رووداو دیجیتاڵ
ئەنقەرە، بەهۆی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ کە بڕیارە لە 7-8ی تەممووز بەڕێوەبچێت، رێوشوێنی ئەمنیی تووندی گرتووەتەبەر. ئاستی ئاسایش لە فڕۆکەخانە، سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەو هۆتێلانەی سەرکردەکان تێیدا دەمێننەوە، بۆ بەرزترین ئاست بەرزکراوەتەوە.
F-16ـەکان لە ئەرکدا دەبن
لە چوارچێوەی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆدا، رێوشوێنی بەرفراوانی ئەمنی و هاتووچۆ لە شارەکەدا جێبەجێ دەکرێت. جگە لە سیستمە ئەمنییەکانی سەر زەوی و ئاسمان، فڕۆکە جەنگییەکانی F-16ش بۆ ئەگەری هەر مەترسییەک لە ئامادەییدا دەبن.
ناوچەی سوور دروست دەکرێت
لە شوێنی بەڕێوەچوونی لووتکەکە و شوێنی مانەوەی سەرکردەکان، سیستمی "ناوچەی سوور" پەیڕەو دەکرێت. تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بچنە نێو ئەم ناوچانەوە کە کارتی ئەمنیی تایبەتیان پێیە.
پلانە ئەمنییەکان لەژێر هاوئاهەنگی میت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئاسایشی سەرۆکایەتیی کۆماردا ئامادە دەکرێن و بازنەی ئەمنیی بەرفراوان لە دەوروبەری ئەو هۆتێلانەی سەرکردەکانی تێدا دەمێننەوە، دروست دەکرێت.
گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە چاودێری دەکرێن
لەکاتی بەڕێوەچوونی لووتکەکەدا، رێوشوێنی ئەمنیی تووند لە ئاسمانی ئەنقەرەدا دەگیرێتە بەر. گەشتە ئاسمانییەکانی نێوخۆش ئەگەری هەیە گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و گەشتە نێودەوڵەتییەکانیش بە سیستەمی چاودێریی تایبەت چاودێری دەکرێن.
کامێرای ناسینەوەی رووخسار دادەنرێت
لە سەرانسەری ئەنقەرە، بەتایبەتی لەسەر رێڕەوی تێپەڕبوونی سەرکردەکان و خاڵە هەستیارەکان، کامێرای چاودێریی پێشکەوتوو کە تایبەتمەندیی ناسینەوەی رووخساریان هەیە، دادەنرێن.
نزیکەی 40 هەزار پۆلیس و جەندرمە و ئاسایش لە لووتکەکەدا ئەرک وەردەگرن و تیمە ئەمنییەکان بەشێوەی 24 کاژێری کار دەکەن.
خۆپێشاندان و گردبوونەوە قەدەخە کران
بەپێی بڕیارێکی پارێزگای ئەنقەرە، پێش و لەکاتی بەڕێوەچوونی لووتکەکەدا، تاوەکو 15ی تەممووز، هەموو جۆرە خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەک لە شارەکەدا قەدەخە کراوە.
هەروەها هەندێک لە رێگە سەرەکییەکان و ژێرزەوینەکان لە ئەنقەرە بەهۆکاری ئەمنی لە کاژێرە دیاریکراوەکاندا بە رووی هاتووچۆدا دادەخرێن.
مۆڵەتی فەرمانبەران سنووردار کرا
لە چوارچێوەی پلانی ئەمنیدا، مۆڵەتی ساڵانەی ئەو کارمەندانەی لە دامودەزگا گشتییەکاندا کار دەکەن، سنووردار کراوە و راگەیێندراوە کە لەکاتی پێویستدا دەتوانرێت بانگهێشتی ئەرک بکرێنەوە.
بەرپرسان داوا لە هاووڵاتیان دەکەن کە بەهۆی لووتکەکەوە، چاودێریی ئەو راگەیێندراوانە بکەن کە لەبارەی هاتووچۆوە بڵاودەکرێنەوە.



