رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی هەواڵگریی گشتیی سووریا رایگەیاند، پیلانێکی تیرۆریستییان بۆ هێرشکردنە سەر پاڵاوگەی حمس لە ناوەڕاستی وڵاتەکە پووچەڵکردووەتەوە. هاوکات لە دێرەزوور دەستگیرکردنی دوو ئەندامی شانەیەکی چەکدارانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکانیان راگەیێندرا.
سەرچاوەیەک لە دەزگەی هەواڵگریی گشتیی سووریا رایگەیاند، پیلانێکی تیرۆریستی بۆ بەئامانجگرتنی پاڵاوگەی حمس پووچەڵکراوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو لایەنە ئاشکرا بکرێت کە لەپشت پیلانەکەوە بووە.
پاڵاوگەی حمس شانبەشانی پاڵاوگەی بانیاس، رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕی نێوخۆی سووریا دەگێڕێت.
لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، یەکەی دڵۆپاندنی هەوایی لە پاڵاوگەکە نۆژەنکرایەوە کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی دەگاتە یەک ملیۆن تۆن نەوتی خاو، ئەمەش بڕی گازوایل، نەوتی سپی و سووتەمەنیی لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا زیاد کردووە.
پاڵاوگەکە خاوەنی چوار یەکەی بەرهەمهێنانە کە بە دڵۆپاندنی هەوایی کار دەکەن، لەگەڵ پڕۆژەی باشترکردنی نەفتا بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتان بەرز. لە کاتێکدا بەشێک لە یەکەکان کار دەکەن، نۆژەنکردنەوە و ئامادەکاری لە دوو یەکەی دیکەدا بەردەوامە تاوەکو توانای کارپێکردنی پاڵاوگەکە بگاتە 60 بۆ 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
پاڵاوگەی نەوتی حمس لە ساڵی 1959 دامەزراوە و یەکێکە لە کۆنترین دامەزراوە نەوتییەکانی سووریا؛ بەهۆی کۆنی و دابەزینی تواناکەیەوە، کۆمپانیای نەوتی سووریا لە تشرینی دووەمی 2025 رایگەیاند کە کار لەسەر دروستکردنی پاڵاوگەیەکی نوێ دەکەن بە دووریی 51 کیلۆمەتر لە شاری حمس.
لە لایەکی دیکەوە، دەزگەی هەواڵگریی گشتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگەی دێرەزوور، دەستیان بەسەر شانەیەکی سەر بە چەکدارانی داعشدا گرت کە لە دوو کەس پێکهاتبوون.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو دوو دەستگیرکراوە دەستیان لە چەندین ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردندا هەبووە لە پارێزگاکە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەست بەسەر کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی ئەو شانەیەشدا گیراوە.
پێشتریش لە 16ـی مانگی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی سووریا پیلانێکی چەکدارانی داعشیان بۆ هێرشکردنە سەر پۆلیس لە گوندەواری دیمەشق پووچەڵکردەوە. هەروەها لە 10ـی هەمان مانگدا شانەیەکی دیکەی داعش لە ناوچەی حەولە لە گوندەواری حمس هەڵوەشێندرایەوە کە پلانیان دانابوو هێرش بکەنە سەر شوێنە ئایینییەکان و هێزەکانی ئاسایش. هاوکات لە 6ـی تشرینی یەکەمیشدا، چەکدارێکی دیاری داعش بە ناوی خالید رائید بیرونی ناسراو بە ئەبو حەسەن دۆشکە لە شارۆچکەی حوجەیرە لە گوندەواری دیمەشق دەستگیرکرا.


