رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا "هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بە سیاسیکردنی دۆسیەی دروزی سوەیدا و تێکەڵکردنیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل" رەت دەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێکهاتەی دروز بەشێکی رەسەنی پێکهاتەی نیشتمانیی سووریایە.
ئەمەش دوای چەند کاژێرێک دێت لە گوتارێکی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کە گوتی: پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کردووە و بووەتە هۆی راگرتنی رووداوە خوێناوییەکان لە پارێزگاکە.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا)، رۆژی پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە زاری سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی سووریاوە بڵاویکردەوە، دروزەکانی سوەیدا بەشێکی رەسەن و دانەبڕاوی پێکهاتەی نیشتمانیی کۆماری عەرەبیی سووریان و جەختی لە رەتکردنەوەی بەسیاسیکردنیان یان تێکەڵکردنیان لە کێشەی ناوخۆیی ئیسرائیل کردەوە.
سەرچاوەکە، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە تەممووزی 2025دا کاری بۆ تێکدانی ئاشتیی ناوخۆیی لە سوەیدا کردووە، لە رێگەی پڕچەککردنی ئەو گرووپانەی کە بە "دەرچوو لە یاسا" وەسفی کردن، بە ئامانجی دروستکردنی پشێوی و بیانوویەک بۆ راکێشانی سووریا بۆ شەڕێکی بەرفراوان.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، دیمەشق ئەم هەوڵانەی پووچەڵکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە چاودێریی جووڵەکانی ئیسرائیل دەکەن کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە لە پارێزگاکە.
روونیشیکردەوە، بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کە رێگر بوون لە دەستوەردانی حکوومەتی سووریا بۆ کۆتاییهێنان بە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان دروز و دەشتەکییەکان، لە تەممووزی 2025 بە نێوەندگیریی ئەمریکا راگیران.
سەرچاوەکە، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە کرد کە بەرپرسیارێتییەکانیان لە ئەستۆ بگرن و گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 1974 و رێگریکردن لە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی سووریا.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، نەتەنیاهوو لە گوتارێکدا لە بەردەم لایەنگرانی پارتەکەی لە دروزەکان و وەکو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان رایگەیاند: "ئێمە وەزارەتی بەرگریمان لە دیمەشق خاپوور کرد، هەر بەو شێوەیە لەناوچوو؛ هەروەها لە نێو کۆمەڵگەی کۆشکی سەرۆکایەتیمان دا و پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ شەرع ئەنجامدا. گوتوبێژێکی زۆر کورت و زۆر تووند بوو، دواتریش کۆمەڵکوژییەکە وەستا."
16ی تەممووزی پار، سوپای ئیسرائیل باڵەخانەی کۆشکی سەرۆکایەتیی سووریای لە دیمەشق و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەی بۆردوومانکرد. ئەو کات یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، بۆردوومانەکە بۆ بەرگرییکردن بووە لە دروزی سووریا کە لە باشووری ئەو وڵاتە دەژین. ئەو کات ناوچە دروزنشینەکانی سووریا لەلایەن چەکدارە دەشتەکییەکانی وڵاتەکەوە هێرشیان دەکرایە سەر.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ پاراستنی لایەنگران و هاوپەیمانەکانی و گوتی: "من هەموو ئەوەی پێویست بێت دەیکەم بۆ پاراستنی براکانمان، براکانی ئێوە و ئێمە. ئێمە رێگە نادەین کۆمەڵکوژییەکە بەردەوام بێت و دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."
نەتەنیاهوو گوتی، هێشتا هەنگاوی دیکە ماون بنرێن. "هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێت، ناتوانم هەموو وردەکارییەکتان پێ بڵێم، بەڵام ئەم بەڵێن و پابەندییە لە قووڵایی رووحمەوە سەرچاوەی گرتووە."
ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل 10.2 ملیۆن کەسە و 2%یان دروزن کە بە زۆری لە باکووری وڵاتەکە دەژین. هەروەها، ژمارەی دانیشتووانی سووریاش نزیکەی 26.5 ملیۆن کەسە و 4%یان دروزن کە بە زۆری لە باشووری وڵاتەکە دەژین.

