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
لە هەمان دانیشتندا، دادگا تۆمەتباری سێیەم (ماهیر عوسمان)ی بە هاوکاریکردن لەو دوو تاوانەدا بە تاوانبار ناساند و سزای 12 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
ئەمە یەکەم بڕیاری دادگەی سووریا نییە لەسەر ئەم دۆسیەیە؛ رۆژی 17ی ئەیلوولی رابردووش دادگە بڕیاری لەسەر 4 تۆمەتباری دیکە دابوو، کە تێیدا سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبارێک، زیندانیی تاهەتایی بۆ دووەمیان و 20 ساڵ زیندانی بۆ تۆمەتباری سێیەم بڕابووەوە، تۆمەتباری چوارەم بێتاوان دەرچووبوو.
پڕۆسەی دادگاییکردنی ئاشکرای تۆمەتبارانی پێشێلکارییەکانی نێو رووداوەکانی کەناراوی سووریا، لە 18ی تشرینی دووەمی 2025 لە کۆشکی داد لە حەلەب و بە ئامادەبوونی بنەماڵە و خێزانەکانی قوربانییان دەستی پێکردبوو.


