رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، ئەو یاسایەی بۆ چەکدانانی پەکەکە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دەربچێت، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە. دەشڵێت: "لایەنی دەسەڵات تاوەکو ئێستا رەشنووسی یاساکەی ئامادە نەکردووە."
گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی چوارشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، دەرکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەکە دواکەوتووە و دەبوو تاوەکو ئێستا پێشکێشی پەرلەمان بکرایە.
کۆچیغیت ئاشکرای کرد کە ئەوان وەک دەم پارتی رەشنووسی یاسایەکیان بۆ "پرۆسەی گواستنەوە" ئامادە کردووە و گوتی: "ئەو چوارچێوە یاساییەی ئامادەمان کردووە، لە 8 بۆ 10 خاڵ پێکدێت و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەڵام لایەنی دەسەڵات تاوەکو ئێستا رەشنووسی خۆی ئامادە نەکردووە."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی داوای کرد دەستبەجێ هەڵسەنگاندن بۆ یاساکە بکرێت و رەوانەی کۆمیسیۆنی داد و دەستەی گشتیی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسندکردنی.
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا کە نزیکەی ساڵێک و نیوە دەستیپێکردووە، ئەم وێستگانەی بڕیوە:
- 1ی تشرینی یەکەمی 2024: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە داوای لە ئۆجەلان کرد پەکەکە چەک دابنێت و باسی لە "مافی هیوا" کرد.
- 27ی شوباتی 2025: عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالییەوە بانگەوازی بۆ پەکەکە کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنەکە و دانانی چەک.
- ئایاری 2025: پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی خۆیدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
- تەممووز - تشرینی دووەمی 2025: یەکەم گرووپی گەریلاکان چەکیان دانا و پەکەکە کشانەوەی لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەی زاپ راگەیاند.
- 5ی ئابی 2025: پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بۆ پرۆسەکە پێکهێنا.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە، هێشتا ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەکەدا ماوە؛ دەم پارتی و پەکەکە داوای هەنگاوی خێراتر و یاسایی دەکەن، لە بەرامبەریشدا حکومەتی تورکیا جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانی پەکەکە لە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە بە تەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە.



