رووداو دیجیتاڵ ململانێ نێوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێدەنێتە قۆناخێکی نوێوە. ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بڕیاری دا 9 پەرلەمانتار رەوانەی لیژنەی دیسیپلین بکات بە مەبەستی دەرکردنی یەکجارییان لە پارتەکە. ئێوارەی چوارشەممە، موسلیم ساری، گوتەبێژی باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو (کە بە بڕیاری دادگە وەک سەرۆکی یاسایی جەهەپە ناسێندراوەتەوە)، رایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەکۆی دەنگ بڕیاری داوە 9 پەرلەمانتاری سەر بە باڵی ئۆزگور ئۆزەل رەوانەی لیژنەی باڵای دیسیپلین بکرێن بۆ ئەوەی لە پارتەکە دووربخرێنەوە. ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی رووبەڕووی دەرکردن بوونەتەوە: 1. ئەنسار ئایتەکین 2. عەلی ماهیر باشاریر 3. گۆکهان گونایدن 4. نورهایات ئاڵتاجە کایشئۆغڵو 5. ئۆزگور کارابات 6. ئوموت ئاکدۆغان 7. وەلی ئاکبابا 8. توران تاشکن ئۆزەر 9. بورهانەدین بوڵوت یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ چی دەڵێت؟ باڵی کڵچدارئۆغڵو پشت بەو پەیڕەوە دەبەستن کە لە ساڵی 2018 پەسندکراوە. بەگوێرەی بڕگەی 1ی ماددەی 63ی ئەو پەیڕەوە، ئەنجوومەنی پارتەکە دەسەڵاتی هەیە ئەندامانی پەرلەمان و پلە باڵاکان رەوانەی لیژنەی دیسیپلین بکات ئەگەر "تاوانی حیزبی"یان کردبێت. بڕیارەکە هەر زوو کاردانەوەی تووندی باڵی ئۆزگور ئۆزەلی لێکەوتەوە. زەینەل ئێمرە، گوتەبێژی باڵی ئۆزەل، رایگەیاند: "ئەوان دەیانەوێت بە دوورخستنی پەرلەمانتاران، هاوکێشەی هێز بۆ لای خۆیان رابکێشن. ترسی کۆنگرە وای لێکردوون دەست بۆ هەموو ئەگەرەکان ببەن." عەلی ماهیر باشاریر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە کە ناوی لە لیستەکەدایە، گوتی: "پێکەنینم بەم بێ دیسیپلینانە دێت. ئەوانە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە ئێمە رەوانەی لیژنەی دیسیپلین بکەن." ئوموت ئاکدۆغان، پەرلەمانتاری ئەنقەرەش، بڕیارەکەی بە "نەزانی" ناوبرد و رایگەیاند کە پەرلەمانتاران پارێزبەندییان هەیە و رێکارەکان بەو شێوەیە نین. ناکۆکییەکانی جەهەپە پەرلەمانتارانیشی دابەشکردووە. لە کۆی 138 پەرلەمانتاری پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا 111 پەرلەمانتار لە باڵی ئۆزگور ئۆزەلن، 19 پەرلەمانتار چوونەتە باڵی کڵچدارئۆغڵو و 8 پەرلەمانتار بێلایەنی خۆیان پاراستووە. بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 11ی حوزەیران، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی باڵی کڵچدارئۆغڵو لە بارەگای گشتیی جەهەپە کۆببێتەوە، کە پێشبینی دەکرێت ئاڵۆزیی زیاتری لێبکەوێتەوە. رۆژی 21ی ئایاری 2026، دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل ببووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی شەرعییەتیان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کردووە.