رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە دۆخی سووریا و جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قسەی بۆ رووداو کرد و بە پێویستی زانی فەرمانە سەرۆکایەتییەکانی تایبەت بە کورد، لە پەرلەماندا بکرێنە یاسا.
رۆژی دووشەممە 02-11-2026 گوتەبێژێکی یەکێتیی ئەورووپا بە ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی رووداوی گوت، یەکێتیی ئەورووپا پێشوازیی خۆی بۆ ئەو رێککەوتنە دەربڕیوە تایبەتە بە تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دەزگا نیشتمانی و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی سووریا و بە هەنگاوێکی گرنگی بە ئاراستەی یەکڕیزیی نیشتمانی ناوبردووە.
بە گوتەی گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ رووداو، ئەم تێکەڵکردنە لەگەڵ نوێنەرایەتیی سیاسی و پاراستنی مافی کورد وەک هاووڵاتی، پاڵپشتیی پرۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی دەکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەکە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ گشتگیربوونی قۆناخی گواستنەوەی سووریا سەیر دەکرێ کە ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەبێتە نموونەیەک بۆ بنیاتنانی متمانە و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی سووری. سەرەڕای بەدەستهێنانی پێشکەوتنی گەورە، هێشتا پرۆسەکە بەردەوامە و هەندێک وردەکاری ماون کە دەبێت لایەنەکان روونیان بکەنەوە."
زمان، پەروەردە و خۆبەڕێوەبەری
سەبارەت بە پاراستنی مافی خوێندن بە زمانی دایک، گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا باسی لە گرنگیی گواستنەوەیەکی راستەقینەی گشتگیر کرد کە "تێیدا مافی هەموو سووریاییەکان بێ جیاوازیی نەژادی و ئایینی بپارێزێ و رەنگدانەوەی هەمەڕەنگیی وڵاتەکە بێت."
ئەو بەرپرسە دەڵێ، جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتی سەبارەت بە مافی خوێندن بە زمانی کوردی، بەفەرمی ناساندنی نەورۆز و پێدانی وڵاتینامە بە کورد "بە هەنگاوێکی گەورە و پێشوەچوون دادەنرێ. بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان، پێویستە ئەم فەرمانانە بکرێنە بەشێک لەو یاسا نوێیانەی پەرلەمان کاریان لەسەر دەکات، لەگەڵ دەرکردنی یاسای نوێ بۆ بەڕێوەبردنی خۆجێیی."
مەرجی گەڕانەوەی ئاوارەکان
سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانەی هاونیشتمانییانی ئاوارە بۆ زێدی خۆیان وەک هاونیشتمانییانی سەرێ کانی، گوتەبێژەکەی یەکێتییەکە گوتی، هەمان ئەو مەرجانە جێبەجێ دەبن کە بۆ سەرانسەری سووریا دانراون و "بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش مەرجی سەرەکییە، هاوکات دەبێت بەربەستەکانی بەردەم گەڕانەوە چارەسەر بکرێن، لەوانەش باشترکردنی دۆخی مرۆیی، چارەسەری قەیرانی سەختی ئابووری، کێشەی خانووبەرە، زەویوزار، دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و رەخساندنی هەلی کار، لەگەڵ لابردنی مەترسیی تەقەمەنییە نەتەقیوەکان."
گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەورووپا بە رووداوی گوت، ئەم پەیامانە لە سەردانی ئەم دواییەی کایا کالاس، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا (لە 29ی ئەیلوول) و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە بۆ سووریاش گەیەندراون و یەکێتیی ئەورووپا ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیکردن دەربڕیوە.
مافی هاووڵاتی و ژنان
لەبارەی ئەو پێوەرانەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ هەڵسەنگاندنی پێشکەوتنەکان لە بواری مافی پێکهاتەکان و نوێنەرایەتیی سیاسی بەکاریان دەهێنێت، ئاماژە بەوە کراوە کە یەکێتییەکە بەردەوام لە هەموو ئاستەکاندا ئەم بابەتانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی راگوزەری سووریادا باس دەکات.
ئەو گوتەبێژە بە رووداوی گوت، ئەورووپا هیوادارە نوێنەرایەتییەکی گشتگیر لە سەرجەم کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا هەبێت کە رەنگدانەوەی هەمەڕەنگیی کۆمەڵگەی سووریا بێت؛ هەروەها لە هەموو بەرنامەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەدا، پێوەرەکانی یەکسانی و رێزگرتن لە مافی ژنان رەچاو بکرێن.
لە وەڵامەکەدا باس لەوە کراوە، پێویستە دەستووری داهاتووی سووریاش مافی مرۆڤی هەموو هاووڵاتییەک بێ جیاوازی بپارێزێ.

