رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانی سووریا توانیویانە لەسەر سنووری لوبنان دەست بەسەر بڕێکی زۆر حەبی کەپتاگۆن و چەکی ئێرانیدا بگرن کە بەرەو لوبنان بە قاچاخ دەبران.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "سەرەتای ئەم مانگە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا دەستی بەسەر بڕێکی یەکجار زۆر حەبی کەپتاگۆن و ماددەی دیکەی نایاساییدا گرت لەسەر سنووری سووریا لەگەڵ لوبنان." هەروەها گوتیشی: "هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی سووریا دەستیان بەسەر ئەو چەکانەدا گرت کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە قاچاخ بەرەو لوبنان دەنێردران."
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم هەوڵانە پشتیوانی لە سووریایەکی سەقامگیر، یەکگرتوو و ئاشتیخواز دەکەن و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەهێزتر دەکەن."
ئەم راگەیێندراوەی سێنتکۆم دوای زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی دەسەڵاتدارانی سووریا دێت لە تشرینی دووەمی 2026ـدا. بەپێی میدیای سووریا، رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2026 هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و هەواڵگریی گشتی لە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق دەستیان بەسەر بارێکی گەورەی چەکدا گرتووە کە بەرەو لوبنان دەبردرا.
هاوکات هەر لە رۆژی 22ـی تشرینی دووەمدا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سووریا بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و حەبی کەپتاگۆنی لەنێوبرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم دواییەدا دەستیان بەسەردا گیرابوو، رۆژێک پێشتریش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ عێراق دەستبەسەرداگرتنی 1.73 ملیۆن حەبی کەپتاگۆن راگەیێندرابوو.
سووریا لە دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتەکە هەڵمەتەکانی بۆ تووندکردنی سنوورەکان و بڕینی هێڵەکانی قاچاخچێتیی چەک بەرەو حیزبوڵڵای لوبنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان چڕتر کردووەتەوە، کە ئەمەش بووەتە خاڵێکی هاوبەشی هاوئاهەنگی لەگەڵ واشنتن و وڵاتانی ناوچەکە.



