رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ پێنجشەممە، لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، تەرمی سەربازێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی سووریا بە دۆزرایەوە، دوابەدوای رووداوەکەش پۆلیس گومانلێکراوێکی دەستگیرکرد.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کوژراوەکە ناوی محەممەد ساڵحە، سەر بە فیرقەی 86ـی وەزارەتی بەرگریی سووریا بووە و لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا لە گەڕەکی "نیشتەجێبوونی گەنجان" (سکن الشبابی) لە شاری حەسەکە، بە سێ گولـلە پێکراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
سەربازەکە، خەڵکی گەڕەکی (نەشوە)ی حەسەکەیە و ماوەیەکی کەم بوو گەڕابووەوە حەسەکە.
هێزەکانی پۆلیس کەسێکیان بە گومانی تێوەگلان لە کوشتنی ئەو سەربازە دەستگیرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوە لەبارەی هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت تاوانەکە یاخود دانپێدانانی تۆمەتبارەکە ئاشکرا نەکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

