رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ماوەیەدا 952 ئۆپەراسیۆنیان دژی گرووپەکانی تاوانی رێکخراو، قاچاخچێتی و ماددەی هۆشبەر کردووە.
موستەفا چفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئاشکرای کرد، لە نێوان 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 31ی ئایاری ئەمساڵ، توانیویانە گورزی کوشندە لە 382 گرووپی تاوانی رێکخراو بوەشێنن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بە گۆڕانی شێوازی کارکردنی گرووپە تاوانکارییەکان کرد و گوتی: "ئەم گرووپانە نەوەی نوێن؛ ناوی کاراکتەری کارتۆنی لە خۆیان دەنێن و سۆشیاڵ میدیا بۆ راکێشانی ئەندامی نوێ بەکاردەهێنن. پەیوەندییە رێکخراوەییەکانیان لاوازە و زیاتر پشت بە کەسانی بەکرێگیراو دەبەستن."
چفتچی جەختی لەوەش کردەوە کە ستراتیژییەتی نوێی ئەوان بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئەو گرووپانەیە و بەدواداچوونی ورد بۆ هەموو جوڵە بانکییەکانیان دەکرێت.
بەپێی گوتەکانی وەزیری ناوخۆ، ئۆپەراسیۆنەکان تەنیا رەهەندی ئەمنی نەبووە، بەڵکو کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری هەبووە. لەو چوارچێوەیەدا: رێگری لە بەفیڕۆچوونی 3 ملیار و 32 ملیۆن لیرە لە باجی دەوڵەت کراوە، 22 هەزار و 25 ئۆپەراسیۆن دژی ماددەی هۆشبەر کراون و 19 هەزار و 904 کەس بە تۆمەتی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
چفتچی ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا نزیکەی 300 هەزار کەس لە زیندانەکانی تورکیادان، کە سێیەکیان (نزیکەی 100 هەزار کەس) بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددەی هۆشبەرەوە حوکم دراون.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە قەبارەی دەستبەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان زیادی کردووە؛ لە پێنج مانگی ئەمساڵدا 20.2 تۆن ماددەی هۆشبەر و 69 ملیۆن حەب دەستیان بەسەردا گیراوە، لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی پاردا 17.3 تۆن ماددە و 63 ملیۆن حەب داگیرکرابوون.
حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2025دا ستراتیژییەتی "وشککردنی سەرچاوەکان"ی گرتووەتەبەر، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چالاکیی گرووپە تاوانکارییەکان لە جیهانی دیجیتاڵیدا گەشەی سەندبوو. تەنیا پار 836 ئۆپەراسیۆن دژی 337 گرووپی جیاواز کرابوون.



