رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمنیی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، میهراچ ئۆراڵ، سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری بەشار ئەسەد کە بە عەلی کەیالی ناسراوە، لەنێو خاکی لوبنان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی سووریا و تورکیاوە "رفێندراوە" و دەسەڵاتدارانی بەیرووت لەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادارنەکراونەتەوە.
ئەم لێدوانەی بەرپرسە لوبنانییەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) دەستگیرکردنی کەیالی راگەیاند. سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووریاش بە فرانس پرێسی گوتبوو کە ئەو تۆمەتبارە "لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا بە هاوئاهەنگی لایەنی لوبنانی لەنێو خاکی لوبنان دەستگیرکرابوو."
بەڵام بەرپرسە ئەمنییەکەی لوبنان، کە لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رەتکردوەتەوە و گوتی: "دەسەڵاتدارانی لوبنان ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنە نەبوون. ئەندامانی دەزگای هەواڵگریی سووریا و تورکیا ئەو هاووڵاتییەیان لە ناوچەی مەنسوورییەی شاخاویی نزیک لە بەیرووت رفاندووە و سەرەتا براوەتە باڵیۆزخانەی سووریا لە لوبنان و دواتر بۆ نێو خاکی سووریا براوە."
سووریا: بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی بەرپرسانی پێشوو
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد موەفەق زەیدان، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی سووریا پێشوازی لە پرۆسەی دەستگیرکردنەکە کرد کە لەسەر تاوانی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلی سووریا، بەتایبەتی کۆمەڵکوژیی گوندی ئەلبەیزا لە بانیاس دەستگیرکراوە.
زەیدان ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی بەرپرسانی پێشوو و هیچ تاوانبارێک لە دەستی دەزگا ئەمنییەکانی سووریا دەربازی نابێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە 4ـی تشرینی یەکەمدا، فەرمانگەی دژەتیرۆری ئاسایشی ناوخۆ دەستگیرکردنی جەمال تەرابڵوسی، جێگری ئۆراڵی راگەیاند.
پێشینەی مێژوویی
میهراچ ئۆراڵ لە ساڵی 1956 لە ئەنتاکیای تورکیا لەدایکبووە و یەکێک بووە لە سەرکردەکانی (THKP-C/Acilciler). رێکخراوەکە دامەزراوەیەکی چەکداری مارکسیی چالاک بوو لە تورکیای حەفتاکاندا.
بەپێی ئەو تۆمەتنامەیەی لە بڕیاری 5ی حوزەیرانی دادگای 9ـی تاوانە قورسەکانی ئەنقەرەدا لە دۆسیەی تەقینەوەکانی رەیهانڵی هاتووە، ئۆراڵ دوای کوژرانی ئەندامانی سەرکردایەتیی باڵای رێکخراوەکە لە پێکدادانێکدا لەگەڵ پۆلیس لە مەڵەتیی باکووری کوردستان لە ساڵی 1976، سەرکردایەتیی گرووپەکەی گرتە دەست.
لە ساڵی 1979دا ئۆراڵ لەگەڵ ئەنگین ئەرکینەر لە زیندان هەڵات و دواتر چالاکییەکانی رێکخراوەکەی گواستەوە بۆ سووریا؛ بۆ چەندین دەیە لەوێ ژیا و چالاکییەکانی بەتایبەتی لە لازقیە و دەوروبەری، هاوشانی پەیوەندییە گومانلێکراوەکانی لەگەڵ هەواڵگریی سووریا، بوونە بابەتی لێکۆڵینەوە و دۆسیەی دادگایی لە تورکیا.
دادگای ئەنقەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکخراوەکە بە پشتیوانیی حکومەتی سووریا گرووپێکی چەکداری بە ناوی (موقاوەمەی سووری) دامەزراند، کە لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریادا شانبەشانی هێزەکانی بەشار ئەسەد بەشداریی شەڕیان کرد و لە چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا بەشداربوون.
کۆمەڵکوژییەکانی بانیاس لە ساڵی 2013 و داواکاری بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە
دەسەڵاتدارانی سووریا میهراچ ئۆراڵ وەک یەکێک لە بەرپرسانی کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی 2013 لە بانیاس دەستنیشان دەکەن، کە یەکێک بوو لە خوێناویترین کۆمەڵکوژییەکان لە ساڵانی شۆڕشی سووریادا. کۆمەڵکوژییەکە لە رۆژانی 2 و 3ـی ئایاری 2013 لەلایەن هێزەکانی دەسەڵاتی ئەسەد لە گوندی بەیزا و گەڕەکی رەئسل نەبعی بانیس سەر بە پارێزگای تەرتووس ئەنجامدرا و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی مەدەنی کوژران.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە ئەیلوولی 2013، هێزەکانی حکومەت و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیان لانیکەم 248 کەسیان لەو دوو شوێنەدا گولـلەباران کرد؛ هەروەها سەرچاوە خۆجێیەکان لە ئایاری 2013دا میهراچ ئۆراڵیان وەک یەکێک لە بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە ناساند و ئاماژەیان بەوە کرد 264 هاووڵاتیی مەدەنی بە ژن و منداڵەوە تێیدا کوژران.
سەرەڕای ئەوەی لێژنەی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی لێکۆڵینەوە لە سووریا سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بەرپرسیارێتیی هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانەکانیان بۆ کۆمەڵکوژییەکە سەلماند، بەڵام بەرپرسیارێتیی تاکەکەسیی ئۆراڵیان لە هێرشەکاندا یەکلایی نەکردەوە و ئۆراڵیش بەشداریی خۆی لە تاوانەکەدا رەتکردبووەوە.
تۆمەتەکانی پەیوەست بە تەقینەوەکانی رەیهانڵی لە تورکیا
ئۆراڵ یەکێکە لەو تۆمەتبارانەی کە لە تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە لەسەر پەیوەندی بە تەقینەوەکانی 11ی ئایاری 2013 لە شارۆچکەی رەیهانڵی سەر بە پارێزگای هاتای. لەو هێرشەدا دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تەقینەوە و بوونەهۆی کوژرانی 52 کەس، لەنێویاندا پێنج منداڵ و برینداربوونی 155 کەسی دیکە.
تۆمەتنامەکە باسی لەوە کردووە کە ئۆراڵ لە رێگەی چەند کەسێکی سەر بە هەواڵگریی سووریاوە رۆڵی لە پلانداڕشتن و رێکخستنی ئەو هێرشەدا گێڕاوە.
لە 5ـی حوزەیراندا دادگای 9ـی تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە سزای 53 جار زیندانی تاهەتایی قورسی بۆ هەریەک لە مەهمەت گەزەر، تەمیر دوکانجی و جەنگیز سەرتەل دەرکرد لەسەر رۆڵیان لە تەقینەوەکەدا، لەگەڵ سەپاندنی سزای زیندانیی زیاتر بە کۆی گشتیی سێ هەزار و 921 ساڵ.
بەهۆی ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئۆراڵ و تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی عومەر ئەلخەتیب جێبەجێ نەکرا، رێکارەکانی دادگاییکردنی ئەوان لە دۆسیە سەرەکییەکە جیاکرانەوە و دادگا بڕیاریدا دۆسیەکەیان بە جیا بەردەوام بێت و فەرمانی دەستگیرکردنەکانیان بە کارایی بمێننەوە.


