رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە لە ئۆپەراسیۆنێکی
ئەمنیدا دژی بنکەیەکی شانەیەکی داعش لە ناوچەیەکی گوندەواری دیمەشق، ژمارەیەک لە
ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژران و بریندار بوون.
ئاژانسی هەواڵی سووریا (سانا) دەڵێت، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و پێنجی دیکە بریندارن. ئۆپەراسیۆنەکە لە شارۆچکەی رەنکوس بووە.
ئاسایشی ناوخۆی سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی گشتی کراوە.
میدیای سووریا ئاماژەی بەوە کردوە کە لە ئەنجامی پێکدادانە تووندەکانی نێوان هەردوولا، چەند چەکدارێکی داعش کوژران و بریندار بوون و ژمارەیەک لە ئەندامانیش دەستگیرکراون.
بەهۆی گرژیی و پێکدادانەکانەوە، لایەنە بەرپرسەکان لە شارۆچکەکە دەوامی قوتابخانەکان و فەرمانبەرانیان هەڵپەسارد و داوایان لە هاووڵاتییان کرد تاوەکو کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەچنە دەرەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژی هەینیی رابردووش، دەزگای هەواڵگریی گشتی بە هاوکاریی ئاسایشی ناوخۆ لە پرۆسەیەکی پێشوەختەدا، پلانێکی شانەیەکی پەڕگیری بۆ کردنەئامانجی پۆلیس لە پارێزگای گوندەواری دیمەشق پووچەڵ کردبووەوە و دوو کەسیان بە چەک و تەقەمەنییەوە دەستگیر کردبوون.
دامودەزگە ئەمنییەکانی سووریا لەم مانگانەی دواییدا چەندین ئۆپەراسیۆنی پێشوەختەیان دژی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەیان ئەنجامداون، کە بەهۆیانەوە چەندین سەرکردە و ئەندامی ئەو گرووپەکە دەستگیر کراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیدا گیراوە.



