رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی حکومەتی ئەمریکا زانیارییەکی مەترسیدار ئاشکرا دەکات و دەڵێ، دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی ناوچەکانیان لەدەستدا، گەورەترین "راکردن و دیارنەمانی" بەکۆمەڵی خێزان و چەکدارانی داعش روویدا.
راپۆرتی وەرزیی پشکنەری گشتیی ئەمریکا کە باس لە رووداوەکانی سێ مانگی سەرەتای یەکەمی ئەم ساڵی عێراق، سووریا و ناوچەکە دەکات، دەڵێ نزیکەی 20 هەزار کەس کە هەزارانیان کەسوکاری داعش بوون لە کەمپی هۆلی حەسەکە بێ لێکۆڵینەوە ئازادکراون. ئەمەش دوای ئەوە روویدا کە شەڕڤانان لە کانوونی دووەم بەهۆی هێرشی سوپای سووریاوە ناچار بوون پاسەوانیکردنی کەمپەکە جێبهێڵن و بچن بۆ بەرەکانی جەنگ.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، کاتێک شەڕڤانان کشانەوە، "بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە" دروستبوو. خەڵکی نێو کەمپەکە بە ویستی خۆیان دەهاتن و دەچوون، سوودیان لە ئاڵۆزییەکان وەرگرت و هەندێک شوێنی کەمپەکەیان سووتاند و تاڵانیان کرد.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە تۆڕە قاچاخچییەکان یارمەتی ئەو خێزانانەی داعشیان داوە تاوەکو لە کەمپەکە رابکەن و بەرەو ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا بڕۆن.
جگە لە خێزانەکان، لانیکەم 150 چەکداری مەترسیداری داعش لە زیندانەکان رایانکرد، ئەمە وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمەش وایکرد ئەمریکا بە پەلە 5 هەزار و 700 زیندانیی دیکەی داعش لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ زیندانەکانی عێراق، تاوەکو ئەوانیش رانەکەن.
ئەم راپۆرتە دەریدەخات کە هاوبەشیی 10 ساڵەی نێوان ئەمریکا و کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە کردەیی کۆتایی هاتووە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا دەترسن داعش سوود لەم ئاڵۆزییانە وەربگرێ و جارێکی دیکە هێزی خۆی لە سووریا و عێراق رێکبخاتەوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە نیگەرانی لەنێو پێنتاگۆن هەیە لەوەی حکومەتی سووریا رەنگە نەتوانێت ناوچەکانی پێشووی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کۆنترۆڵ بکات و ئاسایشی کەمپ و زیندانەکان بپارێزێت کە پێشتر هەسەدە بە چەکی قورسی ئەمریکاوە پاسەوانی دەکردن.
