رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی ئاماری تورکیا، پار گەورەترین بەشی خەرجیی ماڵان لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە جیاتی خۆراک، بۆ کرێ و گواستنەوە بووە.
داتاکانی دامەزراوەکە دەریانخستووە، لە ساڵی 2025ـدا، بەرزترین پشک لە خەرجیی بەکاربردنی ماڵاندا بە رێژەی 29.3٪ بۆ خەرجییەکانی نیشتەجێبوون و کرێ بووە.
پشکی خەرجییەکانی گواستنەوەش بە رێژەی 20.5٪ بووە. بەم شێوەیە، ئەم دوو بەشەی خەرجی نزیکەی نیوەی کۆی گشتیی خەرجییەکانی بەکاربردنیان پێکهێناوە.
بەتایبەتی بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی گواستنەوە جێگەی سەرنج بوو؛ پشکی گواستنەوە کە لە ساڵی 2002ـدا 8.7٪ بوو، تاوەکو ساڵی 2025 زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و گۆڕانی خووەکانی ژیان بوو.
پشکی خۆراک لە بودجەدا کەمبووەتەوە
داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، پشکی تەرخانکراو بۆ خۆراک و خواردنەوە ناکحولییەکان بە درێژایی ساڵان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.
خەرجیی خۆراک کە لە ساڵی 2002دا 26.7٪ـی بودجەی ماڵانی پێکدەهێنا، لە ساڵی 2025ـدا بۆ 17.3٪ دابەزیوە. لە بەرامبەردا، پشکی خەرجییەکانی هۆتێل، چێشتخانە و شیرینیخانەکان لە 4.4٪ـەوە بۆ 6.9٪ بەرزبووەتەوە.
شارەزایان، ئەم گۆڕانکارییە بە شارسازی، جیاوازیی شێوازی ژیان و گەشەسەندنی کەرتی خزمەتگوزارییەوە دەبەستنەوە.
پشکی خەرجییەکانی خوێندن و تەندروستی دابەزیوە
بەگوێرەی داتاکانی ساڵی 2025، کەمترین پشک لە بودجەی ماڵاندا بۆ خەرجییەکانی خوێندن، تەندروستی و رۆشنبیری-کات بەسەربردن بووە.
پشکی خەرجییەکانی خوێندن بە 1.8٪، خەرجییەکانی تەندروستی بە 2.2٪ و خەرجییەکانی رۆشنبیری و کات بەسەربردن بە 2.3٪ تۆمارکراوە.
پشکی خەرجیی جلوبەرگ و پێڵاویش لە کۆی بودجەدا بۆ 4.3٪ دابەزیوە و بەراورد بە ساڵانی رابردوو، رەوتی دابەزینی بەردەوام بووە.
جیاوازیی نێوان گرووپەکانی داهات
توێژینەوەکە، جیاوازیی شێوازی بەکاربردنیشی بەپێی ئاستی داهات خستووەتەڕوو.
ئەو ماڵانەی لە گرووپی کەمترین داهاتدان، 38.7٪ـی بودجەکەیان بۆ نیشتەجێبوون و کرێ و 29.2٪ـیشیان بۆ خۆراک و خواردنەوە بێ کحولییەکان تەرخانکردووە و بەشی زۆری خەرجییەکانیان بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان بووە.
لە گرووپی بەرزترین داهاتدا، خەرجییەکانی گواستنەوە و نیشتەجێبوون لە پێشەوە بوون، لە کاتێکدا پشکی خۆراک لە ئاستی 12.4٪ـدا مایەوە.
داتاکان دەریانخستووە، لەگەڵ زیادبوونی داهاتدا، قورسایی پێداویستییە سەرەکییەکان لە بودجەدا کەم دەبێتەوە و خەرجییەکان بەسەر بوارە جیاوازترەکاندا دابەش دەبن.



