رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی گشتیی سووریا بە هاوئاهەنگی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەی ئەمنیدا پلانێکی داعشیان بۆ بەئامانجگرتنی هێزێکی پۆلیس لە گوندەواری دیمەشق پووچەڵکردەوە.
سۆلین حەمەدەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق دەڵێ، شانەیەکی سەر بە داعش خۆی ئامادە کردبوو تاوەکو لە رێگەی بۆمبێکی چێنراوەوە هێرش بکاتە سەر یەکەیەکی هێزەکانی پۆلیس لە گوندەواری دیمەشق، بەڵام جووڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئاشکرا کرا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو ئەندامی شانەکە بە ناوەکانی (م.خ.) و (ع.هـ.) دەستگیرکراون، هەروەها دەست بەسەر ئەو بۆمبە دەستکردەیشدا گیراوە کە بۆ تەقاندنەوە ئامادەکرابوو.
هەرچەندە چەقی سەرەکیی جموجووڵەکانی داعش لە ناوچە بیابانییەکانی سووریایە، بەڵام جاروبار شانە نووستووەکانی هەوڵ دەدەن دزە بکەنە نێو شارە گەورەکان و دەوروبەری پایتەخت، بەتایبەت ناوچە گوندنشینەکانی دیمەشق، بە مەبەستی لێدانی هێزە ئەمنییەکان و دروستکردنی پشێوی لە ناوەندە هەستیارەکاندا.


